یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا شێخ عابد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان دیدارێکی تایبەت بە رۆژی جیهانی رووبەڕوو بوونەوەی وتاری رقەبەری بەڕێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا زبێر شێخە لاسەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان: داوا لە حاجیان دەکەین قوربانیەکانیان لە کوردستان ئەنجام بدەن    *****    *****   مامۆستا مەلا عەلی حەمە ڕەسول گێڵدەرەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   دکتۆر عرفان رەشید سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای حەج: رۆژانە لە خزمەتی حاجیان داین و کارەکانمان بە رێکو پێکی بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان سیمینارێکی تایبەت بە ناونیشانی (نەفامی لە نێوان پیرۆزکردن و بە دامەزراوەیی کردندا) بەرێوە دەبات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری شاندێک لە شاری سلێمانی چەند دیدارو سەردانێک ئەنجام دەدات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەكێـتی زانایان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە پیرمام بەرێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا ئەحمەد خاروکی تەرمەکەی دۆزرایەوەو یەکێتی زانایان پرسەو هاوخەمی خۆی بۆ خانەوادەکەی رادەگەینێت   
پڕۆژه‌ یاسای مه‌ئزوونی شه‌رعی، چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كانی خێزان‌و نه‌هێشتنی گرفته‌كانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری
به‌رواری دابه‌زاندن: 20/07/2010 : 15:41:18
قه‌باره‌ی فۆنت
عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د
زۆرێك له‌ وڵاتانی ئیسلامی یاسای مه‌ئزونی شه‌رعیان هه‌یه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌ ڕێی ئه‌وانه‌ی دیاری ده‌كرێن بۆ ماره‌بڕین‌و ئه‌نجامدانی گرێبه‌ستی هاوسه‌ری، ئه‌وه‌ش زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست نه‌بن‌و، بتوانرێ‌ ڕێ‌ له‌و كه‌سانه‌ش بگیرێ‌ كه‌ بازرگانی به‌و كاره‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و دواتر كێشه‌ی لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئێستا یه‌كێتی زانایان پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ مه‌ئزونی شه‌رعی ئاماده‌ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتواندرێ‌ له‌ كوردستانیش ئه‌و یاسایه‌ به‌واقیع بكرێت‌و ئه‌و كێشانه‌ش كه‌م كاته‌وه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ندێ‌ حاڵه‌تی زه‌واج روو ده‌ده‌ن، بۆ قسه‌ كردن له‌سه‌ر پێویستی ئه‌و پرۆژه‌یه‌‌و پیاده‌ كردنی له‌ كوردستاندا به‌ پێویستمان زانی چه‌ند كه‌سێك بدوێنین‌و لێره‌دا بیخه‌ینه‌ ڕوو:

د.عیرفان ره‌شید زانای ئایینی‌و مامۆستای زانكۆ:

پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له‌ نیۆان دادگا‌و ئه‌وانه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دیاری ده‌كرێن پرسی خه‌ڵكیش له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ پێویسته‌

سه‌ره‌تا به‌ڕێز (د. عرفان رشید شریف) پێش نوێژو وتارخوێنی مزگه‌وتی (دار السلام)‌و مامۆستای كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامیه‌كان زانكۆ له‌ سلێمانی سه‌باره‌ت به‌و پرۆژه‌ یاسایه‌‌و پێشنیاری له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ گوتی:سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ی مه‌ئزونی شه‌رعی‌و دیاریكردنی ده‌سته‌یه‌ك له‌ زانایان له‌ هه‌ر شار و شارۆچكه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان، بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری و جیابوونه‌وه‌ی خێزانه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ شه‌رعیه‌كان پێویسته‌ چه‌ند مه‌رجێك ڕه‌چاو بكرێ‌، كه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكدا ڕِوونی ده‌كه‌ینه‌وه‌:

یه‌كه‌م: ئاشكرایه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان شوێنكه‌وته‌ی مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعین (رحمه الله) هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌سانێكی شاره‌زا له‌ مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی دابنرێن، كه‌ شاره‌زایی ته‌واویان هه‌بێت له‌ چۆنیه‌تی فتوادان له‌و بوارانه‌ی، كه‌ دێته‌ به‌رده‌میان چونكه‌ بێ مه‌زهه‌بی كارێكی كوشنده‌یه‌و كێشه‌كان زیاتر ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نا كه‌ مه‌زهه‌به‌كانی تر فه‌رامۆش بكرێن‌و سوودیان لێ وه‌رنه‌گیرێت.

دووه‌م: دانانی ئه‌و زانایانه‌ وابه‌سته‌ی بڕوانامه‌ی ئه‌كادیمی نه‌كرێن، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك مامۆستای به‌ توانا هه‌ن بڕوانامه‌ی ئه‌كادیمیان نیه‌، به‌ڵام له‌ زانسته‌ شه‌رعیه‌كاندا ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه‌‌وجێگه‌ی متمانه‌ی ئه‌هلی عیلمن.
سێیه‌م: لیژنه‌یه‌كی باڵا كڵێشه‌ی چۆنیه‌تی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ یان جیابوونه‌وانه‌یان بۆ چاپ بكات و له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ بینوسنه‌وه‌ و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.

چواره‌م: له‌سه‌ره‌تادا له‌ شارێك وه‌كو تاقیكردنه‌وه‌ ده‌ست پێبكرێت تا بزانرێت ئایا سه‌ركه‌وتووه‌ یان نا.

پێنجه‌م: ڕای خه‌ڵكیش وه‌ربگیرێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی كه‌ نوێژی جومعه‌یان تیادا ده‌كرێت تا بزانین خه‌ڵك پێیان باشه‌ یان نا.

شه‌شه‌م: هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له‌ نێوان دادگاو ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن واته‌ كاری دادگایان بۆ ته‌واو نه‌كرێت تاكو ده‌نێردرێن بۆ لای ئه‌و مامۆستایانه‌‌و به‌ نوسراو ئاگاداری دادگا بكه‌ن، كه‌ كاری هاوسه‌رگیریی، یان جیابوونه‌وه‌ی شه‌رعییان بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یه‌نراوه‌، ئه‌نجا دادگاش كاره‌كه‌یان بۆ ته‌واو بكات.

حه‌وته‌م: دانانی ئه‌و مامۆستایانه‌ پێویسته‌ ژماره‌یان به‌ پێی گه‌ڕه‌ك دیاری بكرێت بۆ نموونه‌ له‌و پارێزگایه‌ بۆ هه‌رگه‌ڕه‌كێك(3) مامۆستا دابنرێتت.

هه‌شته‌م: ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تییان هه‌بێت ئه‌گه‌ر دادگاش ڕێگا بدات له‌ ناوخودی دادگادا نوسینگه‌كانیان بۆ بكرێته‌وه‌، كارێكی زۆر زۆر شیاو گونجاوه‌.


ئه‌ڤین عومه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان:

ئه‌و رۆڵه‌ی مامۆستایانی ئایینی ده‌یگێڕن له‌م كاته‌دا ڕۆڵێكی زۆر گرنگ‌و هه‌ستیاره‌‌و ئه‌و پڕۆژه‌شیان به‌ هه‌نگاوێكی واقعی‌و چاره‌سه‌رێكی گونجاو داده‌نێم

دواتر به‌ڕێز ئه‌ڤین عومه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌یه‌ گوتی: پێشنیاز كردنی پرۆژه‌ یاسای (مه‌ئزونی شه‌رعی) به‌ واتای دانانی لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ژن ماره‌كردن له‌لایه‌ن یه‌كێتی زانایانه‌وه‌، به‌ هه‌نگاوێكی واقعییانه‌‌و زۆر باش داده‌نێم‌و، هه‌نگاوی یه‌كه‌می چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هاوسه‌رگیریشه‌ له‌ كوردستاندا، به‌ ڕای من پاش ئه‌وه‌ی له‌ یاساو دادگاكاندا چه‌ند مه‌رج‌و به‌ربه‌ستێك بۆ هه‌ندێ حاڵه‌ت‌و دیارده‌ دانراوه‌، هه‌وڵی ئه‌وه‌ دراوه‌و ده‌درێ‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا ژن ماره‌ بكرێ، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ چاره‌سه‌ری ده‌كات‌و به‌ربه‌ست له‌ پێش كێشه‌كان داده‌نێت‌و، له‌ رووی یاسایشه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ رێكخستنی هه‌ر دیارده‌یه‌ك و حه‌ڵه‌تێك به‌ چه‌ند بنه‌مایه‌ك ده‌كرێت، كه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌بێته‌ یاساو، مه‌به‌ست له‌ یاساش رێكخستنی ئه‌و دیاردانه‌یه‌ كه‌ كێشه‌یان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ رێكخستنی ئه‌و حاڵه‌ته‌ پێویسته‌ هه‌بێ‌، كه‌ یه‌كێتی زانایانی ئایینی كوردستان دایان ناوه‌‌و ئه‌ركیشه‌ رێگه‌یان پێبدرێ‌، ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌رییه‌كه‌ یه‌كێتی زانایان بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ دیاری كردووه‌‌و، ئه‌م كاره‌ خۆی له‌ خۆیدا شه‌رعیه‌ت پێدانی زیاتره‌ به‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ی كه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن‌و، ئێمه‌ش وه‌كو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پشتگیری له‌م جۆره‌ كاره‌ سوودبه‌خش‌و گرنگانه‌ ده‌كه‌ین.

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ گوتیشی: یه‌كێك له‌و كێشه‌ گه‌ورانه‌ی ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ پێیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ كێشه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌، كه‌ ده‌بێت به‌ هه‌موو لایه‌ك گرنگی‌و بایه‌خ به‌م كێشه‌یه‌ بده‌ین‌و، دیراسه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تی‌و جیددییان بۆ بكرێت، تاوه‌كو بتوانرێت چاره‌سه‌رێكی گونجاوی بۆ دانرێت، كه‌ له‌ گه‌ڵ دابونه‌ریت‌و پێشكه‌وتنی جیهان‌و ئایین بگونجێت‌و، هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگاش پێی رازی بێت.

سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی زانایانی ئایینی له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ ناوبراو گوتیشی: زانایانی ئایینی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پله‌و پایه‌و جێگایه‌كی به‌رزیان هه‌یه‌، ڕێز له‌ وتارو رێنمایی‌و رخنه‌‌و شیكردنه‌وه‌كانیان ده‌گیرێ‌، ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ مامۆستایانی ئایینی ده‌یگێڕن له‌م كاته‌دا ڕۆڵێكی زۆر گرنگ‌و هه‌ستیاره‌، چونكه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ت‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه‌ ده‌ق‌و فه‌رمووده‌یان له‌سه‌ر نیه‌، ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆدا گونجانێكی له‌ ئایین نزیك‌و دوور له‌ زێده‌ره‌وی‌و چاره‌سه‌ری په‌یدا بكه‌ن، ئێستاش كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌ قۆناغی ئینتقالی دایه‌‌و تاوه‌كو كۆمه‌ڵگا نه‌كه‌وێته‌ بارێكی جێگیر، كێشه‌ی جۆراوجۆرو تازه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، كه‌ پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ری گونجاو هه‌یه‌، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش چاره‌سه‌رێكی گونجاوو پێویسته‌ له‌ واقعی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیچمه‌دا، تا وه‌كو گه‌نج‌و لاو‌و زیاتر له‌ ئایینی ئیسلام نزیك بكرێنه‌وه‌، هۆكارێكیشه‌ بۆ گونجاندنی رێنماییه‌كانی ئیسلام له‌ گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ئه‌مرۆی جیهاندا.

حاكم عه‌بدولباسیت فه‌رهادی سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری:

هه‌بوونی پرۆژیه‌كی له‌و شێوه‌ كێشه‌ی دادگاكانیش كه‌م ده‌كاته‌وه‌‌و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش ناهێڵێت‌و هه‌ماهه‌نگیش پێویسته‌


پاشان به‌ڕێز عه‌بدولباسیت فه‌رهادی سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری‌و وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌باره‌ی هه‌بوونی پڕۆژه‌یه‌كی له‌و شێوه‌ گوتی: من وه‌ك دادوه‌رێك پێم باشه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌بێت، چونكه‌ ئیشكال بۆ دادگاكان نامینێت، چونكه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ پابه‌نده‌ به‌ ئایین‌و زۆر كه‌س هه‌یه‌ له‌ دادگا دڵی ئاو ناخواته‌وه‌‌و ده‌چێته‌ لای مه‌لایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ژنی لێ‌ ماره‌ بكات، هه‌رچه‌نده‌ له‌ دادگا به‌ هه‌مان سیغه‌‌و شێوه‌ی شه‌رعی ماره‌كردنه‌كان ئه‌نجام ده‌درێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرفت دروست ده‌كا له‌ ده‌ره‌وه‌ی داگا جاری وا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌كات مه‌لا نیه‌، به‌ڵكو بانگبیژه‌ یان چه‌ند شتێكی ساده‌ی خوێندووه‌، یانیش خۆی وه‌ك مه‌لا پیشاندواوه‌‌و ژنیشی ماره‌ بڕیوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌بوونی پرۆژه‌یه‌كی له‌و شێوه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌ دابنرێت‌و كه‌سانی شاره‌زا سه‌رپه‌رشتی ئه‌و بوارانه‌ بكه‌ن، له‌وه‌شدا ده‌كرێ‌ هاهه‌نگی له‌ نێوان ده‌سته‌ی مه‌ئزونی شه‌رعی‌و دادگاكانیش هه‌بێ‌ بۆ كار ئاسانی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری.

ناوبراو گوتیشی: پێم وایه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ زۆرێك له‌ گرفته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ر ده‌كات، چونكه‌ زۆرێك له‌ كچ‌و كوڕانی ئێمه‌ به‌ یه‌ك دیو سه‌یری ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ مه‌فڕوز وایه‌ ته‌واو شاره‌زایان هه‌بێ‌، بۆ ئه‌وه‌ش من به‌ر له‌ ئێستاش پێشنیارم كرد ده‌وارتی تایبه‌ت به‌ هۆشیاری ئه‌نجام دانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری بكرێته‌وه‌‌و، له‌ رووی ده‌رونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئایینیه‌وه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بۆیان شیبكرێته‌وه‌، چونكه‌ گه‌نج هه‌یه‌ دێ‌ له‌ دادگا ژن ماره‌ ده‌كا دوای مانگیك ده‌بینی كێشه‌یان بۆ دروست بووه‌، تا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ 25% پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئێستا به‌ ته‌ڵاق كۆتاییان پێ‌ دێت.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتیشی: ئه‌ركه‌ ده‌سته‌ی مه‌ئزونی شه‌رعی ڕۆڵی خۆی ببینێ‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نج‌و لاوانه‌ی به‌ نیازی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ن به‌ كردنه‌وه‌ی خول‌و وروژاندنی هه‌ندێ‌ بابه‌تی په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای پێویستی ده‌سته‌یه‌كی له‌و شێوه‌، ئه‌ركیشه‌ له‌ شارو شارۆچكه‌‌و گه‌ڕه‌كه‌كان كه‌سانی تایبه‌ت‌و پسپۆڕ دیاری بكرێن بۆ ئه‌نجام دانی گرێبه‌ستی هاوسه‌ری.