لە مەلا (فەرمان خەرابەیی)ـەوە بۆ ڕاستی خوازان.

لە ژمارە (692)ی چوارشەممەی (29/12/2010) هاوڵاتی بابەتێكی لەسەرم وروژاندووە و تۆمەتێك دەداتە پاڵم كە گوایە من لە كتێبی (ڕاستییەكی وونبوو) هێرشم كردۆتە سەر كەسانێك و تۆمەتم بۆ هەڵبەستوون! هاوڵاتی لەسەر ئەو كتێبە لێدوانی لە چەند ئافرەتێك وەرگرتووە دەبا لێدوانی منیشی وەرگرتبایە تا بە ئاگاوە شتەكانی بڵاوكردبایەوە،..

بۆیە من لێرەدا دەڵێم: ئەو كتێبەی من توێژینەوەیەكی كۆمەڵایەتیە و بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی لە ژێر چەتری ڕێزگرتن لە سنووری یاسا، ئەو توێژینەوەم ئەنجام داوە، بەڵام بە داخەوە زۆربەی ئەوانەی بڕیار لەسەر كتێبەكە دەدەن كتێبەكەیان هەر نەبینیوە، من لەو كتێبە هێرش وتۆمەتم بۆ كەس نەكردووە، حوكمم لەسەر كەس نەداوە، كەسم بە مورتەد و كافر دانەناوە، ئەوانەش كە ئەو تۆمەتانەم بۆ هەڵدەبەستن، با بزانم لە كوێی كتێبەكە من ئەو شتانەم ووتووە با لە كتێبەكە دەریبهێنێ‌ وبڵاوی بكاتەوە و بڵێ‌ ئەوەتا لێرە وات ووت ووە، لەو كتێبە تەنها قسەكانم نەقل كردووە كە ناتوانن ئینكاری لە ووتەی خۆیان بكەن، من ئەو كارەی كردوومە بە ئەركێكی نیشتمانی و دینی دەزانم، بۆ پاراستنی بەها جوانەكانی كۆمەڵگای كوردی ئەنجامم داوە بۆیە بە باشی دەزانم و خەڵكیش بە باشی دەزانن، ئەو كەسەش بە هەڵەی دەزانێ‌ با بێ‌ جورئەت بكا لە هەر دەزگایەكی راگەیاندن دەیەوەێ‌ ئامادەم گفتوگۆی لەگەڵ بكەم.

كەوابوو من ئەو جۆرە تۆمەتانەی بۆم هەڵدەبەسترێ‌ بە ڕێگرتن لە ئازادی دەزانم كە خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن.. بۆیە داوا دەكەم لە هەموو كەسێكی ڕۆشنبیر و ڕاستی خواز پێش ئەوەی بڕیار بدەن با كتێبەكە بخوێننەوە گەر شتێكی نا یاسایی و بێ‌ سوودی تیابوو ئەو كاتە با بڕیاری خۆیان بدەن.

ئێمە دەبێ هێمنی وڵتی خۆمان لەبەر چاو بێ‌، چونكە كەسانێك هەن چاویان بەو هێمنیە هەڵنایەت كە لە كوردستان هەیە بە تایبەت لە هەولێر،

فەرمان عزیز نەجار خەرابەیی
پێش نوێژ و ووتارخوێنی مزگەوتی ماجیداوە
www.m-farman.com