ئەمرۆ 5ی12ی2022 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی پێشوازی بەشێک لە مامۆستاو قوتابیانی دواناوەندی ئیسلامی کەسنەزان کرد.
لە دانیشتنێکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنان و خۆشحاڵی دەربڕین بە دیدارەکە، باسی لە گرنگی زانست و زانستخوازان کرد بەتایبەت لەم قۆناغە، کە پێویستە فەقێ و قوتابیانی ئایینی باشتر خۆیان ماندوو بکەن و پەرە بەلایەنی خۆپێگەیاندن و فێربوون بدەن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی مامۆستایانی وانەبێژی قوتابخانە ئایینیەکان کرد، کە ئەرکی ئەوانیش زۆرە لەبەرامبەر ئەرک کێشانیان بۆ دروستکردنی نەوەیەکی پر زانست و خاوەن مەعریفە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە رۆڵی گرنگی زانایانی ئایینی و مامۆستایانی حوجرەو فێرخوازانی زانستە شەرعیەکان کرد، کە دەورێکی سەرەکیان بینیوە لە خزمەتکردن و بەرەو پێشبردنی نیشتمان و بڵاوکرنەوەی بیری میانڕەوی و پاراستنی کۆمەڵگە لە لادان و توندڕەوییەکان. |