یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا عبدالرحمن قادر ڕوستایی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا فەتاحی شارستێنی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات    *****    *****   بۆ پیرۆزبایی کردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی (گوڵان) دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ و بەردەڕەش و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی شەقڵاوە دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 130 مامۆستای ئایینی و هاوکارانی  راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین   
مودریك عه‌لی عارف… هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید
به‌رواری دابه‌زاندن: 16/01/2013 : 18:32:10
قه‌باره‌ی فۆنت
پێگەی مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی لای وەزارەتی ئەوقاف و حکومەتی ھەرێم
ھەر کۆمەڵگەو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی، ئیدی سیاسی بێت یان ڕۆشنبیری و ئایینی و زانستی و ھتد..، پێکھاتووە لە چەند یەک و ئۆرگان و دەزگایەک، کە بە ھەموو ئەوانەوە دەتوانن کۆمەڵگە یان حکومەت و دەوڵەتێک پێکبھێنن، دیارە کە ئەو یەکەو ناوەندانەش ھەرکامەو ڕۆڵ و کاریگەری و پێگەیان لەلای تاکەکان دیاری کراوە، ئەوانە دەبنە پێکھێنەر و جومگە سەرەکییەکانی دروستبوونی ئەو کۆمەڵگەیە.
لە ناو کۆمەڵگە ڕۆژھەڵاتییەکان بەگشتی و وڵات و کۆمەڵگە موسڵمانەکانیشدا بەتایبەتی، مزگەوت ـ وەک پەرستگەی موسڵمانان ـ بەشێوەیەکی تایبەت و تەکیە و خانەقاو حوجرەو قوتابخانە ئایینییەکان بەشێوەیەکی گشتی، ڕێزو حورمەتێکی فراوان و پێگەیەکی باش و گرنگیان ھەیە، خەڵکی بە چاوی ڕێزەوە لەو شوێنانە دەڕوانن و بە یەکێک لە پیرۆزترین شوێنەکان لەقەڵەمیان دەدەن.

لە وڵاتی ئێمەو ھەرێمی کوردستانیشدا، کە وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانەو خەڵکێکی زۆری پەیوەست بە مزگەوت و درووشم و خواپەرستی و بەندایەتییەکانی تێدایە، لەناو خەڵکی و ھاووڵاتیاندا ڕێزو حورمەتێکی تایبەت لە مزگەوت و ئەو شوێنە ئایینییانە دەگیرێ، بەڵکو پاراستنی ڕێزیان بە بەندایەتی و ئەرکێکی شەرعی و ئەخلاقی دەزانن، بەزاندنی سنووری ڕێز لە ئاستیاندا، بە ھێڵی سور و شکاندنی ڕێسا کۆمەڵایەتی و ئایینی سیاسییەکان ھەژمار دەکرێ.

بەڵام ئەوەی جێی داخ و نیگەرانیە، لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە ـ وەک پێویست ـ ھەست بەم ڕێزگرتن و حساب بۆ کردنە پێویستە بۆ مزگەوت و شوێنە ئایینییەکانی ئایینی ئیسلام ناکرێ، تەنانەت ھەست ناکرێ و نابینرێ کە بە ئەندازەی بچوکترین‌و لاوازترین فەرمانگەی حکومی حساب بۆ مزگەوت و حوجرەو تەکیەو خانەقاکان بکرێت، یان بە ئەندازەی پەرستگەی غەیر موسڵمان و خاوەن ئایینەکانی دیکە، ڕێزیان لێ بگیرێ و حسابیان بۆ بکرێ و ئاوڕی ماددی و مەعنەوییان لێ بدرێتەوە، ئەڵبەت ڕێزگرتن لە خاوەن ئایینەکانی دیکەو حساب بۆکردنی ئەوانیش پێویستە و ئەرکی حکومەت و سەرجەم لایەن و تاکەکانی کۆمەڵگەیە، بەڵام حسابکردن و ڕێزگرتنی زیاتر لە ئایینی زۆرینە پێویستترو ئەرکێکی زیاترە لەسەر ھەمووان بەگشتی و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی.

ئیدی ئەگەر ئەم جۆرە بیرکردنەوە و حساب بۆ نەکردن و مامەڵەکردنە نەخوازراو و نەشیاوە، لە ڕووی نەزانی و دەرک پێنەکردنی حکومەت و دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بێت، یاخود لە ڕووی ئەنقەست و بێڕێزی کردن و پەراوێزخستنەوە، زۆر نەشیاوە و گەورەترین لەکە و نەنگییە بۆ حکومەت و دەسەڵاتدارانی ھەرێم و نیشانەی پرسیار لە سەر خۆیان دادەنێن.

نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوڕ نەدانەوە لە مزگەوت و حوجرەو تەکیەو خانەقاکان، ھەروەھا بە کەم سەیرکردنی ھەوڵ و خزمەت و ڕۆڵی مەلا و مامۆستایانی ئایینی، دابین نەکردنی مووچەو بژێوییەکی شکۆمەندانە بۆیان، ئەو ڕاستییە تاڵەمان پێدەڵێن، کە حکومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێزی پێویست و حساب و خوێندنەوەی تەواویان بۆ ڕۆڵ و کاریگەری و پێویستی ئەم شوێن و کەسانە نەکردووە.

بە مەبەستی دەستَکەوتنی وەڵامی پێویست و دەرکەوتنی حەقیقەت و ڕاستییەکان، جێی خۆیەتی لێرەدا چەند پرسیارێک ئاراستە بکەین: ئایا وەزارەتی ئەوقاف سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکمومەتی ھەرێمە یان نا؟ ئەی ئایا وەزارەتی ئەوقاف بەشێکی سەرەکی لە کارەکانی پەیوەست نییە بە باش بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و خەمخواردنی مزگەوتەکانەوە؟ ئایا نابێ وەزارەتی ئەوقاف و حکومەتی ھەرێمیش ـ وەک ھەر فەرمانگەیەکی دیکەی حکومی ـ مامەڵە لەگەڵ مزگەوتەکاندا بکەن؟ ئەدی ھیچ فەرمانگەیەک ھەیە نەسریە و مووچەیەکی تایبەتی مانگانەی نەبێ بۆ بەڕێوەبردنی کار و بارەکانی فەرمانگەکەی؟ ئەی بۆچی لە وەرگرتنەوەی باج و کرێ و داھاتی (ئەموالی مەوقوفە)ی مزگەوت و تەکییە و خانەقاکاندا، حکومەت و وەزارەتی ئەوقاف وەک فەرمانگەیەکی حکومی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی پارە و داھاتەکە؟ ئایا بۆچی پێشنوێژ و وتاربێژ و مامۆستایانی مزگەوتەکان، وەک ھەر فەرمانبەر و خاوەن پیشەیەکی دیکە، ھیچ جۆرە دەرماڵەیەکیان بۆ خەرج ناکرێ؟! لە کاتێکدا کە ھیچ جۆرە فەرمانبەرێکی دیکەمان نییە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەرماڵەی تایبەت بە خۆیان نەبێت.

ئایا ئەم مەسەلە و بابەتە ھەستیارە و ئەم کەمتەرخەمی و خەمساردییە ناڕەوایە، پێویست بەوە ناکات کە ھەموو لایەک لێی بەدەنگ بێن و گلەیی لە حکومەت و وەزارەتەکەشی بکەن، بۆچی ئەم مامەڵە دوو فلیقانەیی و ئەم ئیزدیواجییەتە؟
ئەی ئایا نابێ سەرجەم مامۆستایانی ئایینی بەگشتی و ڕێکخراوی (یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان) بەتایبەتی، لە مەسەلە و بابەتێکی ھەستیاری لەم چەشنەدا، دەنگ ھەڵبڕن و پەنا بۆ شێواز و ڕێکارە شەرعی و یاساییەکان ببات؟

کاتێک تەماشای داھاتی وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، ھیچ وەزارەتێکی ئەم حکومەتە ھێندەی وەزارەتی ئەوقاف دەوڵەمەند نییە و داھاتی نییە (بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیشەوە!!) ئەگەر باوەڕ ناکەن تەماشای داھاتی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بکەن، کە بۆ پەرلەمانی ڕاگەیاندبوو.

ئەرێ بەڕاست وەزارەتی ئەوقافی بەڕێز! ئەو ھەموو داھات و پارەی (ئەموالی مەوقوفە)یە بۆ کوێ دەچێ و چی لێدەکرێ؟ خۆ بە ناشوکری نەبێ ئەرکی مزگەوت کردنەوە و نۆژەنکردنەوەشیان (٩٥%) لە ئەستۆی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و کەسانی خێرۆمەند دایە، بێ نازی و کەم تفاقی حوجرە و فەقێ و قوتابخانە ئایینییەکانیش با بوەستێ... ئاوا دەبێ لە خەمی ئایینی زۆرینەی ھاووڵاتییەکانماندابین و بەم شێوەیە ڕێز لە گەل و ئایینەکەمان دەگرین؟ ئایا کەسێک نییە کە ئەم سکاڵا و داواکارییانە بگەیەنێتە ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم؟ پێیان بڵێ: جەنابی سەرۆکەکان! لایەک لەم دەزگا و ناوەندە کاریگەرەی کۆمەڵگەکەتان بکەنەوە کە مزگەوتەکانن، ئاوڕێک لە مامۆستا ئایینییەکان بدەنەوە و لەوە زیاتر پشتگوێیان مەخەن و مووچە و بژێوییەکی ڕێزدارانە و شکۆمەندانەی شایستە بە پیشە و ئەرکەکەیان بۆ دابین بکەن، خۆ ھەر کاتێک پێویستتان پێیان دەبێ، داوایان لێدەکەن کە وتار و ئامۆژگارییەکانیان تایبەت بکەن بە فڵان مەسەلە و بابەتەوە، ھانی خەڵکی بدەن بۆ فڵان بابەت و مەسەلە و ھێوریان بکەنەوە لە فڵانی دیکە... ئەدی بۆچی کەس لەبارەی ماف و داخوازییەکانیانەوە قسە ناکات؟ تەنھا داوای بەجێھێنانی ئەرکیان لێ دەکرێت؟

لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە وتاربێژ و مامۆستای مزگەوت و حوجرە و قوتابخانە ئایینییەکان و سەرپەرشتیاری تەکیە و خانەقاکان، خۆشیان بێنە گۆ و بە شێوازێکی یاسایی و مەدەنیانە داوای مافی ڕەوای خۆیان و شوێنەکانیان بکەن.
مزگەوت و حوجرە و تەکییە و خانەقا و قوتابخانە ئایینییەکان، بە درێژایی مێژووی گەلی کورد لەھەموو بەشەکانی کوردستاندا، یەکێک بوون لە گەورەترین سەروەری و شانازییەکانی گەل و نەتەوەکەمان، شوێنی پێگەیاندنی زاناکانمان بوون، مەڵبەندی ھەڵکەوتنی شاعیر و ئەدیب و نووسەرەکانمان بوون، پەناگەی سەرکردە و سیاسییەکان و شوێنی سەرھەڵدانی شۆڕشەکانمان بوون، شوێنی پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانمان و پەخشکردنی پەیامی ئەخلاق بەرزی و ڕەوشت جوانی و حیکمەت و دانایی بوون.

ئەرێ بەڕاست چی قەوماوە کەوا ئێستە مزگەوت و حوجرە و تەکیە و خانەقاکانمان و مەلا و مامۆستایانی ئایینی و وانەبێژی مەدرەسەکانمان، وا بەو شێوەیە بێ ناز کەوتوون و پەراوێز خراون؟ ئایا کار و ڕۆڵ و پەیامی ئەمان گۆڕاوە؟ یاخود حکومەت و دەسەڵاتدارەکان و تێروانینیان بۆ ئەم کەس و شوێنە گرنگ و بەڕێزانە گۆڕانی بەسەردا ھاتووە؟