سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فتوا: زیادبوونی كورسییەكانی كورد دڵخۆشكەرە

ئەنجوومەنی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، بەهێزبوونی كورد لەو هەڵبژاردنەدا سەنگ و پێگەی كورد لە بەغدا بەهێزتر دەكات، كاریگەریی گرنگی دەبێ لەسەر پێگە و ئایندەی كورد و كوردستان و دەبێتە فشارێكیش لەسەر نەیارانی كورد.


ئەمڕۆ چوارشەم 13ی تشرینی یەكەم، پرۆفیسۆر دكتۆر حەسەن موفتی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بێگومان زیادبوونی كورسییەكانی كورد و كوردستانیان بە گشتی دڵخۆشكەرە، لە دانوستانەكاندا سەنگ و پێگەی كورد لە بەغدا پتەوتر و كاریگەرتر دەكات، داهاتووی دۆخی كورد روونتر دەبێت و فشارێكی باشیش دەبێت لەسەر نەیارانی كورد بە مەبەستی بە دەستهێنانی گشت مافەكان، لەوانەیش جێبەجێكردنی مادە دەستوورییە پشتگوێخراوەكانی عێراق، بەتایبەت مادەی 140ی تایبەت بە ناوچە دابڕێنراوەكانی باشووری كوردستان. 
زیاتر گوتی، ئەگەر ئەندامەكانی كورد تەبا و یەكڕیز و كارا بن، لێرەوە داواكارین كار بۆ كێشەی كورد و كوردستان بكەن، كراسی حزبایەتی تەسك لە خۆیان بكەنەوە و یەكدەست و یەكهەڵوێست بن لە پێناو گەیشتن بە گشت مافە دەستوورییەكان.


سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا، "داواكارین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، كورد و كوردستانیان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە یەك لیست داببەزن و باجی دەیان هەزار دەنگی فەوتاو نەدەین، هەروەها داواكارین لە پارتەكانی دەسەڵات، زیاتر خزمەتگوزاری میلەت بن، تا میلەتیش بە دڵخۆشی و خرۆشەوە زیاتر بچن بەرەو دەنگدان و بایكۆت نەكەن تا رێژەی بەشداربووان كەم نەبێت، چونكە ئەوەیش كاریگەریی نەرێنی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان."


رۆژی 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەی سیاسی و جەماوەری گۆڕا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 34 كورسی، توانی یەكەمییەكەی خۆی بەهێزتر بكات. لە عێراقیشدا رەوتی سەدر ژمارەی پێوانەیی شیعەی شكاند و سەرووی 70 كورسیی مسۆگەر كرد.


هەڵبژاردنەكە لە ڕووی تەكنیكییەوە دەسكەوتێكی گەورە بوو بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق و بە پاكترین هەڵبژاردنیش دادەنرێ، بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی چاودێری ئەوروپا، تێبینیی رژدیان لەسەری نەبوو.


سلێمانی/ هوشیار عەلی


 


ئەم دیمانەیە لە ماڵپەڕی وشە بڵاو بۆتەوە:


http://www.wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=124177&Jor=14