یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا عبدالرحمن قادر ڕوستایی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا فەتاحی شارستێنی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات    *****    *****   بۆ پیرۆزبایی کردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی (گوڵان) دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ و بەردەڕەش و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی شەقڵاوە دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 130 مامۆستای ئایینی و هاوکارانی  راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین   
ئازاد محمد به‌رگركه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 08/04/2024 : 21:43:56
قه‌باره‌ی فۆنت
جەژن دروشمێکی بەرزی ئیمانی و ئینسانی و کۆمەڵایەتیەو، چنینەوەی خەرمانی خواپەرستی و دەرفەتی ئاشتبونەوەیە

 

جەژن هەرگیز خۆشی و تەواوبوونی ڕەمەزان و ڕۆژانی ڕۆژوو گرتن و گەیشتن بەئازادی خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو بریتیە لە شادییەک کە لەئەنجامی ئەداکردنی ئەرکی بەندایەتی و هیوای بەدەستهێنانی لێخۆشبوونی خواییەوە سەرچاوەی گرتووە،  ئیمە جەژنی ئەوە دەگێڕین کە له قورسایی هەڵە و تاوانەکان ڕزگارمان بووە، نەک تەواوبوونی ڕەمەزان، وەکو عاریفان وەتویانە: " جەژنی ئێمە ئەو ڕوژەیە گوناهی تێدانەکەین وخوا بمان بورێ و لێمان خۆشبێ "

خودا لە ڕۆژانی جەژندا ڕوتێکردنێکی هێندە ئیزافی و ئیحسانی چاوەڕواننەکراوی هەیە، کەلەوانەیە دەڕۆژانی ئاسایی، یان بگرە بە ساڵێکیش پێی نەگەنەوە، سەرجەم خۆشی و خێرو خێراتەکان تەنها بە ڕازیبوونی خوای گەورە بەها بەدەستدەهێنن جەژنیش یەکێکە لە گرینگترین ئامرازەکانی ئەم ڕازیبوونە، وەک بڵێیت کاتی مەزهەرییەتی هەندێک لوتفی ئیلاهی فراوانی وەهایە کە تەمەنێک شیرین دەکەن.

بێگومان مەزهەرییەتێکی لەم جۆرەش بۆ ئەوانەیە کەمافی تەواویان بە ڕەمەزان داوەو، لە جەژنیشدا نەکەوتوونەتە ناو شلبوونەوەو بێباکی و ڕابواردنەوە، کەسانێک کەجەژن تەنها وەک پشوویەک دەبینن، وەک ئەوەی تۆڵەی ئەوەبکەنەوە کە مانگێک لێیان گیراوەتەوە پەلاماری هەموو گەندە خۆراکێک دەدەن و لەگەدەی دەهاوێن، ئەمانە زۆر ئەستەمە سوود لە واریداتە تایبەتەکانی جەژن ببینن، چونکە جەژن دەبێ تەواوکەرو میراتگری ڕەمەزانبێ.

کاتێک سپێدەی جەژن دێت و دەنگی تەکبیر لە منارەی مزگەوتەکانەوە بەرز دەبێتەوەو بۆنی لا هوتییەت هەموو سووچێک دەگرێتەوە، هەست بە شتانێکی ڕازئامێزی وا دەکەین کە جۆشو خرۆش بەهیواکانمان دەدەن، ئەمانە هەڵماندەگرن و بەرەو قوڵاییەکان کێشمان دەکەن و، کۆمەڵێک هەستی مەحرەمی وەها دەچێنن بە گوێی دەروونماندا کە هەرگیز ناوترێن، چونکە هەندێ شت بەزمانی ئاسایی ڕۆژانە هەرگیز گوزارشتیان لێ ناکرێن و دەرنابڕرێن،

بەڵێ، سەداو ئاوازو ئوسڵوبی بانگ و سەڵاو تەکبیرو تەهلیلەکانمان، کە وەک دۆشاوێک لەهەست و بیرەکانمان دەنیشن، مەعبەدەکان بەنەرمی و ناسکی و مانەندی ئەوریشم، بەگەرمی و زیندوویەتییان وەک هێلانەی باڵندەکان، بەردەوام بێگەردیی هەستەکان، ئاسودەیی لاشەکان، دڵنیایی ڕۆح، ئامانجی ژیان، سەرکەشی ژیان، ڕەگ و ڕیشەی مەعنای میللیمان، بناغەی کلتورمان، نەمریی دینەکەمان، مۆسیقای زمانەکەمان، جیهانبینیمان، ئوسڵوب و شێوازمان، دەچێنێت و ڕێگاکانی بوون بە ئینسانی ڕاستەقینەمان پیشان دەدات.

لە جەژندا پێکەوە هەست بە ڕابردوو، داهاتوو ئێستاش دەکەین و دەیچێژین، لەو دەنگە پیرۆزانەی لە مزگەتەکانەوە بەرزدەبنەوە، لەوماڵانەی کە سەردانیان دەکەین، لەو دەستانەی ماچیان دەکەین، وەک ئەوەی سیحرێک بوونی هەبێت و بە دەستلێدانێکی کەمی ئێمە چالاک ببێت، لەپڕێکدا چەندین دەلاقە بەرەو ڕابردوو دەکرێتەوە، کە بەگوێرەی ئاستی خەیاڵی هەر کەسێک نموونەی ژیانەوەی دوای مەرگ، پێشکەش بەهەمووان دەکات،

بەڵێ بەهۆی کەشی گشتی و سەداو گوفتاروهەڵسوکەوتی سیحریی ناو جەژنەکان، ئینسان خۆی وا دێتە بەرچاو، کە سواری باڵۆێنک بووە، کە هێواش هێواش لە زەوی دووردەکەوێتەوەو لە ژێر ئەو ئەفسوونە غەریبەدا کە ڕەمەزان هەڵیدەڕێژت سەرسامان دەژی، جەژنەکان دەنگدانەوەی بە مۆسیقابووی ڕەگ و ڕیشەی موباڕەک و شکۆداری ئێمەن، کاتێک دەروونەکان لە هەیەجان پڕدەبن و ڕۆحەکانیش پێدەگەن، ئیدی جەژن وەک جەشنی شیرینترین شەماڵەکان بە ئاسودەییەوە هەڵەدەکات و دەروونەکانمان باوەشێن دەکات، وەک ئاوریشم دەست بەگیان و لەشماندا دەهێنێت و، وەک بنارەکانی بەهەشت چاومان بەڕووی جوانییەکاندا ئاواڵا دەکات، ئارەزووی بەرزبوونەوەمان لە دڵماندا دەخرۆشێنێت، هاوشێوەی تاڤگەکان تەزوویەکی نەرم و شیرین بەسینەمان دەبەخشێت.

ئێمە ناتوانین تەسەووری سوپرایزە ئیلاهییەکان بکەین، کە ئەمەش لە ئییمتیازی مرۆڤبونمانەوە سەرچاوە دەگرێت، جەژنەکان، ئەم زمانە گۆیایانەن، کە ڕاستی و حەتمییەتی ئەم چاوەڕوانییانە، لە دەلاقە قەدرشناسەکانی دڵەوە بە قوڵاییەکانی ڕۆحماندا دەچێنن،

لە جەژندا واهەستدەکرێ کە ئاسمان بەرەو زەوی دەچەمێتەوەو، زەوی بەرز دەبێتەوە لەگەڵ ئاسماندا ئاوێتە دەبێت، ئیدی ئەم دەنگ ودیمەنانەی کەهەرکەسەو لە قووڵاییەکانی ڕۆح و خولیای خۆیدا بەرەو جیهانێکی جیاواز کێشدەکات، لە سینە باوەڕدارەکاندا جوانییە ئێرەییبزوێنەکانیان، مووچڕکەکانیان، هەیەجانە خرۆشەکانیان، و، نەفەسە ژیانبەخشەکانیان دەنگدەداتەوە.

کاتێکیش نوێژ تەواو دەبێت، گەشتی ئاسمانی بەپایان دەگات و بەشێوەیەکی کاتی ماڵئاوایی لە مزگەوت دەکرێت، ئەم جارە وەک ئەوەی لای خواوە "نزول" بۆ ناو خەڵک بکرێت، هەموان هاوڕێ لەگەڵ قوڵاییەکی جیاوازدا دەگەڕێنەوە ناو خەڵک.. بەوەش بەیەکتردا دەکەن، جەژنە پیرۆزە لەیەکتر دەکەن، ئەم واریداتەی کە لەمزگەوت وەریان گرتووە، ئەم جارەیان پەخشی دەکەن بەسەر کووچەو کۆڵان، دەشت و دەر، ماڵ و شاقام و شوێنە گشتیەکاندا، بەمجۆرە بە گوێرەی فراوانیی دڵ و دابڕانی ڕۆح لەکات، بێسنوری ڕەهایی بەو پارچە سنوردارانەی کات دەبەخشن، کە بەکاتژمێر گوزارشتیان لێ دەکرێت.. وەهەر لەو دونیاوە دەری دەخەن، کە چەند بە قووڵی پەیوەندییان بە ئەبەدییەت و جیهانەکانی ئەودیوەوە هەیە،

جا بۆ ئەوەی موسڵمانان لە منداڵانەوە تا پیران هەست بەم خۆشی و هەیەجانە بکەن و لەڕۆحیاندا ڕەنگبداتەوەو بیچەژن، بێ گومان دەبێ ڕێکخستنێکی باش و وردوو هەستیارانەی بۆ بکرێ، چونکە خۆشی و شادی و کەیف و سەفاو شەوق و زەوقی جەژن زیاتر لەو ڕەهەندەوە سەرچاوە دەگرێت کە بۆ بۆ هەمووان و ئی گشتیان بێ.

لەلایەکی دیکە، جەژنەکانی ئێمە له کەرنەڤاڵ و فیستیڤاڵی میللەتانی تر جیاوازە، هەڵسوکەوتی ئیمانداران تەنانەت لە جەژنیشدا لاموبالاتی، زێدەڕۆیی و ناهاوسەنگی پێوە نابینرێت، ئیمانداران لە هەڵسوکەوتی هاوسەنگانەیاندا، له ڕەفتارە بەویقارەکانیاندا و لە ڕوانینە قووڵەکانیاندا، هەمیشە جددیەیتی بیستنی قورئانیان پێوە دیارە، ئەوەندەی بزانرێ لەسەردەمی حەزرەتی خۆشەویستدا، درودی خوای لەسەربێ، ڕۆژانی جەژن پشوو نەبوەو کارەکان تێدا ڕانەوەستاون، خەڵکی کاری ڕۆژانەی خۆیان هەر کردوە، بە هۆی نوێژی جەژن و وتارەکەیەوە، بەشێوەیەکی جیاواز پێشوازیان لەو ڕۆژە کردوە، پاشان زەردەخەنەیان بەسەر یەکدا بەخشیوەتەوە، دەستگیرۆیی هەژارو نەداریان کردووە، خواردنیان پیشکەش بە خزم و دۆستانیان کردووە، بەڵام بەداخەوە لەم ڕۆژگارەی جەژنەدا زیاتر ڕەنگی نەریتەکانمانی وەرگرتووە، ئەم ڕۆژە پیرۆزە کراوەتە پشوو، گرینگیەکی زیاتر بەسەردانی گۆڕ دەدرێت و کۆمەڵێک شتی تر، کە لەفەلسەفەو ماناو ماهیەتی جەژنەوە دوورن،

ئەسڵ لەجەژندا بریتییە لە چاوەڕێکردن و هیوای لێبووردنی خوایی و، بەخشین و بەجێهێنانی سیلەی ڕەحم و گەردەن ئازایی و خۆشحاڵی دەربڕین و دڵخۆشکردنی یەکتر.

....

* گرینگترین سوننەت و ئادابەکانی جەژن:

- بەژداریکردن بەگوڕو تینەوە، لە تەکبیرات و نوێژی جەژندا

- خۆشۆردن بەر لە دەرچوون بۆ نوێژی جەژن

- خۆڕازاندەوە بەجلی جوان و بۆنی خۆش

- خواردنی چەند دەنکە خورمایێ، پێش ڕۆیشتن بۆ نوێژی جەژن

- ئەگەر بکرێت نوێژ لەگۆڕەپانی "مصلی" بکرێت لەبری مزگەوت

- بەژداری پێکردنی ئافرەتان، بەمەرجی پەیوەست بوون بە باڵاپۆشی و تێکەڵ نەبونیان لەگەڵ پیاوان و، خۆ دوور خستن لەبەکاربردنی زینەو بۆنی خۆش

- خۆپاراستن لە تێکەڵاوی تۆقەو، نەزەری حەرام

- ڕۆیشتن و گەڕانەوە لەنوێژی جەژن، بەپێ

- تەکبیر لێدان لەنێو ماڵ و ڕێگاو بان و کوچەو کوڵان و شەقام و شوێنە گشتیەکاندا

- گۆڕینی ئاڕاستەی ڕۆیشتن و گەڕانەوە لە نوێژی جەژن

- پیرۆزبایی لەیەکترکردن و سەردان و گەردەن ئازادی و دڵخۆشکردنی یەکتری

- وریابوون لەوەی لەم ڕۆژەدا سەرپێچی شەرعی خودا بکرێت، بەڵکو دەبێت جەژن ڕۆژی سوپاسگوزاری و بەرز ڕاگرتنی شەرعی خواو ئەم دروشمە گەورەیە بێ، نەک ئەنجامدانی تاوان و لە بیرکردنی تەوبەو بەڵێنی ڕەمەزان

- خۆ پاراستن لە زۆر خۆری بەتایبەت، لە ماددە غازییەکان و چەرەزات و حەلەویات و شیرنەمەنی زۆر

- زێدە ڕۆیی نەکردن لە ڕازاندنەوەی شتی جەژن و خۆ نمایشکردندا، وە لە بەر چاوگرتنی بارودۆخی هەژاراندا.

لە کۆتاییدا دەڵێم،

جەژن، میهرەجانی شادی و دەرفەتی ئاشتبونەوەو نوێبونەوەیە

جەژن، کەرنەڤاڵی بەخشندەی و پەخشکردنی خۆشەویستیە،

جەژن، دوروشمێکی بەرزی ئیمانی و ئینسانی و کۆمەڵایەتیەو، چنینەوەی خەرمانی خواپەرستیە.