هەندێ کەس هاوشێوەی خۆر تا ئاوا نەبێ هەست بە گەورەیی کەلێن و زامی جودایی ناکرێ، دەرکەوت بە وەغەری جەنابی مامۆستا چ هەورێکی تاریک لەسەر دڵی ئەهلی عیلم و عولەمایان دروست بوو چەند خەفەتبارو پەرۆشی کردن، وەلێ بەقەد بەرزی خۆریش رێزو موحیبەتی ئەو زاتە لە قوڵایی دڵی هەموو ئەوانە بەزیندوویی دەمێنێتەوە، کە ئەگەر بۆ جارێکیش بێت لەکانیاوی زانستی مامۆستا تێنوێتی خۆیان شکاندووە! مامۆستا مەلا عبدالله هەرتەلی یەکێک بوو لەو کەسایەتیە زاناو هەڵکەوتووانەی گەلەکەمان، کە جێدەستی لەخزمەتی ئیسلام و کاروانی زانست و مەیدانی بانگەوازی و پەیڕەوی راستەقینەی رێبازی زانایان دیار بوو، خاوەن بەهرەیەکی گەورەو سەلیقەیەکی ناوازەی تایبەت لە بواری تەئلیف و نووسین بوو، رادەی توانای لێکدانەوەو شرۆڤەو شەرعزانی لەوپەڕی زانايي و دامەزراوی دابوو، خواناس و دیندارو سادەو ساکارو بێ باک بوو لە دونیا، ژیانێکی موتەوازیع و خاوەن لانەو ماڵێکی سادە بە وەسف و بۆن و بەرامەی کتێب و حوجرەو بەرماڵ و سیواک و قەلەم، هاوشێوەی ژیانی ئەو زانایانەی بەرەکەت و بۆن عەتری خواناسی لە دیمەنی دانیشتن و کتێبە لاپەرە زەردەکانیان دەچۆڕێ.. مامۆستای رەحمەتی بەو هەستە پاک و بەرزەی دینداری و گیانی ئیمانی و تەدریس و شەرح و وەرگێران و خزمەتی دەعوەو بانگەوازی، تەواو رۆحی ئیسلامی کردبووە بەر، لە خۆیی و خانەوادەو دەوروبەرو کۆڕو مەجلیس و قسەو رەفتارو شێوەی ژیان و بیرکردنەوەو پابەندی و کردەیی تەواو رەنگی دابوویەوە.. هەمیشە خاوەن هەڵوێستی بەرزو بەجێ بوو، لە دەلاقەی شەریعەت دەیڕوانیە هەنگاوەکان، لە سادەترین شت حیسابی بۆ دین دەکرد، باکی بە لێکدانەوەکانی تر نەبوو، گرنگ بەلای ئەو جێبەجێکردنی فەرمانی خواو پێغەمبەر بوو، لە کوێ پێویست بە هەڵوێست وەرگرتن بووایە بێ ترس دەیکرد، بە جورئەت و عیززەتێکی بەرز رووبەڕووی ئەو کارو تێڕوانینانە دەبوویەوە کە پێچەوانەی شەریعەتن. ئاواتی ئەو زیاتر خزمەتی کۆشش و رێبازی گەورە زانایانی ئیسلام بوو، شارەزاو هەڵکەوتەیەکی دياری فیقهی ئیسلامی و غەوواسی دەریای فیقهی شافعی بوو، بۆیە میراتێکی گەورەی زانستی و رۆشنبیری و فیقهی لەدوای خۆی جێهێشتووە، وەک شانازیەکی گەورەو چرایەکی درەوشاوەو هەمیشە زیندوو لە زاکیرەی ئەهلی دین دەمێنێتەوە. هەر ئەو رێڕەوە گرنگ و کەم وێنەو زانستیەیە وای کردووە، کە مامۆستای رەحمەتی حزورێکی دائیمی لە زیهنی هەمووان هەبێ، لەهەمان کات بەرهەمەکانی وەک سەدەقەی جارییە هاوشێوەی ئەستێرە بەئاسمانی کورد دەدرەوشێنەوەو دەبنە تیشکی نوورین بۆ دڵی دینداران و پەیڕەوکارانی کاروانی زانست و شەریعەت لە ئایندەوە. ئەو زانا هەڵکەوتووە خاوەن مەبدەئو تێڕوانین و رێڕەوێکی دروست و جێگیر بوو، میزاجی و تێکەڵە نەبوو، بڕواو متمانەی بەهێزو هەڵقوڵاوی هەناوی ئادابی زانایان و عاریفان و هەڵوێستی ئیسلام بوو.. لەرووی کۆمەڵایەتی دڵگیرو تێکەڵاو، سادەو قسەخۆش بوو، مەیلی هەمووانی جەزب دەکردو کۆڕو مەجلیسی دەگۆڕی بۆ باس و خواسی دین، بەتایبەت لەناو دڵی مەلایان پێگەو جێگەی دیار بوو، سەردان و مەیدانی زۆر لەگەڵ زانایان هەبوو بەجیاوازی تەمەن و ئاستەوە، لەگەڵ ئەوەش زۆر ئاگای لە واقع بوو.. بەرهەم و نووسینەکانی مامۆستا هەموویان لێک گرنگترو پڕ بایەخن، ئەو دەیزانی عیلمی رەسەن لە کوێیە، بۆیە بژادەی وەرگێڕان و شەرح و تەئلیفەکانی زۆر نایاب و کاریگەرن، کاردانەوەی گەورەشیان دروستکردووەو دەکەن، هەر یەکێ لە بەرهەمەکانی بوونەتە خشتێکی گرنگ و سەرەنجام هەیکەلی مەنهەج و مەزهەبی پێ رازاندۆتەوەو لەدرزو خەشم و شێواوی پاراستوونی. دەتوانم بڵێم بەو رێبازە گەورەو رێڕەوە راستەقینەو میراتە زانستیە، جەنابی مامۆستا لەو حوجرە بێ نازەی هەیبوو شۆڕشێکی گەورەی خزمەتی بەرپا کردو ناوو شۆرەتی گەیشتە ئەوجی بەرزی، ئیخلاس و خزمەت و خامەی رەنگینی بوون بە تاجی شاهانەو سەری مامۆستای رەحمەتیان لەدونیاو قیامەت بەرز کردەوە.. خوای گەورە غەریقی رەحمەتی خۆی بکات و پاداشتی ئەو خزمەتە جوانەی بداتەوە، کە وەک سەرچاوەو خەزێنەی عیلم بۆی بەجێهێشتوین. ............... 9ی4ی2020 |