وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 22ی9ی2021 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان پێشوازیان لەبەرێز ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کرد.


لە دانیشتنەکەدا بەرێز وەزیری هەرێم بە بۆنەی تێپەربوونی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی یەکێتی زانایان کردو تەئکیدی لە رۆڵی گرنگی ئەو رێکخراوە بۆ پرسە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیەکان کردەوەو ئاماژەی بەوەشدا کە زانایانی ئایینی رۆڵیان بەرچاوە لە چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئایینی و مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێرای بەخێرهێنان، سوپاسی خۆی ئاراستەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کردو جەختی لە پێویستی هەماهەنگی نێوان هەردوولاو گرنگی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێم کردو رۆڵی وەزارەتی ناوبراو و حکومەتی هەرێمی لەو بارەوە بە گرنگ وەسف کرد.