یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا شێخ مەلا ياسين شێخ فەرخ کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان؛ کارەکانی خولی چل وپێنجەمین شرۆڤەی نامەی عەممان لە شانشینی ئوردەن بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان لە گەڵ دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عيسا کەونەگوندی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە شاندێکی کریستیانەکانی کوردستان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دەکات    *****    *****   پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان    *****    *****   پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان    *****    *****   پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی 54 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان    *****    *****   ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەرز راگیرا    *****    *****   یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 54 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا طيب أحمد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 07/02/2023 : 21:06:01
قه‌باره‌ی فۆنت
ئەوەی دادگای فیدراڵی عیراق دەرهەق گەلی کورد دەیکات تاوانە نەک بڕیاری یاسایی و دەستووری!

 

مەلا عبدالله شێرکاوەیی*

بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق لە کۆتاییەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ سەبارەت بە نەناردنی ئەو بڕە پارەیەی قەرار بوو بەغدا بۆ هەرێمی بنێرێت، هەنگاوێکی پێچەوانەی دەستوورو یاساو  لەهەمان کات لەگەڵ دۆخی پەیوەندی نێوان کوردستان و حکومەتی ناوەند یەک ناگرێتەوە، مەبەست لەم نوسینە زیاتر هەڵوەستە کردنە لە سەر ئەم پرسە لە روانگەیەکی ئایینیەوە، هەرچەند بەپێی قسەی شارەزایانی بواری یاسا بێت هەر راستە! لە ئەنجامی بەدواداچوون و خوێندنەوەم و هێندەی لێی تێگەیشتبم ئامانج لەم بڕیارە زیاتر بۆ لێدانی پێگەی هەرێم و درز خستنە نێو ماڵی کوردو سەرقاڵکردنی کوردە بە هەڵوێست و مفاوەزات کردن، رێگریکردنە لە چوونە پێشی پێگەی کورد لە بەغداو دروستکردنی کۆسپ و بریندارکردنی هەستی تاکی کوردو لاوازکردنی سەرچاوەی داهاتە، ئەم هەنگاوە هەڕەشەیەو زۆر مەترسی لەپشتەو دواجار وەک کارتێک لە قازانجی ئەجێنداو سیاسەتی ئەم و ئەو بەکار دێت و بەسیاسی کردنی بڕیاری دادگایە نەک شتی تر.

رێگرتن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم پێچەوانەی پرەنسیپی شەراکەت و بانگەشەی دادگەری نێوان گەلانی عیراقە، کە زۆر جار ئاماژە بەوە دەکرێ هاوڵاتیانی عیراق بێ جیاوازی خاوەن ماف و ژیان و کەڕامەتن، ئەمە لە کاتێکدا کورد لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق رۆڵێکی گەورەی لە بونیادنانەوەی ئەم وڵاتە و نووسینەوەی دەستوورو سەقامگیری و پێکهێنانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەت هەبووە، تێناگەم دادگای فیدڕاڵی پاڵپشت بە چ یاسایەک لەمپەر لەبەردەم ماف و شایستە داراییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم دروست دەکات، بۆ دەبێ وەک پاشکۆی ئەم و ئەو لەژێر پەردەی یاسا نیشانەی پرسیار بخاتە سەر دەستەڵاتی دادوەری و کاری پیشەیی خۆی؟

ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە سەر ئەو خاڵەی کە جارێکی تر زامی قوڵی قوربانیدانمان لەپەنای دەستەڵاتدارانی عیراق واڵا بێتەوەو رووی راستەقینەی ئەو تێگەیشتنەشمان بۆ دەرکەوێت، کە فەرهەنگ و عەقڵیەتی سڕینەوەو دژایەتی کردن و قوتبڕین و ستەمکردن لە گەلی کورد لای بەشێکی سەرانی عەرەب و عیراق ماوەو دەیانەوێ بەهەر شێوەیەک بێت لە سومعەی هەرێم بدەن و زیانی پێ بگەیەنن و دۆخی پێشکەوتن و گەشەی ئاوەدانی رابگرن.

لەلایەکی ترەوە بێ دەنگی ناوەندە ئایینی و مەرجەعە باڵاکانی شیعەو سووننە، کە هیچ هەڵوێست و نوقەو کاردانەوەو دەنگیان لێوە نایەت، لانی کەم بڵێن ئەمە غەدرە لە گەلێکی بەشمەینەت و ستەم لێکراو دەکرێت! خۆی لەخۆیدا مایەی هەڵوەستەکردنە، چونکە دوو رۆژ پێش ئەم بڕیارە شاندێکی باڵای یەکێتی زانایان لە بەغدا بوون، کە یەکێ لە ئامانجەکانی سەردانەکەیان بۆ لای مەرجەعیاتی شیعەو سووننەو دەزگاو ناوەندە ئایینیەکان، بیرخستنەوەی پەیامی برایەتی و رێزگرتن و داننان بە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی نەتەوەکانی عیراق بوو، لانی کەم کە دەگەنە لای سیاسیەکان یان راوێژو بڕیاریان وەردەگیرێ، رەچاوی بنەمای شەراکەت و برایەتی ئیسلامی و ئینسانی و نیشتمانی بکەن و دان بە ماف و شایستەکانی گەلی کورد بنێن، ئەمەش زادەی راسپاردەکانی پێغەمبەری ئیسلامە (درودی خوای لەسەر بێت) کە دەفەرموێ: چیت بۆ خۆت دەوێ و پێت خۆشە پێویستە بەهەمان شێوە بۆ براکەشت بەرەوای ببینی و پێت باش و خۆش بێت.

لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر بە دیدگایەکی ئایینی سەیری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عیراق بکەین سەبارەت بە بڕین و نەناردنی شاییستە داراییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم، ئەوە تاوانێکی گەورەیەو پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتە، لەگەڵ رۆح و کرۆکی پەیوەندی برایانەو مافی دراوسێیەتی و هاوبەشی لە حوکمڕانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە ناگونجێت، بگرە دەچێتە چوارچێوەی هەڵسوکەوتی دوژمنکارانەو ستەمەوە، چونکە ئەم مافە داراییە بەپێی دەستوورو یاسا ئەمانەتێکە لە ئەستۆی حکومەتی عیراق دایەو لەسەریەتی بۆ جێبەجێ کردنی دەستوورو رەچاوکردنی بنەمای دادپەروەری میللەتی کورد بەم جۆرە هەنگاوە نادروستانە سزا نەدات.

لەلایەکی ترەوە ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لەگەڵ ناوەرۆکی ئەم ئایەتە یەک ناگرێتەوە، کە خوای گەورە دەفەرموێ: (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ إِنَّ اللَّهَ نِعِمَّا يَعِظُكُمْ بِهِ إِنَّ اللَّهَ كَانَ سَمِيعاً بَصِيراً) النساء:58. واتە: بێگومان خوا فه‌رمانتان پێده‌دات كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ته‌كان (سپارده‌كان) بگەڕێننه‌وه‌ ده‌ست خاوه‌نه‌كانيان و هه‌ر كاتێكيش داوه‌ريتان كرد له‌نێوان خەڵكيدا، دادپه‌روه‌رانه‌ فه‌رمانڕه‌وايى بكه‌ن، چونكه‌ به‌ڕاستى خوا به‌جوانى ‏و چاكى ‏و ته‌واوى ئامۆژگاری و فه‌رمانتان پێده‌دات، به‌رِاستى خوا هه‌ميشه‌و به‌رده‌وام بيسه‌ر و بينايه‌.

تەنانەت خوای گەورە باس لەوەشدا دەکات نابێ ڕق و کینەو پاڵنەری نادروست ببێتە هۆکاری ئەوەی دادگەری نەکرێت و پێچەوانەی واقع و هەقیقەت بڕیار بدرێت، وەک دەفەرموێ: (وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآَنُ قَوْمٍ عَلَى أَلَّا تَعْدِلُوا اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى) المائدە:8. واتە: رق و دوژمنايه‌تى هيچ كه‌س ‏و هيچ لايه‌ك هەڵتان نه‌نێت كه‌ له‌ دادپه‌روه‌ريى لابده‌ن، دادپه‌روه‌ر بن و بەیەک چاوو سەیری هەمووان بکەن، ئه‌وه‌ نزيكتره‌ له‌ ته‌قواو خواناسيه‌وه‌.

پرسیار ئەوەیە؛ ئەمە کەی دادوەرییەکی عادیلانەیە تۆ مافی میللەتێک بە ڕەوا نەبینی و شایستە داراییەکانی لێ قەدەغە بکەیت؟ چ فەرهەنگ و یاساو عەقڵیەتێکە دەستەڵاتی باڵای دادوەری بکەیتە پاشکۆی بڕیاری چەند کەسێک کە قەراری سیاسیان دوژمنایەتی کردنی گەلی کورد بێ؟ بە کام دەقی شەرعی و یاسایی دروستە مافی هاوڵاتیان زەوت بکرێت؟ یان بەفێڵ و ئیزدیواجیەتی سیاسی و پاشخانی عەقڵیەتی شۆڤێنی و دۆژمنکاری بڕیاری شەراکەت بدەیت؟

ئەمە هەمووی بەهانەو لەمپەر دروستکردنە بۆ کپکردنی قەزیەی کورد، ئەگەرنا ئەمەیان بەقەولی ئەوان پێچەوانەی یاسایە، ئەی بۆ ماددەی 140 چی خۆ ماددەیەکی دەستوورییە؟ بۆ قەرەبووی کەس و کاری ئەنفالکراوان چی کە ئێستاش بەدەست زامنی دابڕانی ئازیزانیان ناسۆر دەچێژن؟ بۆ نەناردنی پشکی پێشمەرگە کە تێکشکێنەری داعش و پارسەنگی سەقامگیری ناوچەکە بوو لە عیراق چی؟  ئەی؟ ئەی...؟

ماوەتەوە بڵێم پێویستە کورد زیاتر هۆشیارو یەکڕیزو چاوکراوە بێت و بزانێ ئەمە شتی تری لەدوایە، هەلومەرجی ئێستای کوردستان پێویستی بە یەکهەڵوێستی و چارەسەرێکی هەمەلایەنەو ستراتیژی نیشتمانیە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڕیاری لەم شێوەو مەترسی پشت هەنگاوەکانی دادگای فیدڕاڵی و پەیوەست بە پرسی کورد، نەک سەرقاڵی شتی لاوەکی و پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ململانێی و یەکتر تۆمەتبارکردن.

 

* بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان