یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە قەتەر بەشداری پازدەهەمین کۆنگرەی دیالۆکی نێوان ئايینەکان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا خەیری ئەحمەد رەشید وەک بەرپرسی نوێی لقی شێخانی یەکێتی زانایان هەڵبژێردرا    *****    *****   مامۆستا مەلا عەلی سیامێوەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا جەلال مەلا سالح هەڵەبجەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالرحمن قادر ڕوستایی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا فەتاحی شارستێنی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات    *****    *****   بۆ پیرۆزبایی کردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی (گوڵان) دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ و بەردەڕەش و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی شەقڵاوە دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 130 مامۆستای ئایینی و هاوکارانی  راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات   
مەلا هەندرێن بالیسانی (ابن الشهیدین)
به‌رواری دابه‌زاندن: 30/12/2013 : 15:01:18
قه‌باره‌ی فۆنت
پەیامەكان‌و رۆژی ئاڵای كوردستان - كوری دوو شه‌هید

لەم رۆژگارەمان كە تەماشا دەكەین هەموو گەلەكان سەربەخۆن‌و كیانی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوەی من بزانم‌و ئاگاداربم تاكە گەل‌و نەتەوەیەك بێ وڵات‌و سەربەخۆ نەبێت میللەتی  كوردە كە نزیكەی چل ملیۆن كەس دەبێ ئەویش بە سەر چەند وڵاتێكدا وەكو گۆشتی خێر دابەشكراون، لە وڵاتی سعودیە كاتێ لە سەفەری حەج بووین لە گەڵا شێخەكانیان دەكەوتینە گفتوگۆ: دەمان گوت: كورد چل ملیۆن كەس دەبێت هەر وڵاتێكەو ئەوەندە كوردەی دراوەتێ سەریان سوڕ دەما، ئەوان وا حاڵی بوو بوون كە میللەتی كورد چەند هەزار كەسێك دەبێت، بەڵام دەیان گوت: ئێوە نەوەی صلاح الدینی ئەیوبین.

 لەكوردەواری جوان وتراوە كە شتێك پەرت‌و بڵاو بكرێ‌و نەتوانی كۆی بكەیەوە دەڵێن: وەكو ئاردی ناو دڕی لێهاتوە، بەڵام كوردیش وای لێكراوە لە لایەن ئینگلیزو داگیركەران كراوین بە چوار پارچە تاكو داواكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ زۆر ئەستەم بێت‌و بچوكترین داواكاری ئەو مافە سەرەتاییە بەلانی كەم چوار وڵات دەبن بە دوژمنی كوردو دژایەتی دەكەن‌و رێگر دەبن، گەر تەماشای وڵاتانی دەوروبەرمان بكەین بۆ نمونە: كوێت‌و بەحرەین‌و قەتەرو عەممان‌و هتد... دەوڵەتی زۆر بچوكن ژمارەی دانیشتوانین كەمە بەڵام كراون بە دەوڵەت دانیان پێدانراوە كەچی كورد نابێ داوای ئەو مافە سەرەتاییەی خۆی بكات چونكە بڤەیە‌و نابێ، بۆ لەوان عادەتە لە ئێمە عیبڕەتە، ئەو بەریتانیایەی خۆی دەستی هەبووە لە دابەشكردنی وڵاتی كوردان پشتگیری كورد ناكات بۆ بوون بە دەوڵەت، كەچی پێویستە لە سەری وەكو راستكردنەوەی كارێكی خەراپ‌و شەرمەزاریەك كە بریتیە لە دابەشكردنی كورد بۆ چوار پارچە دەبوایە لە ئێستادا پشتگیری دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی بكردایە، وتەیەكی مام جەلال: سەرۆك كۆماری عیڕاقم لە یادە كە ئەی گوت بە بەریتانیەكانمان گوتوە: چۆن دابەشتان كردین پارچە پارچەتانكردین ئەبێ ئەم هەڵە مێژووییە راست بكەنەوە.

ئەمریكا لە زۆربەی پێشهاتە هەنووكەییەكان پشتگیری دەوڵەتی عیڕاقی دەكات نەك كورد، ئەو وڵاتە زلهێزە دەیتوانی زۆر بە ئاسانی كورد بكا بە دەوڵەت بەڵام نەیكردو نایكا !، هەتا پشتگیری گەڕانەوەی شاری كەركوكیش ناكات بۆ سەر كوردستان، هەر ئەو دەوڵەتە زلهێزانە بوون كە شۆڕشی شیخ مەحمودو كۆماری مەهابادو شۆڕشی ئەیلولیان شكست پێهێنا، كاك مەسعود سەرۆكی هەرێم جارێكیان گوتی: ئەمریكا لە بەر چاوی كورد سەربازەكانی خۆی لێرە بە كوشت نادات ...، ئەم وتەیە زۆر شتی لێ وەردەگیرێ.

بەڕێزان: رۆژی 17/12 رۆژی ئاڵای كوردستانە بە گوێرەی گێڕانەوەكان لە  17/12/1945 ئەم ئاڵایە بۆ یەكەم جار لە كۆماری مەهاباد بەرزكراوەتەوە‌و، لە پەڕلەمانی كوردستانیش لە 19/6/2014 ئەم رۆژە بە رۆژی ئاڵای كوردستان دیاری كراوە ئێستاش ئێمە یادی ئەو رۆژی ئاڵا دەكەینەوە یادێكی پیرۆزەو دڵخۆشكەرە، چونكە میللەتی كوردیش وەكو هەموو میللەتانی تر مافی ئەوەی هەیە ئاڵاو وڵاتی سەربەخۆی هەبێت، ئەم رۆژە لە هەموو كوردێك پیرۆزە‌و، بەهیوای ئەوەم رۆژێك بێت پیرۆزبایی بە دەوڵەت بوون لە خۆم‌و لە گشت گەلی كوردی بكەم.

بۆیە لێرەوە من دەڵێم: جێی خۆیەتی لە یادی ئەم رۆژەدا چەند خاڵێك بخەینە روو:

1-     لە رۆژی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان پێویستە ئینتیمای نەتەوەیی‌و نیشتیمانی هاوڵاتیانی وڵاتەكەمان بەرزبكەینەوەو كار بە پەیامی ئاڵا قەشەنگەكەی وڵاتمان بكەین، كە بریتییە ئاشتیخوازی‌و خەبات‌و شۆڕشگێڕی‌و ئاوەدانكردنەوەی وڵات‌و هیوا نەبڕاوی‌و ژیان دۆستی‌و گیان بەخت كردن بۆ سەربەخۆیی‌و بەرەوە پێشچوونی وڵات.

2-     رێز لە شەهیدەكان بگرین كە گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو بەرزكردنەوەی ئەم ئاڵایەو، كەس‌و كاری شەهیدەكان لە یاد نەكرێن بەرامبەرامبەریان بە وەفا بین، ئەو كەسانەی  خەباتیان هەبووە لە شاخ‌و بە كوردایەتی‌و بۆ بەرزكردنەوەی ئەم ئاڵایە ماندوو بوونە رێزی تایبەتیان لێبگیرێ، چونكە من وەك كوڕە شەهیدێك زۆر دڵگران دەبم كە دەبینم ڕێز لە كەسانی ماندووی كوردایەتی ناگیرێ‌و لە بەرامبەردا زیاد رێز لەو كەسانە دەگیرێ كە هیچ كاتێ بیریان لە كوردایەتی نەكردۆتەوەو یان كابرا بە مردنی خۆی مردووە مووچەیەكی باشی شەهیدانەی پێدەدرێ‌و شەهیدی راستەقینەش كاری بۆ ناكرێ!.

3-     گەر میللەتی كورد یەك دەست‌و یەك دەنگ‌و یەك هەڵوێست نەبێت بە تایبەت لەم رۆژگارەماندا كورد زەرەرمەندی سەرەكی دەبیت، هەروەكو لە رابردوو بەرامبەر دووبەرەكی‌و رێز لە یەكتر نەگرتن باجی زۆر گەورەمان داوە، گەر كورد لە بۆ خۆی نەسوتێ كەس ئامادە نیە بۆت بسوتێ، مێژووش شەرم لە كەس ناكات، هیوادارم هەموومان لە ژێر ئەو ئاڵایە كۆببینەوە‌و پارێزگاری لێبكەین‌و بە بەرزی رایبگرین خۆشەویستی‌و وەفامان هەبێت بۆ خاك‌و ئاڵای ئەم كوردستانە تاكو ئەو گەلە ماف خوراوە بە هەموو مافەكانی خۆی شاد دەبێت.

4-     با شەڕە پەڕۆی حیزبەكان بەس بێت لە مەودوا لە هەموو بۆنە نەتەوەیی‌و حیزبیەكان ئاڵای كوردستان بەرز بكەینەوە ئەم ئاڵایە كۆمان دەكاتەوە، چونكە هەموو كوردێكی باشور خۆی بە خاوەنی ئەم ئاڵایە دەزانیت، هەرچەندە ئەم شەڕە پەڕۆیە زۆر زەحمەتە وازی لێ بهێنرێ !!!، بەڵام گەر جێبەجێبكرێ بەشێوەیەكی بەرچاو دووبەرەكی‌و دژایەتی یەكتر كەم دەبێتەوە، جگە لە ئاڵا هیچ پەڕۆو رەنگێكی تر هەموو كوردان كۆناكاتەوە.

5-     زۆر جار دەڵێین: كورد تاكە دۆستێك كە هەیەتی بریتییە لە شاخ‌و كێوەكان، بۆیە ئێمە دەبێ بۆ خۆمان دۆستی خۆمان بین‌و پشتی یەكتر بگرین‌و دڵمان بە ناحەزان‌و غەیری خۆمان خۆش نەكەین.

6-     دەبێ مافی هاوڵاتیانمان لە كوردستان بەرز رابگرین تاكو بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان مانای هەبێ، چونكە گەر كەسێك حەق‌و مافی خۆی پێنەدرابێت‌و ماف خوراو بێت‌و لە ژێر ئەم ئاڵایەدا خزمەت نەكرێت   بەرزكردنەوەی ئاڵا بۆ ئەو كەسە مانایەكی نابێت، لە گەڵا بەرزكردنەوەی ئاڵا دەبێ یاساو مافی مرۆڤ‌و خزمەتكردن‌و خۆشەویستی وڵات بەرزبكرێتەوە بۆ بەرزترین ئاست لە وڵاتماندا.

7-     وازهێنان لە گەندەڵی‌و خودپەرستی‌و دژایەتی یەكتر نیشانەی وەفاو دڵسۆزیمانە بەرامبەر ئەم ئاڵایە، چونكە دڵسۆزی بۆ وڵات‌و ئاڵا بە دروشم نابێت.

8-     رێزبگرین لە دین‌و ژینی ئەم گەلەی كە لە ژێر پەرچەمی ئەو ئاڵایە ژیان دەبەنە سەر.

9-     من وەك مامۆستایەكی ئایینی‌و تاقانەیەكی ئەنفال لە هیچ كات‌و شوێنێ خۆشەویستی ئەم ئاڵایەم لە یاد نەكردووە‌و شانازیشی پێوە دەكەم‌و بە دیتنی دڵم دە حەسێتەوە، بەردەوامیش دوعام كردووە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، چونكە چاك دەزانم هەر گەلێك دەوڵەتی سەربەخۆو ئاڵای خۆی نەبێت لە هیچ شوێنێ نایخوێننەوەو حسابی بۆ ناكەن‌و هیچ كاتێكیش ناحەسێتەوەو بە كولە مەرگی ژیان دەباتەسەرو كیمیاباران‌و بەناو ئەنفال‌و قڕ دەكرێ‌و رۆڵەكانی شەهید دەكرێن كەسیش پێی نازانێ‌و گەر بشزانن نایەنە وەڵام هەر وڵاتێكیش ئێستا دۆستایەتی لە گەڵا كورد دەكات بۆ بەرژەوەندی خۆیی‌و زێڕە رەشەكەی كوردە هیوادارام دەسەڵاتدارەكانمان بتوانن لە رێگەی ئەم زێڕە رەشەوە دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكەین، چونكە خۆم هیچ كاتێ ژیانم بە ئاسوودەیی نەبردۆتە سەر تا سەردەمی شاخ بوو ژیانمان پڕ بوو لە ترس‌و هەڵاتن بۆ ئەشكەوت‌و مانەوە لە چیاو چۆڵەكان‌و هتد... دواتر خانەوادەم گشتی شەهید بوون بە تەنها مامەوە هەر بەیەكجاری ژیانم شێوا ئەوەش بەروبوومی بێ دەوڵەتی... تاكو مردنیش چاوەڕوانی رۆژی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردیم، بۆیە پێویستە لە سەر دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەم مامۆستایانی ئایینی بە جیاواز لە خۆیان‌و دەسەڵاتەكەیان سەیر نەكەن، دەبێ لەم وڵاتە كارێكی وابكرێ بۆ ئەوەی هەموومان بە یەكەوە خزمەتی ئەم وڵاتەی خۆمان بكەین‌و گشتمان بەیەكەوە جوانین‌و هیچ كەسێ لەم وڵاتە زیاد نیە، گەر كەسێ بە گوێرەی پێویست نەبوو بە لەیەكتر نزیك بوونەوە‌و هامووشۆكردن دەتوانین لە یەكتر تێبگەین، بە لەیەكتر دووربوونی چینە جیاوازەكانی وڵات لێك تێنەگەیشتن‌و دژایەتی‌و رق‌و قینە دروست دەبێت.

10-   ئێمە وەكو كوردو دەسەڵاتدارەكانمان تا ئێستا نەمانتوانیوە لە رێگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە داوای مافەكانی خۆمان بكەین، گەلەكانی تری وەكو فارس‌و تورك‌و عەرەب توانیویانە سوودی تایبەت لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەربگرن، بەڵام كورد تا ئێستا  لە رێگەی ئایینیەوە گفتوگۆمان لەگەڵا نەیارەكانی خۆمان نەكردووە، دەبێ شتێكی وابكەین بۆ گفتوگۆو قسەكردن لە گەڵ وڵاتانی دەوروبەرمان كە موسڵمانن دەستەیەكی شارەزا لە ئایینی ئیسلام دروست بكرێت تا بە بەڵگەكانی ئیسلام نەیارەكانی مافی كورد دەمكوت بكەن، دەبێ بە نەیارەكانمان بڵێین پێشەوا عومەر لە كاتی خەلافەتی خۆی رایگەیاند كە ژێر دەستەیی‌و پلەدوویی‌و بەندایەتی لە ئیسلامدا نیە، كاتێ بە عەمڕی كوڕی عاسی فەرموو: (متی إستعبدتم الناس وقد ولدتهم أمهاتهم أحرارا).

شێخ مەلا محمدی شاعیر ناسراو بە (قانع) دەڵێ:

بە دەستی خۆم نیە وەڵڵا لە دیوانی خودا كوردم

                                          لە ناو شێخ‌و بەگ‌و میرو مەلا‌و شاه‌و گەدا كوردم

تەماشای گەوهەری من كەی دەزانی ئاشكرا كوردم

                                         بە كوردی بووم‌و خوڵقاوم هەتا رۆژی جەزا كوردم

ئیتر كوردایەتیمان‌و بوونمان لەم خاكە خوای گەورە لێرەی داناوین‌و، زمان‌و رەنگیشمان بەشێكە لە بەڵگەو نیشانە لە سەر بوون‌و گەورەیی خوا هەروەكو خۆی وا دەفەرمووێ، هەر كەسێكیش دان بەوەدا نەهێنێ ئەوە هەڵسوو كەوتی تاكە كەسی خۆیەتی‌و خواو ئایینی ئیسلام لێی بەرپرسیار نیە، چونكە بەرنامەكەی خوا كە هاتووە بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی‌و بەخشینەوەی ماف بە مافخوراوەكان بووەو، مافی هەموو گەلانیشی وەكو یەكتر دابین كردووە بەبێ جیاوازی، ئینجا گەر میللەتی كورد تا ئێستا بە مافی دەوڵەت بوون‌و سەربەخۆیی نەگەیشتبێت یان لە بەر ستەمی دەسەڵاتدارەكان‌و دەوڵەتانی زلهێز بووە، یان لە بەر خەراپ رەفتاركردنی كورد بووە بەرامبەر پێشهاتە سیاسیەكانی ناو وڵات‌و دەوروبەر، دینی ئیسلام هیچ پەیوەندیەكی بەو مەسەلەیەوە نیە چۆن بۆ عەرەب‌و فارس‌و تورك هەیە دەوڵەتی هەبێت  كوردیش هەمان مافی هەیە.

خوای گەورە ئەم كوردستانەمان بۆ سەربەخۆو ئاوەدان‌و هێمن‌و راگیراوو ئازاد بكات.

 

١/ پێشنوێژو وتارخوێن لەهەولێر،كوڕی دووشەهیدی كیمیابارانی دووەمی بالیسان.

2/ فەیس بووك

https://www.facebook.com/hindren.balesanem/posts/502895666490427