یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا شێخ مەلا ياسين شێخ فەرخ کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان؛ کارەکانی خولی چل وپێنجەمین شرۆڤەی نامەی عەممان لە شانشینی ئوردەن بەرێوە دەچێت    *****    *****   یەکێتی زانایان لە گەڵ دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عيسا کەونەگوندی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە شاندێکی کریستیانەکانی کوردستان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان  پێشوازی لە بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دەکات    *****    *****   پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان    *****    *****   پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان    *****    *****   پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی 54 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان    *****    *****   ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەرز راگیرا    *****    *****   یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 54 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا طيب أحمد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 16/04/2024 : 12:00:29
قه‌باره‌ی فۆنت
ئیسلام چۆن بایەخ بە پرسی ژینگەو ژینگەپارێزی دەدات..؟

بایه‌خ و گرنگی و په‌یامی ئیسلام سه‌باره‌ت به‌ ژینگه‌‌و ژینگه‌پارێزی داخوازیه‌كی هه‌میشه‌یی‌و به‌رده‌وامی ژیانه‌، چونكه‌ بوونی ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست هێمایه‌ بۆ ژیانێكی له‌بارو ئاسایی، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ناله‌باری‌و ناسه‌قامگیری ژیان و كیان.

ژینگه‌ له‌ ڕووی واتاییه‌وه‌ چه‌مكێكی فراوانه‌‌و زۆر شت هه‌ڵده‌گرێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆرتر باسی لێوه‌ ده‌كرێ‌ ژینگه‌ی سروشتی‌و ژینگه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌، كه‌ دووانه‌ی یه‌كترن‌و شیكارو لێكدانه‌وه‌ی زۆریان هه‌یه‌.

شه‌ریعه‌تی ئیسلام كاركردن‌و گرتنه‌ ئه‌ستۆی ئه‌ركی پارێزگاری ژینگه‌‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌و گه‌شه‌پێدانی، به‌ به‌شێك له‌ ئه‌خلاق‌و ئیمانی مرۆڤه‌وه‌ داده‌نێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژینگه‌ بریتی بێت له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌وروبه‌رمان، ئه‌وه‌ نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی ئایه‌ته‌كانی قوڕئان باسی ژینگه‌ ده‌كات، له‌و روانگه‌وه‌ ژینگه‌پارێزی به‌شێكه‌ له‌ ئیمان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر ئاكارو هه‌نگاوێك یان هه‌ر كه‌سێك زیان به‌ ژینگه‌ بگه‌یه‌نێ‌ ئیسلام ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌‌و ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ش به‌ تێكده‌ر(مفسد) ناو ده‌بات.

ئاینی پیرۆزی ئیسلام به‌ دوو یاسای سه‌ره‌كی تێڕوانینی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ژینگه‌ ده‌رده‌خات كه‌ بریتین:

یه‌كه‌م: پارێزگاری كردن له‌ ژینگه‌ (الحفاظ على البيئة).

دووه‌م: نه‌شێواندن‌و تێك نه‌دانی ژینگه‌ (عدم إفساد البيئة وتخريبها).

ئه‌و دوو هێڵه‌ گشتیه‌ یاسایه‌كی ته‌واوه‌ له‌مه‌ڕ بایه‌خی ئیسلام به‌ ژینگه‌‌و چۆنیه‌تی پاراستنی، له‌و چوارچێوه‌شدا پارێزگاری كردن له‌ ژینگه‌ به‌ ئه‌ركی هه‌ر تاكێك داده‌نێت‌و هانی مرۆڤ ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانی كاری چاكه‌‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌و گه‌شه‌پێدانی ژینگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی جێ نشینبوونی مرۆڤ  له‌ سه‌ر زه‌وی چاودێری كردنی ژینگه‌‌و په‌یامی چاكه‌خوازی‌و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌یه‌تی: (هُوَ أَنشَأَكُم مِّنَ الأَرْضِ وَاسْتَعْمَرَكُمْ فِيهَا) هود:61.

خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا هۆشیاری  ده‌داته‌ مرۆڤ، به‌وه‌ی كه‌ فه‌ساد‌و شێواندنی ژینگه‌ به‌ هه‌موو جۆرێ‌ قه‌ده‌غه‌یه‌‌و ناكرێ‌ ژینگه‌یه‌ك كه‌ خوا بۆ مرۆڤی فه‌راهه‌م كردبێت‌و گونجاو بێ‌ بۆ ژیان‌و پێكانی ئامانج‌و جموجۆڵ‌و چالاكی مرۆیی، به‌ره‌و وێرانی‌و ته‌نگه‌ژه‌ ببرێت. هه‌روه‌ك ده‌فه‌رموێ‌: (وَلاَ تُفْسِدُواْ فِي الأَرْضِ بَعْدَ إِصْلاَحِهَا ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ) اڵاعراف 85. به‌و پێیه‌ ناكرێ‌ مرۆڤ ئاماده‌ی خراپه‌‌و ئاژاوه‌‌و وێرانكردنی ژینگه‌ بێت، چونكه‌ قوڕئان هه‌ڵوێستی خوامان به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه‌‌و ده‌فه‌رموێ‌: (وَلَا تَبْغِ الْفَسَادَ فِي الْأَرْضِ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْمُفْسِدِينَ) القصص 77.

به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت)یش چه‌ندین ده‌ق هه‌ن كه‌ هۆشیاری ژینگه‌پارێزی‌و ئه‌ركی گه‌شه‌پێدان‌و پاراستنی ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر بۆ نمونه‌ پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) نه‌هی كردووه‌ له‌وه‌ی مرۆڤ ڕێگه‌‌و شوێنه‌ گشتیه‌كان، یان ژێر سێبه‌ری دارێك، یان ئاوی وه‌ستاو، یان كون‌و شوێنی مێش‌و مه‌گه‌زو گیانه‌وه‌رانی ناو زه‌وی بشێوێنێ‌ یان پیس بكات به‌هه‌ر شێوه‌یێ‌ له‌ شێوه‌كان.

له‌وه‌ش زیاتر بڕینی دارێكی سوود به‌خش به‌ بێ‌ هۆ به‌ تاوان داده‌نێ‌‌و بگره‌ جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ پێویسته‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ ئه‌م زه‌وی‌و ژینگه‌یه‌ به‌ نه‌مام چاندن ئاوه‌دان بكاته‌وه‌‌و گه‌شه‌ به‌ سه‌وزایی‌و دارستان بدات. وه‌ك له‌و فه‌رمووده‌ هاتووه‌: ( إذا قامت السَّاعة وفى يَد أحَدِكم فَسيلة فإن استَطاع ألاّ تقوم حَتى يغرِسَها فليَغرسها ولَه بذلك خَير). به‌م ئه‌ندازه‌ پێداگیری له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی ژینگه‌ ده‌كاته‌وه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ كاتی نزیك بوونه‌وه‌ی دوا هه‌ناسه‌ی تێكڕای مرۆڤایه‌تی بێت.!

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و گرنگیدانه‌یه‌ ئیسلام چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ دانانی پاداشت فراوانتر ده‌كات، بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كیڵگه‌یه‌ك به‌ كشتوكاڵ یان به‌ نه‌مام چاندنێك ده‌گه‌شێننه‌وه‌، هه‌روه‌ك ده‌فه‌رموێ‌: ( ما مِن مُسلمٍ يَغرسُ غَرساً فيَأكُل مِنهُ إنسانٌ أَو حيوانٌ أَو طائرٌ إلاّ كان لَه بِه أَجْر)، ئه‌و پاداشته‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌وه‌ دێت، چونكه‌ خاوه‌نی كێڵگه‌كه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ ده‌بێته‌ ئامرازێكی خێر‌و چاودێرێكی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه‌ تێی ده‌ژیت.

ته‌نانه‌ت ئاینی پیرۆزی ئیسلام له‌ كاتی جه‌نگ‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سته‌مكارانیش هه‌مان تێڕوانینی بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌ هێچ یاسایه‌كی دونیا له‌ كاتی جه‌نگدا گوێ‌ به‌ ژینگه‌ نادرێت، به‌ڵام ئیسلام ڕێگه‌ نادات له‌ كاتی شه‌ڕو ناخۆشیش دارو ده‌ون ببڕدرێن، یان باڵه‌خانه‌‌و خانوو بڕوخێندرێن، یان شوێنه‌ گشتیه‌ پیرۆزه‌كانی خواپه‌رستی تێك بدرێن، یان ته‌نانه‌ت مناڵ‌و ئافره‌ت‌و به‌ساڵاچوان بكرێنه‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش له‌ وه‌سیه‌ته‌كه‌ی ئیمامی ئه‌بوبه‌كر ده‌ره‌كه‌وێ‌ كه‌ له‌كاتی جه‌نگ‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سته‌مكاران به‌ موسڵمانانی ده‌فه‌رمو: ( أغزوا بإسم الله، لا تَقتلوا وَليداً، وَلا إمرأةً، وَلا شَيخاً مسناً، وَلا تهدِموا بَيتاً وَلا تَقطَعوا شَجرةً)، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئیسلام وورتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌كات، كه‌ ئامرازی گێرشێوێنی ژینگه‌ن‌و به‌ هه‌ڵسوكه‌وتێك یان تاوانێك یان هه‌ر هه‌نگاوێكی تر، باری ده‌رونی كۆمه‌ڵگه‌ ویژدانی مرۆڤایه‌تی ده‌خه‌نه‌ ڕه‌وشێكی ناله‌باره‌وه‌، ئه‌وه‌تا له‌سه‌ر گرتن‌و ئازاردانی ته‌نانه‌ت پشیله‌یه‌ك پێغه‌مبه‌ر(د.خ)ئاماژه‌ به‌ سزای دۆزه‌خ ده‌كات بۆ ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌ی لێ‌ قه‌ده‌غه‌ كردبوو، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ ڕه‌فتاره‌ زیان به‌ ژینگه‌‌و ویژدانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر وه‌ك ده‌فه‌رموێ‌: ( ( دَخلَت امرأة النّار في هِرة_قطة_ حَبستْها لا هي أَطعَمتها وَسَقتها وَلا هي تَركَتها تَأكل مِن خشَّاش الأَرض).

بۆیه‌ پێگه‌ی ژینگه‌ له‌ ڕوانگه‌ی شه‌ریعه‌ته‌وه‌ هه‌ستیارو پڕ بایه‌خه‌‌و ئیسلام هۆشیاریه‌كی ته‌واوی له‌و باره‌وه‌ په‌ره‌ پێداوه‌، به‌ ئه‌ركیشی ده‌زانێ‌ تاكی موسڵمان هه‌ست به‌و به‌رپرسیارێتیه‌ بكات، كه‌ پاراستن‌و گه‌شه‌پێدانی ژینگه‌‌و نه‌شێواندنی به‌شێكه‌ له‌و دینداریه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كات. وه‌ك چۆن پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وای وه‌ك ڕه‌حمه‌تێك بۆ جیهان ناردووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ داوای له‌ مرۆڤایه‌تی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ مرۆڤ ڕه‌حمه‌ت بێ‌‌و  هه‌میشه‌ لاگیری خێرو چاكه‌خوازی‌و كائینێكی سوودمه‌ندیش بێ‌ هه‌م بۆ خۆی‌و هه‌م بۆ ده‌وروبه‌رو هه‌میش بۆ ژینگه‌.

به‌ كورتیه‌كه‌ی ژینگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كه‌وێته‌ خانه‌ی (مافی خه‌ڵك)ه‌وه‌و ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر هه‌ر جۆرێك له‌ جۆره‌كانی وه‌ك: ئاو و خاك و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌رو ڕووه‌ك هتد .. تاوانه‌و كارێكی ناشه‌رعییه‌، خاوێن ڕاگرتنی خاك و پارێزگاریكردن لێی كارێكی واجبه‌و پێویسته‌ هه‌مووان به‌ ته‌واوه‌تی پاك و خاوێنی خاك بپارێزن، كه‌واته‌ فڕێدانی زبڵ و خاشاك له‌ شوێنی نه‌شیاو و فڕێدانی پاشماوه‌و هاوشێوه‌كانی و، سوتاندنی دره‌خت و دارستان، كارێكی حه‌رامه‌و ده‌ستدرێژیكردنه‌ بۆ سه‌ر مافی گشتی.

 

 

مه‌لا عبدالله شێركاوه‌یی

بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایان      

16ی4ی2024