سەرۆکی یەکێتی زانایان و شاندی یاوەری سەردانی سەرۆکایەتی دیوانی وەفقی سووننی عیراق دەکات

رۆژی 24ی1ی2023 شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەسەرۆکایەتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی دیوانی وەقفی سووننی لە شاری بەغدا کردو لەلایەن بەرێز د. مشعان ئەلخەزرەجی سەرۆکی دیوانی وەقفی سووننەو هەردوو بریکاری دیوانی وەقفی سووننی بەرێزان د. محمد ساڵح رشاد و د. عمار أحمد بەگەرمیەوە پێشوازی کران.


لەدانیشتنێکدا سەرەتا بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سوپاسی پێشوازی گەرمی بەرێزیان کردو ئاماژەی بە پێگەی دیوانی وەقفی سووننە کرد لە خزمەتکردن و بایەخدان بە بواری ئایینی کردو پەیوەندی نێوان هەردوولای بە گرنگ وەسف کرد، گواتیشی: وەک پەیڕەوی ئەهلی سوونە ئەرکی خزمەتکردنی ئیسلام و گەیاندنی پەیامی ئاشتی و میانڕەوی و یەکتر قبوڵکردن ئەرکی هەردوولایەو دەبێ لە چوارچێوەی برایەتی ئایینی رەچاوی بەرژەوەندی برایەتی نەتەوەیی و نیشتمانیش بکەین.


دواتر سەرۆکی دیوانی وەقفی سووننە بەرێز د. مەشعان ئەلخەزرەجی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندەکە دەربڕی و تەئکیدی لەسەر قسەکانی بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان کردەوەو ئاماژەی بەوەش کرد کە موبالەغە نیە ئەگەر بڵێم کوردستانم لە بەغدا خۆشتر دەوێت، وە وەک رەمزێکی ئەهلی سوونە سەیری رابەری نەتەوەیی کورد بەرێز سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەم، وە زانایانی ئایینی رۆڵێکی حەکیمانە دەگێڕن لە پرسە گشتی و نیشتمانیەکان و بە قەناعەتەوە دەڵێم کورد ستەم لێکراوەو مافی خۆیەتی بە ئامانج بگات، هەروەها ئەرکی هەموو لایەکمانە پێکەوەو لەسەر بنەمای خاڵی هاوبەش خزمەت بکەین و بەرژەوەندی گشتیمان لەبەر چاوو بێت.


شایەنی باسە لە دانیشتنەکە هەر یەک لە بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی و د.عمر مرۆ و د.عرفان رەشیدو د.محمد نصر الله و د.حسن خۆشناو و مەلا عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی بەشدار بوون.