یەکێتی زانایان لە هەمبەر (توندو تیژی کۆمەڵایەتی و گرفتە خێزانیەکان) پانێڵێک ساز دەکات

ئەمرۆ 30ی11ی2021 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و مامۆستا سید موسا بەرپرسی لقی هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی سنووری پارێزگای هەولێرو دەوروبەری لە هۆڵی بارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پانێڵێک لەسەر پرسی توندوتیژی بەرێوە چوو.


پانێڵەکە بە ئامانجی بایەخدان بە هۆشیاری ئایینی و کۆمەڵایەتی و چارەسەرو گەنگەشەی پرسە هەنووکەییەکانی خێزان بەناونیشانی (توندو تیژی کۆمەڵایەتی و گرفتە خێزانیەکان) بۆ هەر یەک لە بەرێزان (پ.د.عیرفان رەشید ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان و مامۆستای زانکۆو، دادوەر عبدالباسط عبدالله فەرهادی سەرۆکی دادگای تاوان 1 هەولێر) رێکخرا بوو.


شایەنی باسە لە ئەنجامی پێشکەش کردنی بابەتەکەی بەرێز د.عیرفان رەشید بە شێوەیەکی زانستی و وردو هاوچەرخەوە بابەتی توندوتیژی و گرفتەکانی ناو خێزانی لەکۆمەڵگەی کوردی بۆ ئامادەبووان شیکردەوەو هۆکارو چارەسەکانی بە شێوەیەکی واقعی و تێرو تەسەل لەو بارەوە خستە ڕوو، چەندین دەقی شەریعەت و رێساو بنەما فیقهیەکانی سەبارەت بە گرنگی و پێگەی خێزان و دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان گەنگەشە کردو ئەوەشی باس کرد کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام توندوتیژی رەت دەکاتەوەو هانی ئاشتەوایی و تەبایی دەدات، هەر لەو سۆنگەوە چەند راسپاردەو پێشنیارێکی بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی بابەتی توندو تیژی بە شێوەیەکی گشتی ئاراستەی لایەنی پەیوەندار کرد.


دواتر بەرێز دادوەر عبدالباسط عبدالله فەرهادی سەرۆکی دادگای تاوان 1 هەولێر بابەتی خۆی لە پانێڵەکە پێشکەش کردو رەوشی گرفتە کۆمەڵایەتیەکانی لە چوارچێوەی یاسا و واقعی دادگاکانی هەرێم خستە ڕوو، وە چەندین هۆکاری تەشەی تاوان و توندو تیژی و زیادبوونی کێشەو ئاریشەکانی باس کردو ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی ئایین و مامۆستایانی ئایینی دا کە کاریگەری ئەرێنی هەبووەو هەیە لە کەمکردن و دامرکاندنەوەی زۆرێک لە گرفتەکان، هەروەها چەند نمونەیەکی واقعی ئاریشەکانی هێنایەوەو ئەوەی دەگوزەرێ لەناو دادگاکان سەبارەت توندوتیژی خێزانی بۆ ئامادەبووان باس کرد.


شایەنی باسە دواتر مامۆستایانی ئایینی بەشدار بوو بە پرسیارو پێشنیارو سەرنجی پەیوەستەوە، پانێڵەکەیان دەوڵەمەند کردو لەو چوارچێوەیەشەوە سوپاس و پێزانینی یەکێتی زانایان لەلایەن سەرۆک و جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشکەش بە پێشکەشکارانی بابەتی پانێڵەکە کرا.