یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی چاکسازی تورکمان دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا أحمدی تاسلوجە کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مزگەوتی موهەندیس هەڵگۆرد لە شاری هەولێر کرایەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا ئیبراهیم سەرسوراوی خۆی و خانەوادەکەی بە روودانی ئۆتۆمبێل گیانیان لەدەستدا، یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی کەس و کاری دەکات    *****    *****   مامۆستا شێخ مەلا ياسين شێخ فەرخ کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە بەشداری نوێنەری یەکێتی زانایان؛ کارەکانی خولی چل وپێنجەمین شرۆڤەی نامەی عەممان لە شانشینی ئوردەن بەرێوە دەچێت   
مەلا عبدالله شێرکاوەیی
به‌رواری دابه‌زاندن: 31/01/2018 : 23:02:01
قه‌باره‌ی فۆنت
عەفرین و سوڕەتی ئەلفەتح

روداوی هێڕش بۆ سەر عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، یەکێکە لەو کردەو هەنگاوە ستەمکاریانە، کە بووە ئەڵقەیەکی تر لە زنجیرەی ئەو ستەم و سەرکوتکاریانەی لە رابردوو بەدەستی تورک بەسەر گەلی کورد هێنراون.

شومە بۆ دەوڵەتێک بەبڕوای خۆی ئیدعای ئیسلام و دیموکراسیەت بکات و لاف و گەزافی خیلافەتی ئیسلامی لێ بدات، کەچی بەو شێوە دڕندانە هێڕش بکاتە سەر هاوڵاتیانی سیڤیلی عەفرین و خاک و خەڵکی بکاتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بێ گوێدانە بەها ئەخلاقی و ئینسانیەکان!

ئەو هێڕشە وەنەبێ بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆرو تێکشاندنی ئیڕهاب و نەهێشتنی ستەمی دەوڵەتی سوریا بێت بەرامبەر رۆڵەکانی! بەڵکو هێڕشە بۆ لەبار بردنی کۆی ئاوات و خەون و هەنگاوەکانی کورد لە پرۆسەی نەتەوەیی و سیاسی ناوچەکە.

 

ئەمە لە کاتێکدا کورد داوای مافی خۆی دەکات نەک پیادەی ستەم و مەترسی بێت بۆ سەر ئارامی وڵاتانی دەوروبەر، بۆیە ئەوەی دەرهەق بە کورد کرا لە رۆژئاوا بە دەستی رژێمی سوریاو دواجار رێککەوتنی چوار لایەنەی نێوان عیراق و تورکیاو ئێران و سوریا بۆ لێدان و خستنی عەفرین و دورخستنەوەی کورد لە گەیشتنی بە ئاواتەکان، وێڕای ئەوەی ستەمێکی گەورەیەو لە ژێر هیچ دەقێکی قورئانی جێی نابێتەوەو پاساو هەڵناگرێ، لەهەمان کات جێی تێڕامان و هەڵوەستەیە لەبەر سێ هۆ:

یەکەم: قوڵبوونەوەی هەستی نەتەوەپەرستی و رەگەزپەرستی ئەو وڵاتانەو دان نەنان بە جگە لە خۆیان و شەرعیەتدان بە قەتڵ و ئیبادەکردن.

دووەم: بەکارهێنانی دین و بڵندگۆی مزگەوت و پیاوانی ئایینی و ناوەندە ئایینیەکان بۆ شەرعیەتدان بەو کردە نامرۆڤانەیە.

سێیەم: بێ هەڵوێستی و دوفاقیەتی ئەوانەی ئیدعای دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ دەکەن! بەتایبەت لە جیهانی ئیسلامیدا.

 

هەڵوەستەکە بۆ ئێمە مانان گەلی کوردی موسڵمان گرنگە، چونکە تورکیای دوای ئەتاتورک هێندەی لەبەرگێکی ئیسلامی خۆی نمایش دەکا، هێندە ناپڕژێتە سەر لاپەڕەکانی سەردەمی عەلمانیەت، کەچی لە ستەمێکی وەک ئۆپەراسیۆنی عەفرین یەکانگیر دەبنەوەو جیاوازیەکی ئەوتۆیان لێ بەدی ناکرێ.

ئەو هەنگاوە ئەوە نیشان دەدات تورکیا دین بۆ بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی بەکار دێنێ، نەک خزمەتی ئیسلام و ئۆمەی ئیسلامی، ئەمەش نەک تەنها پێچەوانەی ویژدان و لۆژیکە، بەڵکو ناچێتە چوارچێوەی دۆخی پاراستنی ئەمنی و ئایندەی دینداری گەلی تورکیاشەوە، لەوە خراپتر نیە بۆ وەها هێڕش و داگیرکاریێک بەرگی ئایینی دەکاتە بەرو دەیشەرعێنێ و دەزگاو پیاوانی ئایینی رادەسپێرێ بۆ خوێندنی سوڕەتی ئەلفەتح لە بڵندگۆی مزگەوتەکان بە مەبەستی پشتگیری و پشتیوانی مەعنەوی بۆ رەوایەتی هێڕشەکەو داگیرکردنی عەفرین و رەشبکوژی و ئاوارەکردنی هەزارەها خەڵکی سنورەکە.

 

تەجرەبەی ئەو بەکارهێنانەی دین بۆ لێدان و لەناوبردنی کورد بۆ ئێمە شتێکی تازە نیە، بەڵكو بەعس بە ناوی ئەنفال و داعش بەناوی جیهادو ئیران بەناوی ئەلفەجرو سەئرولحوسەین دەمێكە تاقیانکردۆتەوەو لەو پەنایەو بەناوی ئیسلامەوە نەهامەتی زۆریان بەسەر هێناین.

کە ئەمە وێڕای ئەوەی پێچەوانەی هەموو بنەماکانی ئیسلام و شەریعەتە، لەهەمان کات هەنگاوێکی مەترسیدارە بۆ عاقیبەتی خۆیان (وَلَا يَحِيقُ الْمَكْرُ السَّيِّئُ إِلَّا بِأَهْلِهِ).

ئەو دوژمکاری و ستەمە بەناوی دین بۆ وڵاتانی ئیسلامی، کە تا ئێستا لێی بێ دەنگن جێی شەرمەزاریەکی گەورەیە، چونکە ئەوەی شارەزای ئەلف و بێی دین بێ، دەزانێ ئیسلام بۆ بیناکردنی ئینسانە نەک لێ سەندنەوەی ژیان.

 

لە ئیسلامدا قەتڵ تاوانێکی یەکجار گەورەیە، تەنانەت لەدیدی شەریعەتەوە روخاندن و تێکدانی کەعبەی پیرۆز کە رووگەو قیبلەی ئۆمەتی ئیسلامە ئاسانترو ئەهوەنترە لە کوشتنی کەسێکی موسڵمان بە ناهەق! وە لەناوبردنی کەسێک بە زوڵم و بێ تاوان وەک ئەوە وایە تەواوی مرۆڤایەتی لەناو ببردرێت!

دەی ئەگەر کارێکی وا بەناوی ئیسلام و سوڕەتی قوڕئانەوە بێت چ کارەساتێکە؟ ئەگەر بەزاندنی سنوورو داگیرکردنی خاک و وێرانکردنی ئاوەدانی و رەشبکوژی و شار بەدەرو ئاوارەکردن بێت چ تاوانێکە؟

 

هەموو ئەوانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات بە تایبەت بەکارهێنانی ئیسلام لەو مەسەلەدا، بۆ شاردنەوەی گەورەیی تاوانەکەو بۆیاغی جوڕمەکەو دروست نەبوونی پەڵەی رەشە بەنێوچاوانی سوڵتان و گەوجاندنی گەلی تورکیاو تەشجیع کردنی هێزو دەزگا ئەمنیەکانە، ئەگەرنا چ رەوای هەقە فرمێسکی تیمساحی بۆ بۆڕماو قودس بڕێژێ، لێرەش قەتڵ و عام بکات و سوڕەتی بۆ بخوێنێ؟! چ رەوای هەقە قورئان بەرز بکاتەوە، کەچی پێچەوانەی ناوەڕۆکەکەی عەمەل بکات! مەگەر کورد مرۆڤ نیە؟ موسڵمان نیە؟

خۆ كێشە شەڕی کوفرو ئیمان نیە، تا ئیسلامی بۆ بەکار بێنی، یاخود بۆ ئەوە نیە داخۆ عەفرینیەکان نوێژ دەکەن یان نا، بەڵکو کێشە تەنها کورد بوون و نەتەوەیی و سیاسیە، قسەی ئێمەش لەسەر زوڵمە کە هەر کەس بیکات هەر تاوانە، ئەو کردەش داگیرکاری و کوشتوبڕە بەناوی ئیسلام و سوڕەتی قوڕئانەوە، لێرەوەیە تورکیا هەڵەی کردووە.

 

ئەو ستەمە گەورە بەو ناوە پیرۆزە لەعەقڵی سیاسەتی تورکیا، زیاتر بۆ گەمارۆی پرۆسەی چالاکیە سیاسیەکان و لاوازکردن و لەباربردنی سەرچاوەی وزەو گۆڕینی جوگرافیای سنوورەکەو تێکشاندنی هەر هەنگاوێکی کوردە، کە ئەگەری بەرەو پێشچوون و گەیشتن بە مافەکانی لێ بکرێت، چ جای هەنگاوێک ئاماژەی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی لێ بەدی بکرێت.

دژایەتی مافی رەوای کورد وەک نەتەوەیەک، کە خوای گەورە بە کوردی دروستی کردووە، لە ئەسڵدا دژایەتیکردنی ویستی خوایە، چونکە هەموو نەتەوەکان لە چوارچێوەی ئیسلام و پەیامی ئاسمانی خاوەنی مافن، چما گەلی کورد لێی حەڕام بێت؟!

 

ئەوەی کراو دەکرێ جێی نیگەرانی و داخە، وەلێ داخی لەوە گەورەتر ئەوەیە وڵاتانی ئیسلامی و ناوەندو مەرجەعە ئایینیەکان تا ئێستاش ئیدانەی ئەو هەنگاوە ستەمکاریەیان نەکردووەو لە ئاستی ئەو تاوانە بێ هەڵوێستن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەر لێ گەڕێ.!