یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا عبدالرحمن قادر ڕوستایی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا فەتاحی شارستێنی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات    *****    *****   بۆ پیرۆزبایی کردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی (گوڵان) دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ و بەردەڕەش و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی شەقڵاوە دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 130 مامۆستای ئایینی و هاوکارانی  راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین   
هێمن عومه‌ر خۆشناو -شه‌قڵاوه‌
به‌رواری دابه‌زاندن: 03/11/2014 : 11:40:33
قه‌باره‌ی فۆنت
مامۆستا عەبدوڵڵای فەرهادی و کەسەرێک لە دڵی من

ناو بەناو چەند ساتێک بۆ رابردوو دەگەڕێمەوە، چەند وێستگەیەک لە رابردووی خۆم دەموەستێنێ، ناشزانم بۆچی لە رووی کاتەوە وێستگەی کورتن، بەڵام لە رووی یادەوەرییەوە زۆر درێژخایەنن. هەن زۆریان لە خزمەت بووم، زەمەنیان زۆر بردم، بەڵام لە یادەوەریدا ناموەستێنن، رامناجفرێنن، تەزووم بە لەشدا ناهێنن بە جۆرێک لە بنی پێمەوە بێت و لە تەوقی سەرمەوە بچێتەدەر!هێندێکیش پێچەوانەن! ئێستاش ئەم مەتەڵەم بۆ حەل نەبوو، بەڵام وای بۆ دەچم هەستێکی مەعنەوییه و شیکاركردنی پێویستی بە وزەیەکی رۆحیی گەورە هەیە.

ساڵی 1992 له هەولێر پێم خستە نێو مزگەوتێکەوە، کە دواتر ناوی مزگەوتەکەم زانی، ئەوەی ئێستاش لە خەیاڵم مابێ، دەرگایەکی گەورەی هەبوو، پێچەوانەی ئەو مزگەوتەی نزیک ماڵمان کە دەرگایەکی یەک دەری وەک دەرگا یەک دەرییەکەی ماڵی ئیمە بوو، حەوشێکی زۆر گەورەی نەبوو، بەڵام چەند درەختێک لە حەوشەکە بوون، تەواو نازانم داری پرتەقاڵ بوو یان سەوزایی موتک بوو، بە دەستی لای چەپەوە دەرگای ژوورێک هەبوو، من خۆم لەناو کۆمەڵە زانایەک بینییەوە، کە چووینە ژوورەوە هەر چوار لای ژوورەکە زانای ئایینی بوون، لە ژوورەکەدا ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام و لەبیرم ناچێتەوە، لە سەرینگانی ژوورەکە (کە دواتر زانیم حوجرەیە) دەستە کتێبێک کە خۆی لە 20-30 کتێب دەدا لە شێوەی ریزکردنی کتێبی رەفەی کتێبخانە لەسەر زەوی ریزکرابوون،(کە ئەمە بۆ من یەکەم جار بوو، کتێبخانە هەبێ و کتێب لەسەر عەرز بن، دواتر زانیم ئەو کتێبانەن بۆ پرسە هەنوکەییەکانن و کتێبی بەردەستن) لەم دیوی ریزە کتێبەکەوە مەلایەکی ریش سپی باڵامامناوەندی نزیک لە بەژن کورتێک دانیشتبوو، کە من یەکەم جاربوو ئەم شێوازە ببینم و چوار دەوریش هەمووی مەلا بوون. بیرمە من لەلای خوارەوە دانیشتبووم، بەلام تەواو لەبیرم نییە دەستی مامۆستام ماچ کرد یان نا؟ چونکە مەلایەکان هێندە زۆر بوون بۆ منداڵێکی شەرمنی وەک من، سەخت بوو تەوقە لەگەڵ هەمووان بکەم، یان بە تەنێ نزیک ببمەوە لە مامۆستا!

گفتوگۆو گەنگەشەکان بەردەوام بوون، ناوەڕۆکی دانیشتنەکەم بیرنەماوە، بەڵام ئەوەم هەر لەبیرە کە لە دانیشتنە زیاتر لە دوو سعاتییەکە وەرەس بووم و هاتمە حەوشەکە، لە گەڵای سەوزی درەختی حەوشەکە بترازێ هیچ شتێکی ناو حەوشەکەم نایەتەوە بیر، رەنگە گرفتەکەش لەوە بێت ئەوە بۆ 22 ساڵ دەچێت، هێشتا ڕێم نەکەوتۆتەوه ئەم مزگەوتە، ئەگەر چەند ساڵێک دواتر بچومایه، دڵنیابووم زۆربەی یادەوەرییەکانم دەهاتەوە بیر،بەڵام دڵنیام دوای ئەم ماوە زۆرە، ئێستا مزگەوتەکە گۆڕاوە.

رۆیشتنەکەشم لەبیرماوە، بە پێ لەوێوە هەتا بن قەڵات هاتین، ئەوەی لە مامۆستایەکان وەبیرم بێنۆ، تەنیا مامۆستا عەبدوڵڵای هەرتەلی بوو لە مزگەوتی گەرەکی تەعجیل لایدا، کە دوای پێنج ساڵ لەو مێژووە زانیم کە ناوبراو مەلای مزگەوتی تەعجیلە!

ئەم یادەوەرییانە بۆ منداڵێکی وەک منی دانیشتووی شەقڵاوە، هەمیشە لە مێشکم دەهات و دەچوو، کەم رێ کەوتنە هەولێرو بەبیرنەهاتنەوەی شوێنی مزگەوتەکەش گرفتێکی دیکە بوو! ناو بەناو ناوم دەبیست، بەتایبەتی ئەوەی زۆرتر سەرنجی بۆ لای خۆی راکَێشام، لە شوێنێک خوێندمەوه کە مامۆستا بۆتە ئەندامی گفتوگۆی تێزی دکتۆرایەک لەسەر مەحوی، ئەو خەبەرەش هێندەی تر شەیدای کردم. تا ساڵی 1999دوای کردنەوەی مزگەوتی گوندێکی سەر بە قەزای شەقڵاوە، وێنەیەکی جەماعیم کەوتە دەست، بۆ دووەم جار ئەم زانا ریش سپی و نوورانییە لە ناوەراستی دە دوانزە زانادا راوەستابوو، ئەوم لەکن غەریب نەبوو، دوای پرسیارکردن: مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا فەرهادیم هاتەوە بەرگوێ، ئەوجا وەک ئەوەی هەنگوینم لە دارێ دیتبێتەوە، یادەوەریم دەستی بە جوڵە جوڵ کردو هەموو شریتەکەم لە مێشکم لێدایەوە.

رۆژ هات و رۆژ چوون، لە بەشی کوردی کۆلیژی ئاداب وەرگیرام، پێشتر لە پێنجی ئامادەیی حەزی شیعری کلاسیک لە کەللەی دابووم و چەند وتاریکم لە شێوەی نیمچە لێکۆڵینەوە لەسەر هەندێ رەمزو وشەی دیاری ناو شیعری کلاسیکی کوردی بڵاوکردبۆوەو کە بژارکردن بوو لە گەڕان لە نزیکەی سی و پێنج دیوانی شاعیرانمان، کە هاتمە زانکۆ و چاوم بە کتێبخانە کەوت و ئەم هەموو دیوانەی شیعری کلاسیکیم کەوتە بەرچاو، ئەوجا تێگەیشتم ئەوەی من کردبووم، شتێکی زۆر سادە بووەو زۆر دیوان هەبووە هەر ناویشم نەبیستووە، بۆیە بەدوای دیوانان دەگەڕام، هەندێک دیوانم لە بن دیواری قەڵاتێ کڕین، کە کەم رۆژ هەبوو پێیدا تێپەڕم و چاوێکی تێ نەگێڕم!

رۆژێک لە پڕ چاوم بە چاپێکی بێ بەرگی شێوەی نامیلکەیەک کەوت بە ناوی (مێرغوزاری حوزنی فەرهادی) و هەروەها کتێبی (کەلەپوور بەشکردن)، دیسان شریتی یادەوەریم لێدرایەوەو لەبەر خۆشویستی کلاسیک و یادەوەری مامۆستا، بێ سێ و دوو کڕیمن و شەوێ مێرغوزارەکەم خوێندەوەو بۆ راپۆرتی یەکێک لە دەرسەکانیشم کردە کەرەستە. هەر لەو هەفتەیە بوو، ناوی مامۆستایەکی بەشی خۆمانم کەوتە بەرچاو ئەویش مامۆستای بەڕێز (د.ساجیدە عەبدوڵڵا فەرهادی) بوو، دیسان بە پرسیار زانیم ئەم عەبدوڵڵا فەرهادییە مامۆستای گۆرینە، دوای ئەوەی د.ساجیدە ساڵێک دەرسی پێ وتین، بە دەرفەتم زانی دوای ئەو ساڵە ئەو وێنەیە جەماعیەی مامۆستا عەبدوڵڵا کە لە خۆشناوەتی گرتبووی، لەگەڵ نووسینی ناوی ئەو کەسانەی لەگەڵ مامۆستا وێنەیان گرتبوو، بدەمەوە دەستی و لە ئەرشیفی مامۆستا هەڵیبگرن.

شتێک ئێستاش لەلام بووەته کەسەر، دەمزانی مامۆستا نەخۆشە و هەر دەمەویست ئەو یادەوەرییە زیندووبکەمەوە، بەڵام مەرجێکم لە مێشکی خۆم دانابوو، ئەویش ئەوەبوو کە هێندە سەرسام بووم بە تەمەنی پڕ زانستی مامۆستاو ئەو خزمەتە بەرچاوەی لە بواری نووسین هەیبووە، گفتم دابووە خۆم، کە دەبێ دیدارێکی دوورو درێژی ژیاننامەیی لەگەڵ مامۆستا سازبکەم و بە کتێبێک لە داهاتوو بڵاوی بکەمەوە، بەڵام ئەوەندەی دەمکرد زاتی ئەوەم نەدەکرد لە دڵی خۆمدا دەموت: تەماشا هێمنی ناکەی! عەیب نییە توخوا هێشتا هەر لە ئەلف و بێیانی، لە بەرامبەر ئەو زانایە دابنیشی؟ دواتر هەر لەوان ساڵان بەڕێز د. عاتف-یشم ناسی، یەک دوو جار درکاندم کە پێمخۆشە بچمە خزمەت باوکی، بەڵام ئەو کە باسی نەخۆشیی و بێ تاقەتی باوکی دەکرد، سارددەبوومەوە. ئیدی هەر خۆشم نەمزانی کات چۆن غاریداو خەبەری وەفاتی رایچڵەکاندم و ئەو کەسەرەی هەر لە دڵم هێشتەوە!!!

بۆیە تەنیا ئەوەم لەدەست دێ بێژم: ئەم رۆحە مەعنەوییەی مامۆستاو نمونەکانی، ئەستەمە دووبارە بببنەوە، پێویستە بەرهەم و خزمەتەکانی رامانبچڵەکێنێ و هانمان بدا، هیچ نەبێ ئەو رێگای کاروانی زانستە بەرنەدەین، ئەگەر هەر رێبوارێکی ماندووش بین.

میهرەبانی خوا بەقەد مێرغوزارەکانی کوردستان بەسەر رۆحی مامۆستا عەبدوڵڵا فەرهادیدا وەک لێزمە بارانی بەهاران دابارێ!!!