یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا جەلال مەلا سالح هەڵەبجەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالرحمن قادر ڕوستایی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا فەتاحی شارستێنی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات    *****    *****   بۆ پیرۆزبایی کردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی (گوڵان) دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ و بەردەڕەش و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی شەقڵاوە دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 130 مامۆستای ئایینی و هاوکارانی  راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات   
موحسین جوامێر
به‌رواری دابه‌زاندن: 11/10/2011 : 10:35:38
قه‌باره‌ی فۆنت
خێرا بکەن حکوومەت زمانان دابەش دەکات.!
لە بەرنامەيەکدا بەناوی ( زريکەی زوین ـ زمان ) لە کەناڵی کۆمەڵەدا، بەزمانی لوڕی و فەيلی باسی زوانی کوردی دەکرا، پێشکەشکاری بەرنامەکە نەمزانی کێ بوو، نێونێوە ئاماژەی بە کونفراسەکەی مانگی پێشووی وەزارەتی ڕۆشنبیریی لەمەڕ زمانی زانستیی کوردی گرێ درابوو، دەکرد، پێ دەچوو زەوق و گوڕاحی یارۆ لە تۆقەڵەی خۆشیدا بوو. هاوکات هاوهەڵوێستم بەڕێز سوداد ڕەسوول، سەرنجێکی لەبارەی کۆنفرانسی تايينەوە بۆ ناردم، ڕستەيەکی تێدا نووسیبوو مگێزی نووسینی لا پەيدا کردم و وایکرد تەنانەت سەردێڕی ئەم وتارەشم لێیەوە هەڵێنجم، ئەويش کاتێ دەيگوت ( ئەوە حکوومەتی کوردييە زمانی کوردی ناوێ، ئەوە حکوومەتی کورديیە نەتەوەی کورد لەڕێی زمانەوە دابەش دەکات ).

کاتێ سەرۆکی هەرێم سەردانی دەڤەری سۆرانی کرد، لە دوا قسەکانیدا باسی لە زمانی يەکگرتووی کوردی کرد و گوتی ( زمانی يەکگرتوو بۆ من مەسەلەیەكی زۆر زۆر گرنگە، دەبێ ئێمە كارێكی جیددی بكەین بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی زمانی خوێندن و نووسین، هەموو میللەتێك زاراوەی جۆراوجۆری هەیە و ئێمەش وەكو هەر میللەتێكی دیكە، بەڵام خەڵكی دیكە و میللەتانی دیكە توانیویایە لەسەر زمانی خوێندن و نووسین ڕێك بكەون و زمانی خوێندن و نووسین دروست بكەن، ئێمەش پێویستیمان بەو زمانە هەیە، بۆیە ئەمە كارێكە مومكینە لە تەمەنی ئێمەماناندا نەبێت، بەڵام پێویستە كاری بۆ بكەین بۆ ئەوەی نەوەكانی ئاییندە كاتێك لە قوتابخانەكان قسە دەكەن یەك زمانی خوێندن و نووسینیان هەبێت، ئەوەی دیكە ئاساییە، زاراوە هەبێت كە زۆرجاری وا هەیە ناوچە بۆ ناوچە، گوند بۆ گوند، زاراوەكانیان جیاوازن، كە من خۆم زۆرجار قسەیان لەگەڵدا دەكەم، دەزانم خەڵكی چ ناوچە و چ گوندێكن، كەواتە جیاوازی لەزاراوەكاندا هەیە و دەشمێنێتەوە، بەڵام زمانی خوێندن و نووسین كارێكی زۆر گرنگە و زۆریش پێویستە، بەڵام ئەمە كارێكی جیددیی دەوێ وخەڵكێكی ئەكادیمی و شارەزا و پسپۆڕ ئامادەی بكەن. جارێكی دیكەش دەیڵێمەوە، نەوەكانی داهاتوو دەتوانن بەری ئەمە بخۆن و ڕەنگە ئێمەمانان پێی ڕانەگەین ).

سەرۆکی هەرێم بەر لە چوار ساڵ لە پەرلەمانی کوردستاندا هێمای بۆ کیشەی زمانی کوردی کرد، گوتی ئەمەيان خەمی منە، پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتی خوێندنی باڵادا هەمان بۆچوونی دووبارە کردەوە و گوتی ئەم مەسەلەيە دەبێ حەل بکرێ. ئەو قسەيەی سەرۆکی هەرێم کە دەڵێ گرفتی زمان کارێکی جیدديی دەوێ، لەگوێنە و نکووڵی لێ ناکرێ، بەڵام ئەوەی مايەی هێدمگرتنە ( شۆک ) کاتێ ئەم کارە حەواڵەبەگەواڵە دەکرێ و بۆ نەوەی داهاتوو هەڵدەپەسێردرێ، ئاخرەکەی بەتەمای نیسکێ لە ئیمان دەگەڕێن، لەکاتێکدا مەسەلەيەکی ئاوا چارەنووسساز، هەر لە هەنووکەوە هیممەت و پلانێکی مکوومی بەکاتبەستراوی گەرەکە، بێی خۆگنخاندن وزمانخنکاندن، واتە دەبێ لەماوەی ئەوەندە ساڵەدا، تەشبی نەبێ وەک کاری جوولەکان، لەڕێگەی قۆناغبەندييەوە، پوخت و تەواو بکرێ، دەنا شتێکی حەتمییە دەبێتە دەسڕێژ و شريخەی لەهجان و کورد بەرەو ئەقوام و میلەل دەڕۆن، هەروەک ئاکارەکانی وەدەرکەوتوون و خەریکە کوردستان ببێتە سينەمای لەهجان و هەر کەس دەدەوری زمانی خۆی بگەڕێ و بۆی بکفکفێ و هەڵبچێت.

کە سەرۆکی هەرێم دەڵێ بۆ هەموارکردنی هەڵەت و هەڵەمووتی زمانی يەکگرتوو، خەڵکێکی ئەکاديمی و شارەزا و پسپۆڕی دەوێ، بێگومان ئەو ئاماژەيەش ڕەوايە، وەلێ لە وڵاتێکدا کە بەڕاستی یەکێتیی میللەتی تێدا ڕەچاو بکرێ و بزانرێ کە جووتستانداردی واتە دوو میللەتی و سێستانداردیش واتە سێ میللەتی و هتد.. هەڵبەت ئەو کۆنفرانسەی زمانی کوردی کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سازی کرد، ئەگەر بێتوو بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، دەبێتە پرزەبڕترین پێلەقە و سرەوان لە ڕۆحی زمانی کوردی، ئەسڵەن ڕيسواکردنی کورد بوو وەک میللەت و کوردستان وەک نیشتمان و کوردی وەک زمان، بەس شايەنی ئەوەيە نەياران بۆی بکەونە هەلەکەسەما.. لەکاتێکدا دەکرا بکرايەتە دەستپێک بۆ پرۆسەيەکی فرە سەرکەوتوو، کە بۆ هەنووکەی کورد لە دامەزرانی دەوڵەت زۆر پێويستر و گرنگتر بوو.. بەفکری خۆم، لاريم لەوەدا نییە بەر لە گفتوگۆ و دانوستاندن لەو چوار ڕۆژەی کۆنفراسی هەولێردا، مەرامە بنەڕەتییەکان تۆمار کراون، وەک نیەتی پێش نوێژ کارەکان کراون، ئەم سەرنجەش لە خوێندنەوەی ڕاسپاردەکاندا سەر هەڵدەدا.

ئەوجا گریمان جارێ بۆ دەوڵەتی کوردی زوو و نەگونجاو بێ، لەبەر بارودۆخی عیراق و هەرێم، ئەوسا بانگەشە بۆ شێوەزاران و زوو ساغنەکردنەوەی گرفتی زمانی یەکگرتوو، چرای هيوای دەوڵەت ساڵبەساڵ کزتر دەکا و هەوڵدان بۆ دامەزرانی کانتۆنات لەسەر داروپەردووی لەهجان چڕتر و گونجاوتر دەکا، ئەسڵەن پاساوێکی ماقووڵ بۆ داوای دەوڵەت ناهێڵێت، چونکە دەوڵەتی کوردستان و يەکزمان وەک لازم و مەلزوومن بۆ يەکدی، بەڵکوو بۆ هەر قەوارەيەکی کوردی، بە فيدڕالییەوەش. ئەم قسەيەش پێوەندیی بە وڵاتێکەوە نییە کە چەند نەتەوەيەکی زمانجودا دەخۆ دەگرێت، دەکرێ کوردستان چەندين نەتەوەی تێدا بێ، بەڵام خودی کوردەکە دەبێ يەک زمانی هاوبەشی خوێندن و نووسینی تێدا فەرمانڕەوا بێ، لەو نێوەدا شێوەزارگەليش تا تەپڵی قیامەتێ هەر دەمێنن و لە چوارچێوەی خۆياندا دەگرمێنن .

لێرەدا دەکرێ دان بەوە دابنرێ کە دیاردەی ( کوردی موەقەت ) لە نێو خەڵکانێکدا کە پەيتاپەيتا لانکی ديالێکت ڕادەژەنن، بەرگی کوردايەتی لە خۆ دادەڕنن، هاتۆتە ئاراوە، واتە ئەگەر توانیان خۆ جودا بکەنەوە ئەوە کورد نین، ئەگەر نا ئەوە کوردن، جارێ. بێجگە لەوەی کۆمەڵێکی ئێرانپەرستی ختمبووی فکری توودە؛ خەریکن شێوەزاران لە زمانی يەکگرتوو پاس دەکەن، حەکايەتی ( هەر کەس و زمانی خۆی ) بۆ خەڵکی باس دەکەن.
کرانەوەی قوتابخانەی فەيلی و بەشێوەزاری لوڕی لە بەغدا، بە بەرچاوی حکوومەتی کوردستانەوە، شەقوپیلکردنی نەتەوەيە، بگرە دروستکردنی نەتەوەيەکی ديکەيە لە عێراقدا، لەکاتێکدا لە سەردەمی سەدام حوسێندا هەموو عێراق بە يەک ئەلفوبێ و یەک زمانی کوردییان دەخوێند، هاوێرکران لە ئارادا نەبوو.

کاتێ خودانی هەر شێوەزارێک خۆی لاتەریک دەکا، ئەوە هێدی هێدی وەک میللەت داکۆکی لەخۆی دەکا و کوردايەتیی لا چک دەکا، جارجار بیستوومە بەيەکدی گوتراوە ئەم وشەيە بەکار مەهێنە، چونکە هی شێوەزارەکەی ديکەيە، هەوڵ بدە وشەيەکی خۆماڵی بدۆزەرەوە. ئەو هەڵوێستە هەمان هەڵوێستە کە ئێمەمانان کاتی خۆی بەرانبەر زمانانی ديکە هەمانبوو و تێمان دەکۆشا تاکوو زمانی خۆمان لە موفرەدات و بەرد و زيوانی وان بژار بکەين. ئەوجا بۆ سەيرە بەيانی بەچاوی میللەتی ڕێک جودا، سەيری هاونەتەوەی خۆمان بکەين.؟! بۆ نموونە، ئێمە و کوردی تورکیا، ئەگەر زمانمان یەک نەبێ و بە تەرجومان لەيەکدی بگەين، یان بەتورکی، ئەو وەختە هەرلافوگەزافێکی يەکنەتەوەيی لێ بدەين؛ درۆیەکی بە دايک و باوکە و هیچی تر، بگرە تورکەکە لە هەردووکمان نزيکترە، وەک من و ئەو لە يەکدی. ئا ئەوسا خەباتی وان بۆ دەسکەوتنی ماف؛ بەمن چی؟ تەنیا ئەوەندە دەمینێتەوە دوعايان بۆ بکرێ و تەواو، چونکە مەرجی یەکمیللەتی کە زمانی هاوبەشە، نیمانە يان دانی پێدا ناهێنین. ئەوحەلە هەر باسێکی کوردستانا مەزن و هاوخەباتی، دەچێتە خانەی خۆفريواندن و کەودەنی و بانگەشەی پەتی و بێماناوە، تەنانەت هەرێمی کورديش دەبێتە فشەی بنەسڵاوە و وەک قەنناسەکانی قەزافی لە تۆقەڵەی نەفامیدا خۆی مەڵاس دەدا.

زۆر بەداخەوە، لەم ڕووەوە کوردی تورکیا، بە زانا و نەزانەوە، هەر لە قەنديلەوە بگرە هەتاکوو ئامەد، هیچ هۆشيارییەکیان نییە و سوویان لە داهاتووی کورد نابێتەوە، هەم تەفرەخۆر و هەمیش تەفرەدەرن، بگرە ئامادەن بۆ مەبەستی سياسیيان زمانی کورديت بۆ پەڕەم بە پەڕەم بکەن.. هەڵبەت لێرەدا باس و پیلەکە لەسەر ئەلفوبێی لاتینی ناکەم کە لايان وايە کاتی خۆی لە ئاسمانەوە بۆ جەلادەت بەدرخان هاتبووە خوارەوە، وەلێ تورکان لێیان دزی و برديانە مارەوە. هەر ئەم ڕەوشە شەپڕێوەی کوردانە، وای لە بەرپرسێکی تورکان کردبوو بە هاونەتەوە نەيارەکانی خۆی بڵێ خەمتان نەبێ، کورد هەرگیز نابن بە دەوڵەت؛ چونکە زمانێکی هاوبەشیان نییە.

تەنانەت سۆماڵییەکان بە يەک دايکەزمان دەخوێنن و دەنووسن، کەچی کوردانی زیخ و ڕەشيد بە شەش قلان ئەلفوبێیان بۆ نووسراوەتەوە، ئەوندەی من زانیبێتم بە شەش زاراوە، چوار لە عێراق ( سۆرانی، بادينی، فەيلی و هەورامی ) و دوويش لە تورکیا ( کرمانجی و دملی )، بیستوومە تەلاشێکیش بۆ ئەردەڵانیی سنە هەيە، بەوەڕا دەکاتە حەوت، واتە وەک حەوت ئاسمانی لێ دێ، لە کرماشانەوە بگرە هەتا ئامەدێ..بەس ئەوە ماوە جاڕچی بێ و مژدەی دابەشکردنی زمان بەسەر حەشامەتی عەشرەت و قەبائیلی کورداندا، بە خەڵک بدا، تا ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی زمانی کورديی هەولێر بەهەشتاويیەوە جێبەجێ بکرێن و کوردستان بکرێتە شامی شەريفی لەهجان، دوای ئەوەی ئاگردانی زمانی يەکگرتوويان لێ کوێر کردينەوە، کە سەدەيەک بوو هەموو بەدەوريدا ڕوونیشتبووين و کۆ دەبووينەوە.
mohsinjwamir@hotmail.com