چەندین نووسراو و پەرتووكی بە نرخ لە كتێبخانەی زانایەكی ئایینیی سۆران پارێزراون

 


راپۆرتی محمد هەسنانی


مەلا سەعید مەلا وەیسی گرتكی، یەكێك بووە لە زانا ناسراوەكانی مامۆستایانی ئایینیی كوردستان بەگشتی و دەڤەری باڵەكایەتی بەتایبەتی، قوتابخانەیەكی ئایینی لەسەر دەستیان لە شاری سۆران كراوەتەوە و لەم رێگەیەوە چەندین كەس بڕونامەیان بەدەست هێناوە، وەك رێزێك بۆ ئەم زانایە، لە لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینیی كوردستان، كتێبخانەیەكی تایبەت بە ناوی كراوەتەوە، كە دەیان نووسراو و كتێبی بە نرخی تیادا پارێزراوە.


 پێشەوا سەعید وەیسی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندیی (ئیبنوئادەمی ئیسلامی) لە سەنتەری قەزای سۆران، كە لەسەر دەستی (مەلا سەعید مەلا وەیسی)ی باوكی كۆچكردوویان كراوەتەوە، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە، بۆمان دەردەكەوێت، كە هەر لە سەردەمی باپیرە گەورەمان (ئیبنوئادەمی باڵەك) تا نەوەكانی، بەردەوام بوونە لە برەودان بە بواری زانست و زانیاری، دیارە وەك رێزگرتنێكیش لە باوكی كۆچكردووم، لە لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینیی كوردستان، كتێبخانەیەكی تایبەت بە ناوی (مەلا سەعید مەلا وەیسی گرتكی) كراوەتەوە، كە دەیان نووسراو و كتێبی بەنرخی تیادا پارێزراون، ئەمەش هۆكارێكی گرنگە بۆ بەدەستكەوتنی سەرچاوە و كتێبی جۆراوجۆر.“


 مەلا سەعید مەلا وەیسی، لە ساڵی 1937 لە گوندی گرتك سەر بە قەزای چۆمان، لە بنەماڵەی زانای گەورە و ناوداری كوردستان مەلا محەمەد ناسراو بە (ئیبنوئادەم) لەدایك بووە، سەرەتای منداڵی لە گوندەكەی بەسەر بردووە و لە خزمەت باوكی دەستی بە خوێندن كردووە، تا ساڵی 1968 لای باوكی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، دواتر بنەماڵەكەیان ڕوویان لە ناحیەی گەڵاڵە كردووە و ماوەیەك لەوێ ماونەتەوە، ئینجا وەك خەڵكی ئەوسەردەم لە ساڵی 1975 تا 1979، كەوتووەتە بەر هێرشی دڕندانەی ڕاگواستن و لە ناوچەی (الشامیە)ی سەر بە پارێزگای نەجەف لە باشووری عێراق نیشتەجێ بوونە، لە كاتی مانەوەی لەم ناوچەیە، وەك پیشەی بنەماڵەكەی، خەریكی ئامۆژگاری و كاری مەلایەتی بووە، دوای كۆچی دوایی مەلا وەیسیی باوكی لە ساڵی 1979، دوای هەوڵدانێكی زۆر توانرا مامۆستا لە دێی (نهر الاسود)ی سەر بە قەزای خاڵس لە پارێزگای بەعقووبە بگوازرێتەوە بۆ ناحیەی دیانای قەزای سۆران، دوای نیشتەجێبوونی لەم شارۆچكەیە، ئەبێتە پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی دیانا.


 بەهۆی دڵفراوانی و میواندۆستی، هەموو كەسێك حەزی لە ئاشنایەتی و دۆستایەتی دەكرد، تەنانەت لە كاتی ناخۆش و رۆژگاری سەختی ئابووریشدا، ماڵەكەی شوێنی هەژاران و بێنەوایان بووە، وتاربێژێكی رەوان بووە و هەر كەسێ جارێك گوێبیستی ئامۆژگارییەكانی بووبایە، سوود و بەهرەی زۆری لێ وەردەگرت، لە بواری راڤەی قورئانی پیرۆز و شەریعەتی ئیسلام و فەرموودەكانی پێغەمبەری خوا، شارەزاییەكی كەموێنەی هەبووە، چەندین قوتابی و فەقێ لە سەردەمی جیاجیادا بۆ فێربوونی زانست و زانیاری روویان كردووەتە مزگەوتی گەورەی دیانا و لای مامۆستا مەلا سەعید مەلا وەیسی، بەمەش ئاواتی بوو بتوانێت قوتابخانەیەكی ئایینی بكاتەوە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، چەندین قوتابخانەی ئایینی لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان دامەزراند، بەمەش لە ساڵی 1992 یەكەمین جار قوتابخانەی ئایینی لەسەر دەستی ئەم زانا ئایینییە لە سۆران كرایەوە، دواتر ناونرا (دواناوەندیی ئیبنوئادەمی ئیسلامی)، ئەم قوتابخانەیە ڕۆڵێكی گرنگی لە پێگەیاندنی چەندین قوتابی و مامۆستای لێهاتوودا بینی و ئێستاش بەردەوامە.


 وێرای ئەمانەش، ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە رێكخستن و بەستنی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، هەر لە كۆنگرەی یەكەمیشدا بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن و بەرپرسی لێژنەی كاروباری قوتابییانی ئایینی دەرچووە و رۆڵێكی كارامە و لێهاتووی هەبوو لە بەرەوپێشبردنی ئەم رێكخراوە. دوای راپەڕین دووبارە رۆڵی دیاری هەبووە لە سەرلەنوێ رێكخستنەوەی یەكێتیی زانایان و بەستنی هەردوو كۆنگرەی دووەم و سێیەمی ئەو رێكخراوەیە، لە هەردوو كۆنگرەكەشدا بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن هەڵبژێردراوە، لە رێكەوتی 10ی4ی1994 بە هەوڵ و كۆششی ئەو توانرا لقێكی ئەو رێكخراوەیە لە شاری سۆران بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەكانی مامۆستایانی ئایینی بكات، هەر لەبەر لێهاتوویی، لە مانگی ئەیلوولی 1996 سەرۆكایەتیی ئەو رێكخراوەی پێ سپێردرا.


 مامۆستا مەلا سەعید مەلا وەیسی، دوای تەمەنێك لە خزمەت بە زانستەكەی، لە 13ی3ی1997، لەدوای بە ئەنجام گەیاندنی نوێژی بەیانی، دڵی لە لێدان كەوت و لە ڕێوڕسمێكی جەماوەریی شكۆدار، لە گۆڕستانی بەرگوان لە ناحیەی دیانا، لەتەك گۆڕی باوكی بەخاك سپێردرا، لە ڕۆژی یەكەمی پرسەكەی، سەرۆك مەسعود بارزانی، ئامادە بوو و لە وتەیەكیدا لەدەستدانی مامۆستای بە خەسارەتێكی گەورەی ناو برد.


تێبینی: ئەم راپۆرتە لە باس کورد وەرگیراوە


https://baskurd.basnews.com/b/3062?mibextid