نووسینی: عەبدوڵڵا مەلا خالید مەلا فائیز مودەڕڕیس* الحمدلله والصلاة والسلام علی خاتم الأنبیاء وخیر المرسلین (محمد) علیه الصلاة والسلام وعلی اله وصحبه أجمعین، وبعد: زۆر جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە هەندێک کەسانی خۆ بە زانازان لەم سەردەمەدا، دەنگگەلێک دەبیستین کە هێرشی سیستماتیک دەکەنە سەر سوننەتی پێغەمبەر، بە بیانووی بەرگری لە ئیسلام و پێغەمبەر ﷺ وهەوڵی ڕووخاندنی ئەم ئایینە دەدەن لە ناوەوە. ئەمانە - لە ناوەوە ودەرەوەی ئوممەت - ژەهر دەکەنە ناو هەنگوینەوە و پێیان وایە چوار کۆسپی گەورەیان لە بەردەمدایە کە دەبێت تێپەڕێنن بۆ ڕووخاندنی ئیسلام، كۆسپهكانیش بریتین له: قورئانی پیرۆز، سوننەتی پێغەمبەر، - بە تایبەت سەحیحی بوخاری وموسلیم- نوێژی هەینی ونوێژی جەژنەکان. هەوڵەکانیان بۆ زیانگەیاندن بەم بنەما جێگیرانەی کە کۆمەڵگای ئیسلامی لەسەری دامەزراوە شکستیهێناوە، سەرەڕای بوونی هەندێک کەلێنی ڕواڵەتی کە تەنها هۆشیاری و پابەندبوونی موسوڵمانان بە ئایینەکەیانهوه زیاتر دەکات. هیچ سەردەمێک نەبووە لە زانایانی خواناس کە بەرەنگاری گومانەکان لهسهر ئیسلام نهبنەوە و پووچەڵیان نهکردبنهوە. لە نێو ئەو هەڵە وچەواشەکارییانەی دەیانوروژێنن، دەڵێن: "کوا وتارەکانی پێغەمبەر ﷺ؟ بۆچی بۆ ئێمە نەگوازراونەتەوە؟ وەک ئەوەی پێغەمبەر ﷺ بە تەنیا لەسەر مینبەر وەستابێت وتەنها ژمارەیەکی کەم لە هاوەڵان ئامادە بووبن! له وەڵامی ئەم گومانە دهپرسین: هاوەڵان لە کوێ بوون؟ بۆچی ئەم وتارانەیان نەگواستۆتەوە؟ ئایا کەمتەرخەمییان کردووە؟ چۆن فەرموودەیان لێی وەرگرتووە؟ روون و ئاشكرایه کە هاوەڵان - خوا لێیان ڕازی بێت - دادپەروەرن، گومان لە ڕاستگۆیی و نیازی پاکیان ناکرێت. ئەوان لەژیانی پێغەمبەردا ﷺ درۆیان نه بۆ كردووه ونه لەسەری و دوای وەفاتیشی ههر بهم شێوهیه بوونه. چونکە دهرچووی قوتابخانهی موحهممهدی بوونه. تەنانەت سهحابیهكان کاتێک ناکۆکیان هەبووە - وەک ئەوەی لە نێوان ئیمام عەلی و دایکی باوەڕداران عائیشە - خوا لێیان ڕازی بێت ڕوویدا، هیچ کامیان بوێریان نهبووه ونەیانویستووه فەرموودەیەک هەڵبەستن، یان بیدەنە پاڵ پێغەمبەر ﷺ بۆ تانەدان لە ئەوی تر. لە گێڕانەوەکاندا نههاتووه کە هیچ یەکیك لە هاوەڵان یان شوێنکەوتووان شتێکیان لە پێغەمبەرەوە ﷺ گێڕابێتەوە کە ئازاری لایەنەکەی تری پێ بدەن. له ڕیوایهتدا هاتووه عەبدولڕەحمان کوڕی حاریس کوڕی هیشام كه تابیعی بووه و لە سوپای خاتوو عائیشەدا بووه و فەرموودەی لە ئیمامی عەلییەوە، خوا لێی ڕازی بێت، گێڕاوەتەوە، کە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پاکی وبەرزی پایەیان. هاوەڵان فەرموودەکانیان لە پێغەمبەرەوە ﷺ بە شێوەیەکی سروشتی وەرگرتووە. ئەوان گوفتار، کردار، پهسندكراو (الإقرار)، سیفەتە خەلقییەکان وخولقییەکان لێوە گواستووەتەوە، بێ ئەوەی تەنها لە دانیشتنە زانستییەکان یان بۆنە تایبەتەکاندا سنوورداربکرێت. بۆیە وردترین وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی پێغەمبەر ﷺ پێمان گەیشتووە، لە کاتی هەستانی لە بەیانییەوە تا خەوتنی لەشەودا، بە درێژایی ساڵانێكی زۆر. بۆ دڵنیابوونهوه له گیرانهوهی لە گشتگیری وورد، لە پێغەمبەرەوە ﷺ ورد و درشت كۆكراوهتهوه له کتێبەکانی سوننەت، وەک سەحیحەکان، سونەنەکان وموسنەدەکان. هەروەها کتێبەکانی شەمائیل(تایبەتمەندییەکانی پێغەمبەر)، کردەوەکانی ڕۆژانه و شەوانهی (عمل الیوم واللیله)، وئەلئەزکار(الأذكار)ی ئیمام نەوەوی. ئەمە بۆ ئەوەی ببینرێت چۆن سوننەت گەیشتووەتە ئەم ئاستە كه گرنگی له گشت بابهتهكان دهدات. ئهگهر سهیریش بكهین هەر ڕوانینێک، هەر بزەیەک، هەر وتەیەک، هەر گەشتێک وهەر هەڵسوکەوتێکی پێغەمبەر ﷺ بە فەرموودەیەک دادەنرێ کە گێڕدراوەتهوه وگوازراوهتهوه. فەرموودە تەنها سنووردارنەبوو بە دانیشتنێکی زانستی فەرمی کە بە (دانیشتنی فەرموودە) ناسرابێت - وەک ئێستا باوە، بەڵکو دانیشتنەکانی پێغەمبەر ﷺ خۆڕسک وسروشتی بوونه، بە کاتێکی دیاریکراوەوە پابەند نەبوونە به شێوەیەکی دامەزراوەیی ڕێکنەخرابوون. هەروەها لە بابەت یان کاتی تایبەتدا سنووردار نەکرابوون. سەرەڕای ئەمەش، شێوازەکانی فێرکردنی پێغەمبەر ﷺ جۆراوجۆر بوون، لەوانە: دیالۆگ(الحوار)، پرسیاركردن، وچەندین ڕێگای تر. بۆیه دهبینین لە کتێبەکانی سوننەتدا، نموونەی زۆر هەن لەسەر ئەم شێوازە وەرگرتنە. لەوانە ئەوەی عەبدوڵڵا کوڕی عەباس - خوا لێیانڕازی بێت – گێڕاویەتیەوە، کاتێک شەوێک لای پێغەمبەر ﷺ مایەوە تا چاودێری عیبادەت و ژیان گوزاری ئهو بکات. ئەم فەرموودەیە لەسەحیحی بوخاری به ژماره (117، 4293)، وسەحیحی موسلیم به ژماره(48) هاتووه وهەروەها لە چوار سونەنەکەدا هاتووە(ئهبوو داود وتیرمزی ونهسائی وئیبن وماجه)ش گێڕاویانهتهوه. ئەم نموونەیە وچهندین نموونهی تر شێوازێکە لەو شێوازانەی کە هاوەڵان پەیڕەویان کردووە بۆ وەرگرتنی كاروكردهوهكانی پێغهمبهرﷺ. ئەوان شەو وڕۆژ لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ بوون. هەروەها فەرموودەی ئیبن عومەر کاتێک جوبرەئیل - سەلامی خوای لێ بێت - هات وئەژنۆی بە ئەژنۆی پێغەمبەرهوه ﷺ نووساند لە بەردەم کۆمەڵێک لە هاوەڵان وچەند پرسیارێکی لێکرد... ههروهك چهندین فهرموودهی تر کە باس لە گرینگی زانست دهكهن. سهحابیهكان خۆشهویستییهكی بێ پایانیان ههبووه بۆ رزگاركهری مرۆڤایهتی. کەواتە چۆن فهرموودهیان نەگواستۆتەوە؟ ئەوەی دەیەوێت دادپەروەر بێت، با لە خۆی بپرسێت: هاوهڵهكانی پێغهمبهر له رۆژێكدا توانای چەند فەرموودهیان ههبووه تا بیگوانەوە؟ وهڵامهكه ڕەنگە دەیان فەرموودە بێت لە ڕۆژێکدا. یان سەدان دانه بێت لە مانگێکدا. هاوەڵان - خوا لێیان ڕازی بێت - هەستیان بەبەرپرسیارێتییەکی ئایینی گەورە دەکرد لە گەیاندنی ئەوەی لەپێغەمبەری خواوە ﷺ وەریانگرتبوو. بەتایبەتی ئەو فەرموودانەی کە هانی زانست وبڵاوکردنەوەی دەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئاگاداربین لە کۆمەڵێک ڕاستی کە سروشتی پەیوەندی نێوان پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانی وەرگرتن وگێڕانەوە ڕوون دەکەنەوە: 1. پێغەمبەر ﷺ هاوەڵانی ناچار نەدەکرد بەردەوام لەگەڵیدا بن، بەڵکو دەرفەتی پێدەدان کاروباری ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن و پشتی بەوە دەبەست کە هەندێکیان ئەوەی لێی بیستوویانە بۆ ئەوانیتر بگوازنەوە. ئەمەش بەشێک بوو لە دانایی وئاسانکاری ئەو. ٢. مامەڵەی هاوەڵان لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ سروشتی وخۆڕسک بوو، دوور لە زۆرەملێ وزێدەڕۆیی، کە ئەمەش توانای پێدان وردەکاری ژیانی بگێڕنەوە، تەنانەت ئەو شتانەی کە هەندێک کەس بە نائاسایی دەیانزانی، وەک (حادثة الأفك)، وهەڵوێستی ئیمامی عومەر کوڕی خەتتاب لە صولحی حودەیبیە. هەندێک لە تابیعین سەرسام بوون بە سروشتی ژیانی واقیعی کە هاوەڵان لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ ژیان گوزاربووینه، چونکە وایاندەزانی ژیانێکی تەواو نموونەیی بووە. .3 نووسین ئامرازی سەرەکی وەرگرتنی حەدیس نەبوو، بەڵکوهاوەڵان پشتیان بە لەبەرکردن(حفظ) دەبەست، بەهۆی سروشتی ئەو بارودۆخانەی کە تێیدا سوننەتیان وەردەگرت، چ لە غەزاکان یان لەگەشتەکان یان لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا بێ. ٤. پێغەمبەر ﷺ هاوەڵانی ناچار نەدەکرد بە وشەی دیاریکراوگێڕانەوە فهرمووده بکەن، بەڵکو ڕێگەی پێدان به ماناش فهرمووده بگێرنهوه بههۆی لەههجاتی جیاواز، کە ئەمەش بووە هۆی سهرههڵدانی جیاوازی کەم لە وشەکانی هەندێک حەدیس. له پلهوپایهی هاوهڵانی پێغهمبهرهوه بۆمان دهردهكهوێت نەبوونی گیرانهوهی زۆرێک لە وتارەکانی پێغەمبەرﷺ، كه وهكوو گومانێك دهوروژێنرێ، له ڕاستیدا پێچەوانەی سروشتی وەرگرتن و گێڕانەوەیە کە لە سەردەمی هاوەڵاندا ناسراو بوو. بۆ وهڵامی ئهم گومانه دهتوانین له دوو رووه وهڵام بدهینهوه: - یەکەم: سروشتی وتارەکانی پێغەمبەر ﷺ: وتارەکانی دوورودرێژ نەبوون، بەڵکو کورت وپوخت بوون، مانایان بە ڕەوانترین دەربڕین دەگەیاند، چونکە پێغەمبەر ﷺ جەوامیعی کەلیم (وشهی كورت و پڕ مانا) یپێدرابوو. زۆر جار وتارەکانی ڕاڤەکردنێکی ڕاستەوخۆی ئایەتەکانی قورئان بوون، بەڵکو له فهرمووده دا هاتووە کە زیاتر له جارێك له وتارهكانی ههینیدا سورەتی (ق) و سورەتی (ص)ی خوێندووهتهوه، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بابەت وناوەڕۆکی وتارەکانی لە پلەی یەکەمدا قورئانی بووە. دووەم: سروشتی گواستنەوەی وتارەکان لەلایەن هاوەڵانەوە: زۆرێک لەو فەرموودانەی کە لە پێغەمبەرەوە ﷺ گێڕدراونەتەوە، لەوانەیە لە بنەڕەتدا بەشێک بووبن لە وتارەکانی هەینی یان ووتاری جەژن، بەڵام هاوەڵان ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە (وتار) بو بێ، بەڵکو تەنها ناوەڕۆکەکەی گواستۆتەوە، چونکە گوێگرەکان دەرکیان بە دەوروبەر وبارودۆخەکە کردووە. هەروەها ئامادەبوونی زۆربەی هاوەڵان لە وتارەکاندا مانای ئەوە بوو کە پێویست بەگێرانهوه نهبووه لەو کاتەدا، چونکە هەموو ئامادە بوون وتێگەیشتبوون. ودوای وەفاتی پێغەمبەریش ﷺ، زۆربهی سهحابیهكان فهرموودهیان نهدهگێرایهوه بهڵكو بهپێی پێویست یان ههبوونی هۆیهك ههبێ فهرموودهیان گێراوهتهوه. بەهێزترین نموونە بۆ ئەمە: وتاری ماڵئاوایی کە هەزاران هاوەڵ ئامادەی بوون، بەڵام تەنها لە چەند کەسێکی دیاریکراوەوەگێڕدراوەتەوە. ئەمە سروشتی گێڕانەوە بوو لەو سەردەمەدا: ئهوهی پێویست بووبێ گێردراوهتهوه، نەک گێڕانەوەی هەموو شتێک. بۆیە دەبینین وتارەکانی لە کتێبەکانی فەرموودەدا بڵاوکراونەتەوە بەپێی بابەتەکانیان. ئهگهر بگهرێینهوه بۆ سەحیحی بوخاری - لە فەرموودە کۆدەنگەکاندا(المتفق علیها)- ژمارەیەک ڕیوایەت هەن کە تێیاندا هاوەڵان وتارەکانی پێغەمبەریان ﷺ لەسەر مینبەرەوە گواستۆتەوە، لەوانه فهرموودهی ژماره: (919، 1282، 1429، 3230، 3297، 3511، 3513، 3746، 5230، 6525). هەروەها چەندین ڕیوایەتی تر لەسەحیحی موسلیم یان لەوانەی کە تەنها یەکێکیان (تفرد)یان پێ كردووه، گێڕاویەتیەوە. لە کۆتاییدا، دەپرسین: چۆن دەکرێت هاوەڵان وردەکاری دەستنوێژ، خۆشۆردن، نوستن، پێشوازی لە میوان و غەزاکانی پێغەمبەر ﷺ بگوازنەوە، بەڵام پاشان بگوترێت کە ئەوان لە گواستنەوەی وتارەکانیدا کەمتەرخەم بوون؟ به شێوهیهكی گشتی ئهو بۆچوونهی دهربارهی فهرموودهی پێغهمبهر بگره ئهوهی صهحیحه یان حهسهنه، دەڵێت: پارێزراو نین وتەنها قورئان بەسە، بۆچوونێکی هەڵەیە و دهسپێكه بۆ لادان له ڕێگای راست؛ چونكی سوننەت ڕوونکەرەوەی قورئانە وناکرێت قورئان بەتەواوی تێبگەین بەبێ پابەندبوون بە سوننەتهوه. ئەگەر کەسێک دەیەوێت پێگەی سوننەت بزانێت، با لە خۆی بپرسێت: پله و پایه و مهكانهتی پێغەمبەر ﷺ لەدوای خوا چییە؟ ئەگەر وەڵامی ئەمەی زانی، ئەوكات بەهای سوننەتیش دەزانێت. لە کۆتاییدا، هەر کەسێک دەیەوێت سوننەت و وتارەکانی پێغەمبەرﷺ بخوێنێتەوە، پێویستە به زانستهوه بریار بدات، نەک لە پەنجەرەی گومانەوە تهنها وهك تووتی گومان وهربگرێ و دوبارهی بكاتهوه. ئهگهر بۆچونهكانیان راسته، با بێن و بۆمانی بسهلمێنن، بهڵام نهخێر تهنها و تهنها كوێرانه بریار دهدهن. بۆیه دەبێت خۆیان بپارێزن لە لاسایی کوێرانەی ئەوانەی کە دروشمی "قورئان بەسە" بەرز دەکەنەوە، لەکاتێکدا تەنها ڕواڵەتی قورئان دەزانن و هیچی دیكهی حاڵی نهبوون. هاوەڵان زاناتر وخۆشەویستتر بوون بۆ قورئان، بۆیە پابەندبوونیان بە سوننەتهوه، بەشێک بووه لە پابەندبوونیان بە قورئانهوه. وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين. *مامؤستا له كۆلێژی پهروهرده-مهخموور وقوتابی دكتۆرا. سهرچاوهكان: 1- السنة ومكانتها في التشريع الإسلامي للدكتور مصطفى السباعي. 2- من النبي ﷺ إلى البخاري للدكتور أحمد صنوبر. 3- أ في السنة شك، للسيد أحمد يوسف. 4- صحيح البخاري بتحقيق مصطفى البغا. 5- صحيح مسلم بتحقيق محمد فؤاد عبد الباقي. |