یەکێتی زانایان وەک پاڵپشتی و بایەخدان بە هەڵمەتی هۆشیاری نیشتمانی تایبەت بە منداڵ سیمینارێک ساز دەکات

ئەمرۆ 12ی7ی2021 لەژێر چاودێری رێزدار د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی و بەهەماهەنگی لەگەڵ ستافی سەرپەرشتیاری بەشی منداڵانی نەخۆشخانەی پار سیمینارێکی تایبەت بە هەڵمەتی هۆشیاری نیشتمانی لەژێر دروشمی (منداڵەکانتان زوو بخەوێنن) لە هۆڵی بارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.


لە وتەیەکدا بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە گرنگی بابەتەکەو ناوەرۆکی سیمینارەکە کردو بەوردی روانگەو رێزو بایەخدانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی سەبارەت بە پەروەردەو سەرپەرشتی کردنی منداڵ بە شێوەیەکی تەندروست و بەهادار خستەڕوو، چەندین بەڵگەی ئایەت و فەرموودەی هێنایەوە کە چۆن و بە چ شێوازێک بایەخ بە چاولێبوونی منداڵ دراوە.


هەروەها باسی لە رۆڵی زانایان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو هاڵاتیان کرد، کە هەمیشە بەخەمخۆریەوە ئامانجیانە خزمەتی نەوەیەکی تەندروست و پەروەردەیەکی رەسەن لەبەر چاو بگیرێت، هەمووانیش بەپرسیارین بەرامبەر بە منداڵ و گەشەپێدانی لەرووی جەستەیی و دەروونی و پەروەدەیی، چونکە ئیسلام و پێغەمبەری پێشەوا دروودی خواب لێ بێت بایەخی تەویان بەو پرسە داوە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بە گرنگی هەڵمەتەکە کردو دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرپەرشتیاران کردو رایگەیاند: دەبێ هەمووان بە هەستی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی منداڵ بکەین و لەژێر چەتری رێنمایی ئیسلام و نەریتی رەسەنی کۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئاراستەیەکی باشیان بەرین.


دواتر بەرێز د. محمد حسن سەرۆکی بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی پارو سەرپەرشتیاری هەڵمەتی نیشتمانی (منداڵەکانتان زوو بخەوێنن) بابەتێکی تێرو تەسەلی پێشکەش کردو تێیدا بە وردی و بە شێوەیەکی زانستی و لە روانگەی تەندروستیەوە ئامانجی هەڵمەتەکەو زەرورەتی بابەتەکەی شیکردەوەو بە پێویستی زانی هەمووان لەروانگەی هەستی بەرپرسیارێتیەوە خەمێک لە منداڵان بخۆین و هەوڵی بەرنامەیەکی باشی تەندروستی و شێوازی پەروەردەییان بدەین، بەتایبەت لەروانگەی زوو خەوتنیانەوە.


هەروەها دکتۆر محمد باسی لە خاڵ بەخاڵی لایەنی ئەرێنی زووخەواندنی منداڵان کردو بە پێچەوانەشەوە زیان و لایەنە سەلبیەکانی درەنگ خەوتن و فشاری ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی خستە روو.


شایەنی باسە لە کۆتایی سیمینارەکە مامۆستایانی بەژدار بوو بە سەرنج و پرسیار دانیشتن و بابەتەکەیان دەوڵەمەند کردو خۆشبەختانە سیمینارەکەی بووە جێی بایەخ و رەزامەندی بەشداربووان.