شاندی باڵای یەکێتی زانایان سەردانی دیوانی وەقفی شیعە لە شاری بەغدا دەکات

رۆژی 25ی1ی2023 شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەسەرۆکایەتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی دیوانی وەقفی شیعی لەشاری بەغدا کردو لەلایەن بەرێز د.ئیحسان جعفر بریکاری سەرۆکی دیوانی وەفقی شیعی و دەستەی سەرۆکایەتی دیوان بەگەرمی پێشوازی کران.


لەدانیشتنێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان پوختەیەکی لە ئامانجی سەردانەوە رۆڵ و پەیامی زانایانی کورد خستەڕوو، دواتر باسی لە گرنگی پەیوەندی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە  کرد، هەروەها ئاماژە بەوەدا کە پەیوەندی کورد شیعە پەیوەندیەکی مێژووییەو لەخاڵێکدا یەک دەگرنەوە ئەویش هەردوولا ستەملێکراو بوونە بەدەستی رژێمی پێشوو، بۆیە دەکرێ لە ئێستادا لەپێناو گەیشتن بە ئامانج و رەچاوکردنی تایبەتمەندی ئایینی و مەزهەبی و قەومی رێز لە یەکتری بگرن، لەوەشدا پەیامی زانای کورد پەیامی خۆشەویستی و برایەتیەو پەیوەندی لە نێوان پێکهاتەکان بە گرنگ دەزانین.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز د. ئیحسان جعفر وەکیلی سەرۆکی دیوان خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکە دەربڕی و باسی لە گرنگی ئەو پەیامانە کرد کە یەکێتی زانایان کاری لەسەر دەکات، تەئکیدیشی کردەوە کە دیوانی وەقفی شیعە بەچاوی تەقدیرەوە لەم سەردانەی شاندی زانایانی هەرێم دەڕوانێت و ئامادەی هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامە.


شایەنی باسە هەر لەم دیدارە هەر یەک لە بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگی پەیوەست بە دانیشتنەکەو ئەرکی هەنووکەیی قسەو گفتوگۆیان کرد.