ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه ڕێكه‌وتی 25/7/2011 له مزگه‌وتی گوندی داروسه‌لام مه‌ڕاسیمی رێزلێنان بۆ مه‌رحوم مامۆستا مه‌لا مسته‌فا داروسه‌لامی به‌ڕێوه چوو..
له ژێر چاودێری‌و به ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌رێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید گرتكی‌و به‌رپرس‌و كارگێڕ‌و ئه‌ندامانی لقی سۆرانی یه‌كێتی زانایان‌و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له زانایانی ده‌ڤه‌ری سۆران‌و رواندزو باڵه‌كایه‌تی‌و كه‌سایه‌تی‌و به‌رپرسانی حزبی‌و حكومی‌و جه‌ماوه‌رێكی زۆری ده‌ڤه‌ره‌كه، وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ مامۆستا مه‌لا مسته‌فا داروسه‌لامی مه‌راسیمێكی تایبه‌ت به‌رێوه‌چوو..
سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه به چه‌ند ئایه‌تێك ده‌ستی پێكردو دواتر په‌خشانێك به‌ناوی ( سۆزێك بۆ مامۆستا) له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لا دلشاد گه‌ڵاڵی خوێندرایه‌وه، پاشان پرسه‌نامه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رێز مه‌سعوود بارزانی له لایه‌ن به‌رێز مامۆستا وه‌یسی سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی سۆران خوێندرایه‌وه، كه ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی خوالێخوشبوو كرابوو.
دواتر ژیاننامه‌ی مامۆستا مه‌لا مسته‌فا له‌لایه‌ن به‌رێز مامۆستا مه‌لا فه‌رمان چۆمانی خوێندرایه‌وه.
پاشان به‌رێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد‌و تێیدا تیشكی خسته سه‌ر رۆڵی مامۆستای ره‌حمه‌تی له خزمه‌تكردنی له بواره‌كانی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئیسڵاحه‌وه، كه ده‌ورێكی باڵای بینیوه له چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان‌و پێگه‌یاندنی مامۆستای ئایینی‌و ته‌دریس كرد.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان گوتی: ئێمه زانایایه‌كی گه‌وره‌مان له‌ده‌ست دا‌و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ش له‌ناومان دروست بوو، چونكه مامۆستا وه‌ك باوكێك وابوو بۆ ده‌وروبه‌ری خۆی، مامۆستا توانی ته‌نها به زانست‌و ته‌قوا‌و ته‌دریس‌و كه‌سایه‌تی به‌رزی خۆی ئه‌و پێگه گه‌وره‌یه دروست بكات، كه وه‌ك خۆشه‌ویستێكی تێكڕای خه‌ڵك سه‌یر ده‌كرا.
له كۆتایی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان گوتی: ئێمه وه‌ك یه‌كێتی زانایان‌و وه‌ك زانایانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تیش پێمان باشه كاك مه‌لا خاكی كوڕی مامۆستای ڕه‌حمه‌تی له شوێنی ئه‌و دابنێینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باوكی بگرێته‌وه.
گوتیشی: ئێمه هاوكاری ته‌واو ده‌بین بۆ مامۆستا مه‌لا خاكی, كه بتوانێ جێگه‌ی باوكی بگرێته‌وه‌و ئه‌و كه‌لێنه پڕ بكاته‌وه..
له كۆتایشدا له لایه‌ن سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان جوببه‌و مێزه‌ری مه‌لایه‌تی به‌خشرایه مامۆستا مه‌لا خاكی‌و وه‌ك جێگره‌وه‌ی مامۆستای ڕه‌حمه‌تی ده‌ست نیشان كرا..
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه مامۆستا مه‌لا خاكی له وته‌یه‌كیدا وێڕای ده‌ست خۆشی‌و سوپاسی بۆ ته‌واوی لایه‌ن‌و دام‌و ده‌زگاو زانا‌و كه‌سایه‌تی‌و ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌شداری پرسه‌یان كردووه، سوپاسی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی كرد‌و به‌ڵێنی دا به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیه‌وه له شوێنی باوكی خزمه‌ت بكا‌و رێبازی ئه‌و بگرێته‌وه.
|