لەهەمبەر ئەو دیدارەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ زانایانی ئایینی لە ئێوارەی 28ی رەمەزان بەرامبەر بە 18ی4ی2023 لە سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام دراو، تێیدا کۆمەڵێک قسەو گفتوگۆی باش سەبارەت بە پرسە ئایینی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیەکان کرا، زانایانی ئایینی بەشدار بوو لەم دیدارە سەبارەت بە ناوەرۆک و کۆی دانیشتن و دیدارەکە چ سەرنج و بۆچوون و پێشنیارو لێکدانەوەیەکیان لە لا گەڵاڵە بووە، هەوڵ دەدەین لەم دیمانەیە بۆچوونی بەشێکیان وەربگرین:
ئا: مەلا عبدالله شێرکاوەیی
سەرەتا بەرێز د.عرفان رشید ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لەم بارەوە گوتی: کۆبونەوەی جەنابی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ زانایانی هەرێمی کوردستان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، نزیکبونەوەی بەرزترین هەرەمی دەسەڵات لەگەڵ ئەوتوێژە کاریگەرەی کۆمەڵگە ئەبێتە هۆی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە بەهۆکاری جیاجیا دروست بوون، زانایانی بەڕێز لەئەنجامی تێگەیشتنیان لەئازارەکانی خەڵک و تێکەڵ بوونیان لەگەڵ چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە لەتەواوی نەهامەتیەکان شارەزان، گرنگی ئەم چاوپێکەوتنە لەوەدابوو، کە وێڕای ئێوارە خوانێک بە بۆنەی مانگی پیرۆزی رەمەزان، گەیاندنی داواکاری خەڵک بوو بە سەرۆکی وڵات، بەڵام گەیاندنی پەیامی خەڵک لەلایەن زانایانەوە جیاوازە، چونکە گەیاندن شێوازی خۆی هەیە، جگە لە باسکردنی ئایین و پیرۆزیەکانی، گرنگی بڵاوکردنەوەی بەها بەرزەکان لەکۆمەڵگادا، ڕێگری کردن لەو تەوژمە نامۆیانەی کە ئەبێته هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە، لەو سەردانەی زانایان بۆ لای جەنابی سەرۆکی هەرێم هەموو ئەم پەیامانە گەیەندرایە سەرۆکی هەرێم و بەڕێزیشیان جگە لەخۆشحاڵ بوونی هاوڕا بوو لەگەڵ زانایان، ئومێدەکەین کاریگەری ئەوسەردانە ببێتە هۆی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی کۆمەڵگە و گەیاندنی ڕاستیەکان وەکو خۆی.
هەروەها بەرێز پ.د.حەسەن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا سەبارەت بە گرنگی دیدارەکە گوتی: (ئاماژەیەکی باشە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا بانگهێشتی زانایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بکات و لە خزمەتیاندا پێکەوە ئیفتاری بەربانگ بکەنەوەو پێکەوە بە جەماعەت نوێژی مەغریب ئەنجام بدەن پاشان بە گوێگرتنی ئامۆژگاری و گوتنەوەی سرودی پڕ بەهای (مولای صل) ی شێخ محمد ی بوسەیری و سرودی ناوازەی (رەبی بنێرە سەڵاوات)ی مامۆستای گەورە مەرحومی مامۆستا مەلا عبدالکریمی بیارە بەشێک لە شەوی بیست و هەشتی قەدر بیندورابگرن.. ئەمانە تێکڕایان ئاماژەی عاقیبەت خێرین و خاڵی ئومێدبەخشن، گەورەیشە بۆ سەرکردەکانی کورد کە دانەبڕێن لە ئاینی رەسەنی کوردەواری هەزارو چوارسەد ساڵەی خۆیان، عیززەتە بۆ دونیاو قیامەتی خۆیان.. لەکاتێکدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ئەو راستیەیشی راگەیاند کە ئەو شەوکەت و پێگەی کە ئەوان هەیانە دەگەڕێتەوە بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام و تەریقەی نەقشبەندی - وەک ئاماژەیەک - کە زیاتر لە دووسەد ساڵە لە دەڤەرەکەیان بەرکەماڵەو شانازیش بەو مەعنەوییاتەوە دەکەن).
د. بەشیر خەلیل حەداد مامۆستای زانکۆو پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی جەلیل خەیات و یەکێک لە بەشداربووانی ئێوارەخوانەکە گوتی: سەبارەت بەم دیدارەی لەنێوان سەرۆکی هەرێم و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی قەدر گران ئەنجام درا، ئەمە کارێکی پێویست و هەنگاوێکی باشە، بەتایبەت لە نێوان نوخبەی ئایینی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ سەرکردەی وڵات گرنگە پەیوەندیەکی تەواوکاری بێت، لە ئەنجامدانی راوێژی باش و ئامۆژگاری پێویست و چارەسەری گونجاو بۆ ئەو گرفت و کێشانەی لەناو کۆمەڵگە هەیە گەنگەشەی پرسەکان بکرێت، دەرەنجام هەندێ لەو کێشەو پرسیارانەی لای خەڵک هەیە بیگەیێننە لایەنی پەیوەندارو ئەوانیش لەرێی ئەم نوخبە کارایەی کۆمەڵگە وردتر ئاگاداری پرسەکان دەبن، بۆیە گرنگە لەوەش زیاتر سەرۆکی هەرێم دەستەیەکی هەبێت لە کەسایەتی ئایینی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی لەکاتی پێویست لەسەر پرسە گرنگ و گەرمەکان راوێژیان وەربگرێت، وە گوێ لە بۆچوون و چارەسەرەکانیان بگرێ بۆ ئەو ئاریشانەی دێنە پێشەوە، بەتایبەت لەم قۆناغە کە قەیرانی سیاسی تەنگی بە هەرێمەکەمان چنیوە، زۆر جار کە کێشەیەکی سیاسی دروست دەبێ راستەوخۆو بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر دۆخی کۆمەڵگەو ژیانی هاوڵاتیان دەبێت، بۆیە ئا لێرە رۆڵی مامۆستایانی ئایینی و ئەو نوخبەیە بەدیار دەکەوێ کە لە کۆبوونەوەیەکی وادا لەرێی راوێژو پێشنیارو پەیامی گرنگ و دیالۆکەوە چارەسەری گونجاو دیاری دەکەن و پاڵپشتی دەنوێنن، دانیشتنەکە سەرکەوتووانە بوو، وە دەبێ هەمووان ببینە هۆکاری رەحمەت بۆ کیان و کۆمەڵگەی خۆمان هەروەکو پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) هۆکاری رەحمەت بوو بۆ تێکڕای مرۆڤایەتی.
مامۆستا مەلا نجم الدین شەمساوەیی بەرپرسی لقی سلێمانی یەکێتی زانایان لە تێڕوانینی خۆی بەرامبەر دیدارەکە دەڵێت: وەها سەردانێك كاریگەری ئەرێنی خۆی هەیە زۆر دەمێكە بەرپرسان جۆرێك لەجۆرەكان وەك جاران لەمامۆستایانی ئاینی نزیك نەماون، بۆیە ئەو كۆبونەوەیە لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێم بەرز دەنرخێنم وە ڕێزی جەنابیان بۆ زانایانی ئایینی جێگەی پێزانینە، لەلایەكی تریشەوە گوێگرتنی بەڕێزیان بۆ مامۆستایانی ئایینی كە مامۆستا دكتۆر عبداللە لەجیاتی هەموان ئاریشەكان و گرفتەكانی نێوان لایەنەكان و سەرجەم بابەتەكانی لەمەڕ ژیان و گوزەرانی خەڵك و نیگەرانیەكانی لای بەڕێزیان باسكرد ئەو بابەتانە هەموو جێگەی ڕێزو پێزانینە بۆ جەنابیان دڵخۆشكەرن.
بەرێز د.ئەنەس محمد شەریف دۆسکی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان سەبارەت بە دیدارەکە گوتی: لە راستیدا لێکنزیکی کاربەدەست و مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان بەرهەمی باشیدەبێت، چونکە لەمێژە داوای زانایانی ئایینی ئەوە بووە کە یەکریزی هەبێت بۆ ئەوەی ئەم کیانە بەرەو پێشەوە بڕوات، خاڵی هەرە گرنگی ئەم دیدارە ئەوە بوو کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێدا کە ئەوان بەرێی شێخ و مەلایەتی و عیرفانی بووینە سەرۆک و رابەری ئەم میللەتە، بۆیە قەت پێچەوانەی بنەمای ئەم رێبازە لە یاد ناکەین و بەردەوام هەوڵ دەدەین خزمەت بکەین، هەروەها چەند جارێک لە کوردستان روو بەرووی کێشەی گەورە بووە، بنەماڵەی بارزان بوونەتە هۆکار بۆ قوتارکردنی کورد لە قەیرانەکان، کە خۆیشی گوتی: ئەوەئەرکی ئێمەیەو منەت نیە، وە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یەکڕیزی نێو ماڵی کوردو بگرە زۆر جار زیان بە بەرچەوەندی حزبی کەوتووە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، تەنانەت سەرۆکی هەرێم لەدوای نانخواردن پرۆتۆکۆلی شکاندو گوتی: من لەناو مامۆستایانی ئایینی دادەنیشم و شوێنی فەرمی خۆی جێهێشت مامۆستایەکی ئایینی لە شوێنی ئەو دانیشت، ئەمەش بەڵگەی تەوازوع و سادەیی بەرێزیان دەگەیەنێت و لەهەمان کات پیشاندانی رێزە بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی و خزمەت و هەوڵ و هەنگاوەکانیان.
د. مادح مەلا محمد بەرزێوەیی ئەندامی ئەنجومەنی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەم شێوەیە سەرنجی خۆی لەبارەی دیدارەکە خستە ڕوو: خوای مەزن فەرمانی پێکردینە کە کاروبارمان بە مەشورەت بیت:((وأمرهم شورى بينهم))، وە فەرمویەتی: ((وشاورهم في الأمر))٠ ئەوجا پرس و ڕا وەرگرتنی زانایانی دین کارێکی بە سودە بۆ قازانجی دین و ژین.
لەو سۆنگەیە دیداری جەنابی سەرۆکی هەرێم کارێکی زۆر چاک و ئیجابی بوو، چونکە هەستمان کرد کە بە دڵسۆزانە پێشوازی لە زانایان کرد، وە دیدارەکە ئومێد بەخش بوو بۆ داهاتووێکی باشتر بۆ گەڵی کورد،و ئایین و ژیانی.
بۆیە ئومێدەوارین کە ئەو جۆرە دیدارانە بەردەوام بونیان هەبێت لە نێوان بەرپرسان و زانایان چونکو زانای ئایینی هەمیشە ڕێگای ڕاست نیشانی خەڵک دەدەن وە هێچ کات لە مەشورەتی چاک درێغی ناکەن.
مامۆستا شێخ جیهاد خەیلانی لەبارەی دیدارەکەوە دەڵێت: ئەو دیدارەی بەرێز سەرۆکی هەرێم رێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی بۆ مامۆستایانی ئایینی رێکخستبوو، مانای وایە کە بەرێزیان مزگەوت و شەریعەت و مامۆستایانی ئایینی خۆش دەوێت و جێگەی بایەخی بەرێزیانن، هەروەک تەعبیرە لە خۆشەویستی بۆ مەولودو باس و یادی رسول الله درودی خوای لەسەر بێت، بەتایبەت رێزگرتن لەو دەستە مامۆستا بەرێزە ئایینیانەی تەمەنێکیان لەخزمەتکردن سەرف کردووە کارێکی بەجێ و گرنگە، راستە هەموو مامۆستا بەشدار نەبوون، بەڵام ئەوە خۆی لە خۆیدا رێزگرتن بوو لە سەرجەم مامۆستایانی ئایینی، هەروەک خۆشی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوان وەکو بنەماڵەی بارزان لەسەر رێبازی مزگەوت و میحراب گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە، بۆیە ئێمەوە وەکو مامۆستایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت دڵمان خۆش بوو بەم دیدارە، کە لەهەمان کات پاڵپشتیشە بۆ یەکێتی زانایان و تەواوی مامۆستایانی ئایینی، کە کاتی خۆی مەرحومی مەلا مستەفا بارزانی دایمەزراند بۆ ئەوەی حوکم بە شەریعەت بکرێ، بۆیە سوپاس و دەستخۆشیمان هەیە بۆ جەنابی سەرۆک و هیوای موفەقیەتی بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی کوردستان.
هەروەها بەرێز مامۆستا مەلا مەمدوح شێخ عبدالجبار حەمدی بەرپرسی لقی زاخۆی یەکێتی زانایان لەم بارەوە گوتی: ئەم سەردان و ئێوارە خوانە لە مانگی پیرۆزی رەمەزان بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێم بەرێز نێچیرڤان بارزانی رێکخرابوو، جێگەی پێزانین و مایەی دڵخۆشی زۆر بوو، حەتمەن ئەم لیقاو گفتوگۆیانەی لەم جۆرە دانیشتنانە دەکرێن لە بەرژەوەندی گشتی و کوردستانن، ئەمەش دواجار کاردانەوەی ئەرێنی بەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی دادێنێت و دەبێتە هۆی هەماهەنگی و هاوکاری پتری چین و توێژەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی خزمەت بەرامبەر کوردو کوردستان، جەنابیان قسەی زۆر باش و جددی کرد لەسەر وەزعی هەرێم و چۆنیەتی خزمەتکردنی زانایان و سەقامگیری کوردستان، بەدڵنیاییەوە مامۆستایانی ئایینی وەک کارو پیشەی خۆیان هەمیشە وەک دڵسۆزێک بۆ کوردو کوردستان خزمەت دەکەن و پەیامی برایەتی و دینداری بلاو دەکەنەوەو دەیانەوێ ئارامی ئەم کیان و کۆمەڵگەیە پارێزراو بێت، بۆیە ئەم ئێوارە خوارە هەنگاوێکی باش بوو بۆ مامۆستایانی ئایینی و رێزگرتن بوو لە ئەرک و ماندوو بوونیان لە ناو مانگی رەمەزانی پیرۆز.
هەر لەم بارەوە بەرێز مامۆستا مەلا حەمەئەمین کەلاری لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەڵێت: سوپاس و دەستخۆشیمان هەیە بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەم ساتە جەنجاڵەی هەرێمی کوردستاندا کۆکەرەوەی زانایانی ئاینی بوو هەر لە کەلارەوە تا زاخۆ، هەڵبەتە زانایانی ئاینی بەحوکمی پێگەو مەکانەتی کۆمەڵایەتیان هەمیشە و هەمووکات بەشێك بوون لەخەڵك و خۆشیان بەخاوەنی کیانەکەیان زانیوەو پردی پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات بوون، لەهەموو قۆناغەکاندا زانایانی ئاینی بەوپەڕی ئەمانەتەوە داواکاری و پێویستی خەڵکیان بە بەرپرسان گەیاندووە، هەروەکو هەمیشەش ڕێزلێگیراوی تەواو بوون لەلایەن بەرپرسانەوە، بەتایبەت سەرکردە باڵاکانی گەلەکەمان.
هەروەها بەرێز شێخ گەیلان تاڵەبانی سەبارەت بە دیدارەکە بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە خستە ڕوو: بەناوی مامۆستایانی ئایینی کەرکوک دەستخۆشی لە جەنابی سەرۆکی هەرێم بەرێز نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و ئێوارە خوانە، ئەمە شتێکی تازە نیە بەڵکو ئەمە رێبازی مەلا مستەفای بارزانیە کە هەمیشە وابووە رێزی لە ئایینی ئیسلام و زانایانی ئایینی گرتووە، لە دانیشتنەکە داوا لە بەرێزیان کرا تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەکان رابگرێت چونکە یەکریزی و ئاشتەوایی دەبێتە هۆی سەقامگیری کوردستان و خۆشگوزەرانی خەڵک.
سەرۆکی هەرێم لە وڵامدا ئاماژەی بەوە کرد ئەوەی دەیکەین ئەرکە نەک منەت، هەموو لایەنەکان دەیانەوێ خزمەتی کوردستان بکەن بەڵام هەر یەکەو بەپێی بیرو جیاوازی خۆی، زۆرجار ناکۆکی هەبووەو لایەنە سیاسیەکان ئەمەیان تێپەڕاندووە، دەبێ ناکۆکیەکان نەمێنن و بەرژەوەندی گشتی لەبەر چاوو بگیرێت، هەروەها تەقدیری پێگەو خزمەتی زانایانی ئایینی باس کرد چ لە ئێستاو چ لە رابردوو لە شۆڕشەکانداو تەئکیدی لەوە کرد کە پیاوانی ئایینی جێگەی رێزو بایەخی ئەوانن، چونکە لەرووی خزمەت و هەنگاوەکانیان بۆ هۆشیاری کۆمەڵگەو چاکسازی و هاندانی خەڵک بۆ رەوشتی جوان و خۆشەویستیان بۆ خاک و نیشتمان لەبەر چاووە.
د. دلشاد گەڵاڵی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان، هاوکات ئەو مامۆستایەیە کە قەسیدەی خوێندەوەو سەرۆکی هەرێم بەلایەوە خۆش و سەرنج راکێش بوو، وە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی قەسیدەکەی دەگێڕایەوە، دەڵێت: ئەوەی بینیم لە پێشوازی و سادەیی و رێزگرتنی سەرۆکی هەرێم لە مامۆستایانی ئایینی بووە جێگەی سەرنجی من، ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە کەبەڕێزیان دەوروبەری خۆی خۆش دەوێ و کەسێکی تابڵێی جەماوەری و تێکەڵەو زیاتریش دەیویست گوێ بگرێ نەک خۆی قسە بکات بۆیە بواری دا بە هەندێ لەمامۆستایان کە قسە بکەن. وە ئاگای لە هەرهەموان بوو لەبچوکترین هەڵسوکەوت بگرە تا گەورەترین هەڵسوکەوت بە واتایەکی تر هەر دەتگۆت تەنها لەگەڵ یەک کەس دانیشتوە یەک کەسی پێشت گوێ نەخست هەستت بەوە نەدەکرد کە گرنگی تەنها بە چەند کەسانێک دەدات لە ئامادەبوان بەڵکو لەگەڵ هەموان بەیەک ئاست گرنگی بە هەموو ئامادەبوان دەدا.
کاتێ سەرۆکی زانایان پێشنیاری ئەوەی کرد پارچە قەسیدەیەک بخوێننەوە، بەرێز سەرۆکی هەرێم یەکسەر گوتی زۆرم پێ خۆشەو فەرموو مامۆستا دەست پێ بکە، قەسیدەی مەولایە سەڵیم خوێندەوەو هەستم کرد زۆری بەلاوە خۆش بوو هەر خۆیشی لەگەڵ ئێمە دەیگێڕایەوەو بە ئیعجابەوە گوێی بۆ شل کردبوو، پاشانیش گوتی: بەراستی چێژ لەم جۆرە مەجلیس و کەشە عیرفانیە دەبینم، هەروەها جارێکی تریش داوای لێم کردەوە کە سرودێکی تریش بڵێمەوە.
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی بەرێوەبەری ئیرشادو توێژینەوەی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەهەمبەر دیدارەکە گوتی: کۆبوونەوەکە هەموو تەوەجوهاتەکانی لە مامۆستایانی ئایینی لەخۆ گرتبوو، کە دانیشتنی لەم شێوە گرنگە بۆ گفتوگۆو تەرحکردنی سەرنج و پێشنیار بۆ سەرۆکی هەرێ، کە بە شێوازێکی رێکو پێک و پڕ لە هەست و سۆز پێشوازی لە مامۆستایانی ئایینی کردو سوپاس و ستایشی زۆریشی کردن لەسەر دانیشتن و کۆی گفتوگۆیەکان، وە هەستیش دەکرا هەمووان لەسەرۆکایەتی هەرێم دڵخۆشبوون بە پێشوازی و خزمەتکردنی مامۆستایانی ئایینی، ئەم دانیشتنە هاوشێوەی دەستەیەکی راوێژکاری رۆڵی گرنگی هەبوو، بۆیە ئەگەر وەک پێشنیاز دەستەیەک لە مامۆستایانی ئایینی وەک دەستەی راوێژکاری ئایینی سەرۆکایەتی هەرێم دەستنیشان بکرێن بۆ پرسەکان گرنگ و پێویستە.