بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان لەشاری هەولێر مەراسیمێکی بەخشینی بڕوانامەی زانستی بەرێوە دەچێت

ئەمرۆ 5ی1ی2023 بە ئامادەبوونی بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.زێندین مەولود بریکاری وەزارەت و کاک حاجی تەیب زرار بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاوو لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و مامۆستایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و قوتابی و فەقێی ئایینی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی، مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی کە لەلایەن بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی بەخشرایە بەرێز مامۆستا مەلا زیرەک گەردی و مەراسیمەکەش بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا مەلا دڵشاد گەڵاڵی پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی عومەری کوڕی خەتتاب لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.


بەو بۆنەوە بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای پیرۆزبایی لە مامۆستای بڕوانامە وەرگر، دەستخۆشی ئاراستەی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی وەک مامۆستای بڕوانامەدەر کدرو رۆل و خزمەتی مامۆستای لە خزمەت تەدریس و هەوڵە بەردەوامەکانی بەرز نرخاند.


هەروەها ئاماژەی بە گرنگی زانست و زانیاری کردو هیوای خواست مامۆستاو فەقێیانی مەدرەسەکان بایەخی زۆر بە خوێندن و عیلم و زانست بدەن، چونکە گرنگە ئەوەیە ئەهلی زانست بن نەک بڕوانامە، لەوەشدا نمونەی بە زانای پایەداری گەلەکەمان مامۆستا مەلا عبدالکریمی مودەریس هێنایەوە، کە هیچ بڕوانامەیەکی ئەکادیمی نەبوو بەڵام زاناو عەللامەیەکی دیاری سەر ئاستی عیراق و جیهانی ئیسلامی بوو. هەروەها رووی کردە حکومەت و هیوای خواست بایەخی پتر بە زانایان و قوتابیانی مەدرەسە ئیسلامیەکان بدرێت، چونکە لەم چەند ساڵەی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە زانایان وەفاتیان کردووە، ئەگەر شوێنیان پڕ نەکرێتەوە رەنگە فەرغێکی گەورە دروست ببێت.


شایەنی باسە بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وتارێکی پێشکەش کردو ھیوای خواست ھەمووان پێکەوە کاربکەین بۆ پاراستنی کەلتوری جوانی ئایینی و نیشتمانی باب و باپیرانمان و پارێزگاریکردن لە شارستنایەتی خورەوشتی بەرزو ڕەسەنی کوردەواری کەپڕیەتی لەبەھاکانی ڕێزو خۆشەویستی بۆیەکترو پێکەوەژیانی ئایینی بۆئەمەش ڕۆڵی کاریگەری مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی و شێخانی تەریقەتی بەرز نرخاند.


دواتر لە لایەن بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی بڕوانامەی زانستی بەخشرایە مامۆستا مەلا زیرەک گەردی و هەر بەم بۆنەشەوە چەندین پارچە سرودو پەخشان خوێندرایەوە.