یەکێ لەو دیاردەو کارە خراپ و بێ شەرعیانەی لەناو کۆمەڵگە هەیەو خەڵکانێک کوێرانە پەنای بۆ دەبەن بابەتی سیحرو جادووە، کە بەداخەوە خەریکە تەشە دەکات و دەبێتە مەترسی و هەڕەشە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی. سیحرو جادوو بریتیە لە ئەنجامدانی تەلیسم و ڕەمزو شێواندن و خوێندن و گرێ و خەڵەتاندن و فێڵ و کاری ناسروشتی و ناڕەواو تاوان، کە کاردانەوەی خراپ و نەرێنی لەسەر دەروون و جەستەو بیرکردنەوەی مرۆڤ و ئاراستەی کۆمەڵگە هەیەو، جاری وایە بەم هەنگاوە مرۆڤ بەرەو سەرگەردانی و شەڕو کوشتن و یاخیبوون و جیابوونەوەی خێزانی و داروخان و شڵەژانی دەروونی و لەدەستدانی ئۆقرەو متمانەو بێ هیوایی دەبات. سیحرو جادوو رێگایەکە بەرەو خراپی و فەسادو زیانگەیاندن بە مرۆڤ و ئاستی بیرکردنەوەو ئاراستەی عەقڵ و ژیان، لەسەرو هەموو ئەوانەشەوە هۆکارێکە بۆ دەرچوون لە دین و نزیکبوونەوە لە کوفرو وێرانبوونی عاقیبەت، چونکە کەسی ساحیر بە لادان لەدین و یارمەتی و دەستتێکەڵ کردن لەگەڵ جنۆکە و شێواندنی کەلامی خوا ئەم کارە دەکات، بۆیە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەموو رێگاو دەرگایەکی بەسەر ئەم بابەتە داخستووەو تەنانەت فێربوون و خوێندن و کردن و باوەڕبوون بە بابەتی سیحر بە ناڕەواو نادروست و کوفر دادەنێت. بەداخەوە کەسانێک کەوتونەتە نێو ئەم بازاڕەو لەخشتەبردنی خەڵک، کەسانێکی تریش بە پەنا بردن بۆ ئەم ئافاتە مەترسیدارە بازاڕەکە خۆش دەکەن، لە بابەتی سیحردا چ ئەوەی دەیکا یان ئەوەی بڕوای پێیەتی و بۆی دەکرێ هەردووکیان یەکسانن لە ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەو کردەیەکی حەرام و هەنگاوێکی پڕ پڕ مەترسی بۆ سەر لایەنی ئیمانی و خێزانی و کۆمەڵایەتی. سیحرو جادوو بۆی هەیەو هەقیقەتیشی هەیە،وەک ئیمامی نەوەوی دەفەرموێ: " والصحيح أن السحر له حقيقة، وبه قطع الجمهور، وعليه عامة العلماء... ". واتە: سیحر هەقیقەتی هەیەو کۆی زانایانیش لەسەر ئەوە کۆکن. هەروەها ئیمامی قوڕتوبی لەم بارەوە دەڵێت: "ذهب أهل السنة إلى أن السحر ثابت وله حقيقة ". واتە: پەیڕەوانی ئەهلی سوننە پێیان وایە کە سیحرو جادوو بنچینەو حەقیقەتی هەیە، بەدڵنیاییەوە کاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەر مرۆڤ و تووشی چەندین نەهامەتی دەکات، ئەم کاریگەری و زیانگەیاندنە بەپێی دەقی قورئان ئاماژەی پێ کراوە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: (فَيتَعَلَّمُونَ مِنْهُمَا مَا يُفَرِّقُونَ بِهِ بَيْنَ الْمَرْء وزَوْجِهِ).. ئەو دیاردەیە بە پێی شەریعەت و دەقی قورئان و فەرموودە حەرام كراوەو بگرە سزای توندیش بۆ بکەرانی دیاریکراوەو مەترسی لەسەر خودی ئیمانی مرۆڤەکانیش هەیە. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێ: (َاتَّبَعُوا مَا تَتْلُو الشَّيَاطِينُ عَلَى مُلْكِ سُلَيْمَانَ وَمَا كَفَرَ سُلَيْمَانُ وَلَكِنَّ الشَّيَاطِينَ كَفَرُوا يُعَلِّمُونَ النَّاسَ السِّحْرَ وَمَا أُنْزِلَ عَلَى الْمَلَكَيْنِ بِبَابِلَ هَارُوتَ وَمَارُوتَ وَمَا يُعَلِّمَانِ مِنْ أَحَدٍ حَتَّى يَقُولَا إِنَّمَا نَحْنُ فِتْنَةٌ فَلَا تَكْفُرْ فَيَتَعَلَّمُونَ مِنْهُمَا مَا يُفَرِّقُونَ بِهِ بَيْنَ الْمَرْءِ وَزَوْجِهِ وَمَا هُمْ بِضَارِّينَ بِهِ مِنْ أَحَدٍ إِلَّا بِإِذْنِ اللَّهِ وَيَتَعَلَّمُونَ مَا يَضُرُّهُمْ وَلَا يَنْفَعُهُمْ..) البقرة: 102. واتە: ئەوان شوێنی ئهوه كهوتن، كه شهيتانهكان دهيانخوێندهوه دهربارهى دهسەڵات و حكومهتى سولهيمان، (ئاشكرايه كه) ههرگيز سولهيمان كافر نهبووه، بهلَكو شهيتانهكان كافربوون و خهڵكيان فێرى سيحرو جادوو دهكرد، ههروهها مهردوميان فێرى ئهوه دهكرد كه بۆ هاروت و ماروت دابهزی بوو(كه دوو فريشته بوون) له بابل (مهبهستيشيان تێگهياندنى خەڵكى بوو له سيحرو جادوو)، ئهوانيش كهسيان فێرى هيچ شتێك نهدهكرد تا پێيان نهوتايه: ئهم كارهى ئێمه بوَ تاقيكردنهوهيهو خۆت كافر مهكه(كهچى ههندێك ههر كۆڵيان نهداو) لهو فريشتانهوه شتى وافێر دهبوون كه ژن و مێردى پێ له يهك جوودا بكهن، (ههر چهنده) ئهو جادووگهرانه ناتوانن هيچ زيانێك به كهس بگهيهنن، مهگهر ويستى خواى لهسهر بێت، ئهو خهڵكه سهرگهردانه ههميشه فێرى شتێك دهبن كه زيانيان لێدهداو سوودى نيه بۆيان. بەپێی ئاماژەکانی ئەم ئایەتە بێت سیحر کاریگەری و زیانی مەترسیداری خۆی هەیەو یەکێ لەو لێکەوتە خەتەرناکانە لێکترازانی خێزان و هەڵوەشاندنەوەی ژیانی هاوسەرگیرییە، کاردانەوەی ئەم بەدکارییە بەسەر تاک و کۆمەڵگەو تێکدانی خێزان و نانەوەی نائارامی و پشێوی دەروونی و کۆمەڵایەتی، هێمایە بۆ ئەو راستیە، کە جادووگەری و سیحر نەک تەنها بۆ خێزان و هەڕەشەی ئابڕوبردن و کاری بەدڕەوشتی، بەڵکو لەسەر کیان و نیشتمانیش مەترسی زۆری هەیە. بۆیە پێغەمبەر (دوردی خوای لەسەر بێت) هۆشداری توند دەداتە ئەو جۆرە کەسانەو لە زیان و مەترسیەکان ئاگاداریان دەکاتەوەو دەفەرموێت: (مَنْ أَتَى عَرَّافًا أو كَاهِنًا فَصَدَّقَه بِمَا يَقُولُ، فَقَدْ كَفَرَ بِمَا أُنْزِلَ عَلَى مُحَمَّدٍ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم)، واتە: هەر کەسێ بچێتە لای ئەوانەی کاری عەرافی و کەهەنە دەکەن- کە بە زاراوەی ئەمرۆ پێیان دەگوترێ جادووگەرو فاڵگرەوە- ئەوە لەکوفر نزیکبۆتەوەو بێ باوەڕە بەرامبەر ئەو شەریعەتەی بۆ پێغەمبەر هاتووە. یان لە ریوایەتێکی تر هاتووە: (مَن أتَى عَرّافًا فسأله عن شَىءٍ لَم تُقبَلْ له صَلاةٌ أربَعينَ لَيلَةً)، واتە: هەر کەسێک بچێتە لای عەڕافێک- جادووگەرێک- پرسیاری لێ بکات ئەوە چل شەو نوێژی لێ وەرناگیرێت. تەنانەت پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ئەم کردەیە لە دوای شەریک دانان بۆ خوا بەگەورەترین تاوان و بە یەکێ لە گوناهە گەورەکان هەژمار دەکات و دەفەرموێ: ((اجتنبوا السبع الموبقات..، قيل: يا رسول الله، وما هن؟ قال: (الشرك بالله، والسحر...))، واتە: خۆتان بپارێزن لە حەوت تاوانە گەورەکە، فەرمویان کامانەن ئەی پێغەمبەری خوا؟ فەرمووی: یەکەم: شەریک دانان بۆ خوا، دووەم: کاری سیحرو جادووگەری... ئێستا بەپێی ئاماژەکان ئەم دیاردەیە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە بەربڵاوەو کەسانێک بەناوی دین و لەژێر ناوی مەلاو شێخ ئەم کارە دەکەن، کەسانی ساویلکەش بۆ راستکردنەوەی باری لاوازی دەروون و بە ئامانجی هاتنە دی ئاوات و کردنەوەی بەخت و گەیشتن بە مەبەستێکی دیاریکراو یان خەیاڵاوی و زیانگەیاندن بە کەسی ناحەزو دەرکردنی رق و کینە لەکەسانی تر.. هتد. پەنا بۆ ئەو جۆرە کەسانە دەبەن و پارەی خۆیان بەهەدەرو ئیمانیان تووشی لەدەستدان و ژیانی خۆیان بەرەو سەرگەردانی دەبەن. بۆیە ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە بەرواری 23ی5ی2021 لە فەتوایەکی گرنگ و تایبەت هەڵوێست و دیدگای شەرعی لەم بارەو لەپێناو هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە خۆپارێزی بەرامبەر ئەم دیاردەیەو چوون بۆ لای فاڵگرەوەو جادووگەران بڵاوکردەوە، کە لە بەشێکی فەتوایەکە هاتووە: "جادووكردن و سیحر جگه لهوهی گوناهێكی گهورهیهو له چوارچێوهی كوفردایهو سزایهكی گهورهی له قیامهتدا ههیه، كاریگهریی زۆر خراپیشی ههیه له سهر تاك و كۆمهڵگه و تێكدانی شیرازهی خێزان، ههروهها پاره به ههدهردان و زهرهرگهیاندن به خهڵكی بێ تاوانی تێدایهو كه ئهمانه تێكڕایان گوناهی گهورهن و پێویسته كۆمهڵگهیان لێ دوور بخرێتهوه". لە بەشێکی تری هاتووە: "پێویستە موسڵمانان خۆیان بەدوور بگرن، هەر کەسێکیش کاری وای ئەنجام داوە پێویستە دەمەو دەست تەوبەی لەسەر بکات". بەدوایدا لە 22ی6ی2021 یهكێتی زانایان نوسراوێکی فەرمی بەژمارە (447) ئاراستهی وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێم كرد، له پێناو پاراستنی شكۆی خێزان و بهها كۆمهڵایهتیهكان، داوای كرد پێویسته رێگه له ههموو ئهوانه بگیرێت كه سیحرو جادوو دهكهن و بهو ناوه ههم بازرگانی به دین و ژینی میللهت دهكهن، ههم كارێكی پێچهوانه لهگهڵ ناوهرۆكی ئیسلام ئەنجام دەدەن. خۆشبەختان وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پرۆژەیەکدا چەند رێنماییەکی بەناونیشانی (رێنمایی تایبەت بە نەهێشتنی دیاردەی سیحرو جادو هاوشێوەکانی) دەرکردو لە ژمارە (313)ی رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاوکرایەوەو لە بەرواری 3ی1ی2024 گشتاندنێکی بۆ سەرجەم بەرێوەبەرایەتیەکانی ئەوقاف کرد بە ئامانجی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی رێنماییەکان لە بارەی دیاردەی سیحرو جادووەوە. لە ژێر رۆشنایی هەنگاوە پەیوەستەکانی ئەم بوارە، بۆردی باڵای وتاری هەینی لە وەزراەتی ئەوقاف؛ چەندین وتاری هەینی تایبەت کردووە بەم پرسە بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و کۆمەڵگە لەبارەی مەترسییەکانی سیحرو جادوو پەنا بردن بۆ ساحیران، کە دوایین وتاری بەناونیشانی ( سیحرو مەترسیەکانی لەسەر خێزان و وڵات) پەسند کردووە. هەموو ئەو پەیام و هەوڵە گرنگانەو هاوشان هیممەتی مامۆستایانی بەرێزی ئایینی، پێویستە ببنە هاندەرو زەمینەیەکی باشی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو نەهێشتنی ئەم دیاردەیەی وەک بازاڕێکی ڕەش خەریکە شیرازەی خێزان و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار ببات.!! |